نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتی لە سلێمانی، ھەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان کۆبووەوە

لە بەردەوامیی بەرنامەکەیدا بۆ بەسەرکردنەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٤/٩/٢٤ لە شاری سلێمانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ بەرپرس و ستافی مەکتەبەکانی ڕێکخستن، لقەکان، ئۆرگان و ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئامادەی بوون، وێڕای خستنەڕووی ئەرکی ڕێکخستنەکانی پارتی و ھەڵسەنگاندنی کارەکانیان، باس لە ڕۆڵی پارتی و کادیرانی لە سنووری ئەو ناوچانە کرا. 

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون. تیایدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئەرکی ڕێکخستنەکان و جەماوەری پارتییە بە ھەموو شێوەیەک کار بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بە ڕێکوپێکی بکەن، ھەروەھا جەختی لە پابەندیی ھەموو لایەک بە بانگەشەیەکی ئارامەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا، کردەوە.

 لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان بە خستنەڕووی سەرنج و پێشنیارەکانیان سەبارەت بە پرس و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەوە، بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد.

ھەواڵی زیاتر