گوندى گڕاو ..بە گوژمەی زیاتر لە ( 800 ملیۆن دینار ) بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى گوندى گڕاو دانرا

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.9.24، لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانەکانى پڕۆژەکانى پەرەپێدانی پارێزگاى هەولێر، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسى لقى24ى سەفینى پارتى و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و حامد ئیسماعیل، قائیمقامى قەزایی پیرمام و مەریوان هادى، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى حزبى و حکومى ناوچەکە، لە ڕێوڕەسمێک بە گوژمەى ( 863 ملیۆنو 680 هەزار دینار) بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى گوندى گڕاوى سنوورى قەزایی پیرمام دانرا.

لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جەختى لەوەکردەوە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویست دەکات ئاوڕى زیاتریان لێبدرێتەوە و دەستى خزمەتگوزارى و ئاوەدانیان پێبگات بەردەوامە، لە سنوورى قەزایی پیرمامیش بە خۆشحاڵییەوە ئێستا پڕۆژەکان دەستى پێکردووە و بەشێکى تریش دەستیپێدەکات، بە هیواى ئەوەى ئەنجامدانى ئەو پڕۆژانە ببێتە مایەى ڕەزامەندیى دانیشتوانى ئه‌و سنووره‌ کە شایەنى خزمەتکردنى زیاترن.

گوتیشى، “دڵنیایی بە هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ده‌ده‌ین، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرجەم پڕۆژەکان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لە نێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکرێن، پشتیوان بەخودا بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست ئه‌وه‌ى پێویست بکات بۆ خزمەتکردنى هاوڵاتییان درێغى لێناکەین”.

جێگەى باسە، پڕۆژەى دروستکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى گوندى گڕاو پێکهاتووە لە، کۆنکریتکردنى شەقامى ناوخۆیى بە درێژى ( 3400 ) مەتر دووجا و نۆژەنکردنەوەى تۆڕى ئاوى گوند.

ھەواڵی زیاتر