بە درێژایی ئەزموونەكانی شیعری كوردی و بە پێی قۆناغەكان، واتای شیعری دەگۆڕێت، وەلێ ئەوەی دەمێنێتەوە واتای تەواوە. بەو مانایەی كاتێك شیعرێك دەخوێنینەوە، هەست دەكەین واتا وەك ئاماژەیەكی دیار یاخود نادیاری زمانەوانی، هاوشێوەی هێلێكی درامی درێژ دەبێتەوە لە سەرەتاوە تا بە خاڵی كۆتایی دەگات. بێگومان ئەمەش پەیوەستە بەو پەیوەندییە بابەتی و ئۆرگانیكیەی لە زماندا هەیە، چونكە هەموو داڕشتنێك و بیناكردنێك لە زمان، تەواو نابێت ئەگەر وشە ڕستە و ڕستەش دواجار دەق تەواو نەكات. مەرج نییە كۆی دەقێك وەك یەكەیەكی زمانەوانی و بابەتی بە سەریەكەوە واتا بگەیەنێت، بەڵام كاتێ هەمان ئەو دەقە هەڵدەوەشێنینەوە، وێنە و دەربڕینەكان لە یەكتری جیا دەكەینەوە، دەبێ مانای سەربەخۆ بگەیەنن. زمان مانا و گەیاندنە، ئەگەر زمانیش لەو ئەركە بنچینەیەی خۆی بەدەر بێت، كەواتە ئێمە لە بەردەم دەقێك و نووسینێك، یاخود دەربڕینێك نین، دەرەنجام مانایەك بە دەستەوە بدات. لە شیعری نوێدا، مانا چەمكێكی ئاڵۆز و فرە واتایە، تۆپۆگرافیای شیعری نوێ، جیاواز لە تۆپۆگرافیای شیعری كلاسیك، كە كێش و سەروا و هاوسەروای هەیە، لە سەر یەك ڕیتمی دارشتن و خوێنەوە بینا نەكراوە، بەڵكو وێنەكان هەندێك جار دیار و ڕاستەوخۆن، هەندێك جاری دیكەش نادیار و پێویست دەكات خوێنەر بە قووڵایی دەقەكە ڕۆبچێت. لێرەوەش گرنگ نییە زمان سادەیە یا ئاڵۆز، هەڵگری ڕەگەزێكی ساكارە، یان تەمومژاویی و سیمبول ئامێز، بەڵكو ئەوەی لە شیعردا دەبێ هەبێت مانای شیعرییە. بێگومان لە شیعردا، زمان هەر تەنها چێژ و وێنە نییە، بەڵكو ماناشە، بۆیە ئەگەر شاعیر ورد نەبێت، ئەستەمە ئەو هەموو ڕەگەزانە بە یەكەوە لە ڕووبەرێكی كورتی شیعریی و زمانێكی چەند وشەیی شیعریدا، كۆ بكرێنەوە و فەزای هونەرییانەی شیعرێكی جوان پێك بهێنن. شیعر لەو ژانڕانەیە، كە پەیڕە و لە هیچ ڕێسایەكی زمانەوانی و خاڵبەندی ناكات و زمان لە شیعردا، سەربەستییەكی تەواوی هەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، ئیدی ئەو سەربەستییەی زمان، دواجار بێ هیچ هونەركاریی و داڕشتنێكی ڕێزمانییانەی زمان لە شیعردا بەرجەستە بكرێت. شیعر و هەموو ژانڕە ئەدەبییەكان، بەرلەوەی تێكستێكی واتایی و هەڵگڕیی دەلالەتی مانایی بن، لە بنەڕەتدا پێكهاتەیەكی زمانەوانین و لە وشە و ڕستە و بنەما زمانەوانییەكان پێكهاتوون، كە دواجار دەبێ پەیوەندییەكی بابەتی و زمانەوانییان بە یەكەوە هەبێت. بەشێكی زۆر لەوانەی شیعر دەنووسن، لە پەراوێزی ئەو دیدگایە بۆ زمانی شیعری، دەكەونە هەڵەی زەقەوە بینای هونەری دەقی شیعری تێكدەدەن و خوێنەر گومان دەكات ئەوانە هەر لە بنەڕەتدا شارەزایەكی ئەوتۆیان لە زمان لە ڕووی ڕێزمانییەوە هەبێت. هەندێك جار، شاعیرانی زۆر ناسراو، هەڵەی زمانەوانی وا لە شیعر دەكەن، كە جێگەی پرسیارە كەسێك ئەزموونێكی درێژی لەگەڵ شیعر هەبێت، كەچی زمانی شیعرەكانی بەو شێوەیە بێت. بۆ نموونە (ناسری حیسامی) لە شیعرێكدا (1) دەڵێت:_
لە سەر ئەو ڕێیە وەستاوم كە تۆ ڕۆیی
نە دڵ ماوە نە من ماوم كە تۆ ڕۆیی
تۆ، لەو ڕستەیەدا جێناوی كەسی دووەمی تاكە، ڕۆیی كە فەرمانی ڕابردووی نزیكە، بۆ كەسی سێیەمی تاك دەگەڕێتەوە، چونكە جێناوی (ی) بۆ تۆ ناگەڕێتەوە، كەواتا شاعیر لە بری ئەوەی (كە تۆ ڕۆیی ) بنووسێت و بكەوێتە ئەو هەڵە زەقە زمانەوانی ڕێزمانییە،دەبوو بنووسێت (كە ڕۆیشتی) واتا پێویستمان بە جێناوی لكاوی كەسی دووەمی تاك هەیە. وێرای ئەوەی لە ڕووی فۆڕمی شیعرییەوە، شیعرەكەی لەنگ كردووە، لە ناوەڕۆكیشەوە بە هۆی ئەو هەڵە زمانەوانییەوە، ماناكەی بە باشی نەگەیاندووە. زمانی كوردی لە زمانە ورد و دەوڵەمەندەكانە، بۆ هەر بارێك، گوزارشت و ئاخافتنێكی تایبەتی هەیە، بۆ نموونە (دانیشتم، دانیشت، دانیشتی) بەو شێوەیە كردارەكە لە ڕێگەی جێناوی لكاوەوە دەدرێنە پاڵ بكەرەكە و دواتریش مەبەستەكە كە كێیە دانیشتووە دەگات . كە تۆ ڕۆیی هەڵەیە، كە تۆ ڕۆیشتی دروستە. وێرای ئەمەش دەكرا لەو دوو دێڕە شیعرەدا، جێناوی (تۆ) ی سەربەخۆ نەبێت و تەنها لە ڕێگەی جێناوی لكاو بۆ كەسی دووەمی تاك، مەبەستەكە بگات، بەو شێوەیە:
لەسەر ئەو ڕێیە وەستاوم كە ڕۆیشتی
نە دڵ ماوە نە من ماوم كە ڕۆیشتی
بەم شێوەیە دروستترە، نەك بەو شێوەیەی كە حیسامی نووسیویەتی. هەر لەبارەی هەڵەی زمان لە ڕووی ڕێزمانییەوە، ئاماژە بە بە ناو شیعرێكی (عێزەدین زەكیزادە) دەكەین (2) كە دەڵێت:_
لێرەم . لە نازانم كوێی ڕێگاكە
هەر بە خوێنەوەیەكی ڕاگوزەرانە، تێدەگەین كە زمان چ لەنگییەكی لە ڕووی نووسینەوە پێوە دیارە. لە نازانم، هیچ مانایەكی هەیە؟ سەرەتا ڕستە شیعرییەكە، بە ئاماژەكردن بۆ شوێنێكی نادیار دەست پێ دەكات كە ئەو لەوێیە، دواتر دەڵێت لە نازانم كوێی ڕێگاكە؟ (لە) ئامرازی پەیوەندییە، لە بری ئەوەی شاعیر لە نێوان وشەی نازانم و كوێی ڕیگاكە دایبنێت، كە لە بنەڕەتدا ئەمە ئەركی ئامرازی پەیوەندییە، بە پێچەوانەوە خستوویەتییە دوای وشەی لێرەم، كە پێویستی بە بەستنەوە نییە، چونكە خۆی واتاكە دەگەیەنێت، واتا (لێرەم، نازانم لە كوێی ڕێگاكە؟)، پێویستی بە ئامرازی پەیوەندییە لەو شوێنەدا، بۆ ئەوەی بەستنەوە لە نێوان بكەر و شوێن هەبێت. كەچی ئەو ئامرازەكەی لە شوێنێكی ڕستەكە داناوە، كە هیچ ڕۆڵێكی زمانەوانی، بە مەبەستی تەواوكردنی واتای شیعریی نییە و بگرە شیعرەكەشی تێكداوە. (لازۆ ئازاد)یش لە شیعرێكدا (3) دەڵێت:_
هەڵمی هەناسەی دوو دڵدار
لە ناو تۆفانی خەوتوودا دەچێت بۆ كوێ؟
هەناسەكە هی دوو دڵدارە، واتا هەی دووكەس، كەچی كار تاكە، بۆیە دەچێت بۆ كوێ هەڵەیە، بەڵكو دەچن ڕاستە، چونكە هەڵمەكە هی دووكەسە وێرای ئەمەش، لە زمانی كوردیدا ڕێسایەكی جێگێری ڕێزمانی هەیە كە دەبێ كار بكەوێتە كۆتایی ڕستە، كەچی لازۆ، بە درێژایی ئەو شیعرەی، كاری خستۆتە ناوەڕاستی وشە و دەبوو بنووسێت (بۆ كوێ دەچن). ئەگەر مەبەستی شاعیر ئەوەش بێت كە هەڵمی هەناسەكان تێكەڵببوون، ئەوا بێگومان هەناسەكان تێكەڵ نابن. هاوڕێم كاك موتەلیب عەبدوڵا (4)، كە بێگومان لێكۆلەڕێكی دیار و سەنگینە، لە خوێنەوەی بۆ ئەو شیعرە، تێبینی ئەم لایەنە زمانەوانییانەی نەكردووە، ڕەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە شیعر ئازادە و پەیڕەو لە ڕێسا ڕێزمانییەكان ناكات، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا سەربەستی شیعریش بە مانای ئەوە دێت، كە بونیادی زمانەوانی و ڕێزمانی زمانی نەتەوە تێكبدات ؟!
پەراوێزەكان:
1_ فڕینی دوور، كۆمەڵە شیعر، ناسری حیسامی، ل 121.
2_ سوێرە ڕێ، شیعر، عیزەددین زەكی زادە، ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4164) لە 2/10/2024.
3_ ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1411) لە 29/10/2024.
4_ ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1411) لە 29/10/2024.
تێبینی/ مەبەستی ئێمە لەو ناونیشانە، هەموو شاعیرێك نییە تەنها ئەوانەی بەو شێوەیە دەنووسن،