گەڕانەوە بۆ سەردەمی قالوو بەلا
حەمەسەعید حەسەن
(عیشقی سۆفییانە، نیعمەتێکی خودایییە، بەبێ ئەو عیشقە، نە لە قورئان تێدەگەین و نە لە ئیمان.) سۆفییەکان وای بۆ دەچوون، ئەو ئەزموونی عیشقە، دەستکردی خۆیان نییە، خوایییە، ئەوە نییە لە قورئاندا هاتووە: (خۆشی دەوێن و خۆشیان دەوێت؟ مائیدە ٥٤) تەنانەت خۆشەویستیی خوا بۆ عەبدی خۆی، پێش خۆشەویستیی ئینسان بۆ خوا کەوتووە. کە خوا، عەبدی خۆی خۆش بوێت، عەبد چۆن دەتوانێت ئەو دەستپێشخەرییەی خوا ڕەت بکاتەوە؟ هەجوەیری لە (کەشفی مەحجووب)دا گوتوویەتی: (خۆشەویستی دیارییەکی خودایییە، خۆمان ناتوانین بە دەستی بهێنین.) مەولانایش پێی وایە: ئەگەر مەعشووق بڕیاری لەسەر نەدابێت، عاشق قەت بە بەیەکبوون ناگات.
لەو دەشتە بووم
لەناکاو بارانی ئەڤین
بەخوڕ دایکرد،
زەوی بە تەواوی تەڕبوو
وەکوو چۆن قاچ
لەنێو گوڵزاردا دەچەقێ
منیش ئاوا
لە مێرگی ئەڤیندا چەقیم
بایەزیدی بەستامی
وەختی عاریف
وەک ڕۆژێکی بەهار وایە
لە ئەم لاوە برووسکەیە
لە ئەو لاوە وژەی بایە
مەلان ستران دەبێژن و
یەک یەک خونچەکان دەپشکوێن
چاوان فرمێسک دەڕێژن و
دەم و لێوان بە خەندە دەگەشێنەوە
عاشقی دڵ پڕ لە جۆشیش
بەدەم زیکری
ناوی پیرۆزی یارەوە
سەر با دەدا
شەبلی
وەک باڵندە چۆن ئێواران
بە عیشقەوە
بۆ هێلین دەگەڕێتەوە
منیش ئاوا
شێت و شەیدای خۆرنشینم
غەزالی
ئەڤین سەدان باڵی هەیە
هەر باڵێکی
لە عەرشی بڵندی خواوە
دەگاتە قووڵاییی زەوی
مەولانا
چیرۆکی/ ئەوینی
نێوانی/ من و ئەو
ناگاتە/ کۆتایی
نە دەسپێک/ شک دەبا
نە دوایی
حافیز
ئەوانە نموونەی شیعری سۆفییانەن کە باسی خۆشەویستی دەکەن. سۆفی بەهۆی نووری مەعریفەت و یەقینەوە لە خۆشەویستی تێدەگات، ئەو نوورە وەک شووشەی چاویلکە وایە، بەرچاوی سۆفی ڕۆشن دەکاتەوە. خۆشەویستی بەلای سۆفییانەوە هێندە گرنگە، ئەوی دەرکی پێ نەکات، بە (ئاژەڵی سەرلێشێواو)ی دەزانن، (١٧٩ ئەعراف) ئاخر تەنانەت ئاژەڵیش ئەگەر سەری لێ نەشێوابێت، کەم و زۆر هەست بە خۆشەویستی دەکات. عەتتار پێی وابووە، کەر کەسێکە دەرگای دڵی بە ڕووی خۆشەویستیدا داخرابێت.
خۆشەویستی تاقە ڕێگەیە بۆ کەویکردنی ئارەزووە نزمەکان و تەنیا بەهۆی ئەڤینەوە، شەیتانی نەفس وەک فریشتەی لێ دێت. ئینسان تا نەبێت بە بەشێک لە خۆشەویستی، ڕێی بەرەو خوا نادۆزێتەوە و ئەوە ڕێگەی ئەڤینە بەرەو ئامانجمان دەبات، کە فەنابوونە لە خوادا و دابینکردنی بەقایە. سۆفی لە ڕێی ئەڤینەوە، لە خوا نزیک دەبێتەوە و بە یەقین دەگات، ئەوسا هەمان چارەنووسی پەپوولەی دەبێت کە دەزانێت، ئاگر قووتی دەدات، کەچی بە عیشقەوە، بەرەو لای دەفڕێت، ئاخر فەنابوون لەنێو عیشقی خوادا، هیچ نییە لە غەیری گەشتێک بەولاوە، لە هەبوونەوە بۆ عەدەم و تا بە عەدەمیش نەگەین، بە بەقا شاد نابین. سۆفی بڕوای بە دۆناودۆن نییە، کە گەڕانەوەی ڕۆحە لە دوای مەرگ، لەناو جەستەیەکی دیکەدا.
فەنابوون لە خوادا، نە بزربوونێکی جەستەیییە، نە نیرڤانایە، نە کارما. نیرڤانا جیابوونەوەیە لە دەوروبەر و لە کێشە و ناخۆشییەکانی، هەستکردنە بە ئاسوودەیی، ڕزگاربوونە لە خەم و نیگەرانی، بوودایی دوای ڕامانی قووڵ پێی دەگات. نیرڤانا ئاشتەواییی تەواوە لەگەڵ ڕۆحدا و دەربازبوونە لە ڕق و چاوچنۆکی. کەسێک بە نیرڤانا دەگات، نە ئازاری هیچ زیندەوەرێکی دابێت، نە درۆی کردبێت، نە دزی و نە ئالوودەی سێکس یان مەی بووبێت. کارمایش کە هیندۆس، بوودایی و تاوی بڕوایان پێیەتی، ئەوەیە داهاتووی ئینسان بە کردەوەکانییەوە بەندە، ئەوی نیازی پاک و کاری چاک بێت، ئایندەی گەش دەبێت. ئینسان چی بچێنێت، ئەوە دەدوورێتەوە، یان خەڵات دەکرێت، یان سزا دەدرێت.
فەنابوونی سۆفییانە ئەوەیە، لە هەر چی سیفەتی خراپی ئینسان هەیە، ڕزگارمان دەبێت و بە سیفەتگەلی خوایی شاد دەبین. کە ئینسان دوای جیهادێکی ڕۆحیی درێژخایەن، بوو بە خاوەنی سیفەتگەلی خوایی، ئیدی نووری خوا دەورەی ڕۆحی دەدات. (گوتم گوناهم چییە؟ گوتیان بوونت گەورەترین گوناهە.) لە کاتی فەنابووندا، ئینسان دەگەڕێتەوە بۆ سەروەختی پێش خوڵقاندنی ئینسان، بۆ یەکەمین پەیماننامە، بۆ قالوو بەلا، بۆ ئەو وەختەی کە تەنیا هەر خالیق هەبوو، هێشتا مەخلووق پەیدا نەبووبوو. بە چی لە خوادا فەنا دەبین؟ بەوەی هیج کام لە سیفەتە خراپەکانی مەخلووقمان تێدا نامێنێت و دەبینە خاوەنی سیفەتەکانی خالیق. فەنابوون شتێک نییە، بە دەست عەبد بێت، کاری خوایە و ئەوی بە فەنابوون بگات، ئیدی ناگەڕێتەوە بۆ پێش فەنابوون. مەولانا، فەنابوون وەک کاری خوا، وەها شرۆڤە دەکات: (ئەو مرد،) وەک ڕێزمان، ئەو: بکەرە، بەڵام بکەری ڕاستەقینە خوایە.