پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

بەهێزی لە بەرامبەر قسەی خەڵكدا

بەكر كەریم حەسەن
(ولیەم شكسپیر) شاعیر و نوسەری ئینگلیزی دەڵێ “ژیانێك كە مێشكت سەركردایەتیی بكات زۆر باشترە، لە ژیانێك كە قسەی خەڵك سەركردایەتیی بكات”.
قسەی خەڵك زۆرینەیە لەم ژیانەدا و قسە لەسەر هەموو شتێك دەكەن، هەیە سوودبەخشە و هەیە زیانی هەیە و، هیچ سوود و قازانجێك نابەخشێ جگە لە ئازار و سەرئێشە و ناو و ناتۆرە و دووڕوویی و ئیرەیی‌پێبردن و ناوزڕاندن و تا دوایی كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ كاریگەریی نەرێنی و خراپ لەسەر كەسایەتی و ناو و ناوبەنگی كەسەكان دروست دەكات، زۆر جاران بۆتە هۆی ئەوەی نائومێدیی كەسی قسەلەسەركراو و دابڕاندنی لە كۆمەڵگە و قێزەوەنی لە کەسەکان، ڕەنگە لێرەولەوێ كێشەوگرفتی گەورەی لێ دروست بووبێ، كاتێكیش لە بنج و بنەوانی قسەكان دەكۆڵیەوە تەنها قسەن لەلایەن كەسانی قین‌لەدڵ و دۆڕاو و داڕووخاو و بێدەسەڵات كراون كە مەبەستیان ژیانی ئەو كەسانە تاڵ و ناخۆش بكەن كە لەوان سەركەوتووترن لە هەموو ڕوویەكەوە، ناگەن پێیان لە هیچ دیتن و رووبەڕووبوونەوەیەكیشدا ئەو بوێری و ئازایەتیەیان نییە چاو بترووكێنن بەرامبەریان.
بێگومان لە بیرمان نەچێت هەموو كەسێك لە خۆیەوە بە چاوی هەڵسوكەوت و ڕەوشتی خۆی سەیری كەسەكانی تر دەكات و هەرگیز نابێ چاوەڕێی دووڕوو و قین‌لەدڵێك بین ستایشی كەسەكانی تر بكات و كە خۆی پۆخل و پاتاڵ بێت بە پاكی و بێگەردی وەسفی كەسەكانی تر بكات. بۆیە گرنگە بە هیچ جۆرێك قسە و قسەلۆكی خەڵكانی تر نابێت كاریگەری خراپ دروست بكات و هەردەم نەچینە ژێر باری ئەو قسە بێمانا و سووكانەی كە لە هەندێ كەسی بۆگەنەوە گوێبیست دەبین كە لەسەر كەسانی تر قسە دەكەن، گرنگە قسەكان بخرێتە ژێر پیڵاوەكان تا بەرزتر دەربكەوێ نەك بیری لێ بكرێتەوە وەكو پارچەیەك لە تاشەبەرد لەسەر پشتمان دابنێین و ئەوكات ناتوانرێ ڕاست بوەستین، بۆیە پێویستە هەردەم بەهێز بین ئەوپەڕی متمانە و بڕوامان بە خۆمان هەبێت و ئەو قسانەی لە پشتەوە دەكرێن ئەو كەسانەن كە لە پشتەوە بەجێ ماون و ناگەن و ژەهرە بۆگەنەكانیشیان نابێ كاریگەرییان هەبێت.
دەگێڕنەوە ” پیاوێكی بەتەمەن لە ناو گوندێكدا بەردەوام قسەی لە سەر خەڵكی دەكرد و شتی بۆ هەڵدەبەستان، ڕۆژێكیان وتی دراوسێكەی كە كوڕێكی گەنجە خەریكی دزیكردنە، چونكە شەوان درەنگ لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و تا بەرەبەیان ناگەڕێتەوە. ئەو دەنگۆیە بە خێرایی لە ناو گوندەكە بڵاو بوویەوە لە ئەنجامدا كوڕەكە دەستگیر كرا؛ دوای چەند ڕۆژێك لێكۆلینەوە سەلمێندرا كە گەنجەكە بێتاوانە ئەو بە شەودا كاری پاسەوانی دەكرد بۆیە شەوان لە ماڵ نییە، گەنجەكە لە دادگا بێتاوان دەرچوو، بەڵام خەڵكی هەر بە چاوێكی ترەوە سەیریان دەكرد و پێیان وا بوو كە بەڕاستی دزە، بۆیە كوڕەكە زۆر دڵتەنگ بوو سكاڵای بردە لای دادوەر. دادوەر ویستی هەم ناوی كوڕەكە پاك بكاتەوە، هەم وانەیەك بە پیاوە بەتەمەنەكە بدات. هەربۆیە هەردووكیانی بانگ كرد بۆ دادگا و بە پیاوە بەتەمەنەكەی گوت تۆ تاوانباریت و دەبێت سزا بدرێت. پیاوەكەش گوتی من تەنها چەند قسەیەكم كردووە و ئێستا دەركەوتووە كەوا ڕاست نین و تەواو؛ ئیتر بۆ سزام دەدەیت جەنابی دادوەر؟ دادوەر بە پیاوەكەی گوت دەمەوێت هەرچیت بەرامبەر ئەو گەنجە گوتووە هەمووی بخەیتە سەر كاغەزێك و دواتر كاغەزەكە پارچەپارچە بكەیت و بە درێژای ڕێگاكە فڕێی بدە و ڕۆژی دواتر لە دادگا بڕیاری سزاكە دەردەچێت، پیاوە بەتەمەنەكە هەموو قسەكانی نووسی و كاغەزەكەی پارچە پارچە كرد و بە رێگاكە دا بڵاوی كردەوە بۆ ڕۆژی دواتر گەڕایەوە دادگا و دادوەرەكە پێ گوت دەمەوێت بچیت ئەو پارچە كاغەزانە هەڵبگریتەوە كە دوێنی فڕێتداوە، پیاوە بەتەمەنەكەش گوتی دادوەری بەرێز ئەو شتێكی ئەستەمە و مەحاڵە. ئێستا هەمووی بە شاردا بڵاو بوونەتەوە و كۆ ناكرێتەوە، دادوەریش لە وەڵامدا گوتی ڕاست دەكەیت بە شاردا بڵاو بوونەتەوە و كۆ ناكرێتەوە. ئەو كارەی كە تۆ كردووتە وەكو ئەو پارچە كاغەزانە وایە كە فڕێت داون و ئێستا كۆ ناكرێتەوە؛ تۆ بوویتە هۆی ناشیرینكردنی كەسایەتیی ئەو كوڕە گەنجە و ناو زڕاندنی و ئێستاش ناتوانیت چاكی بكەیتەوە. ئێستا زانیت بۆ تاوانباریت؟ پیرەمێردەكە دركی بە هەڵەكەی كرد و داوای لێبوردنی لە گەنجە كرد و دانی بە هەڵەكەیدا نا. لە بەرامبەریشدا دادوەرەكە سزای پێویستی پێرەمێردەكەی دا و لە بەرامبەر ناوزڕاندن و ناشیرینكردنی كەسایەتیی گەنجە بێتاوانەكە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی