هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

تەعمیر و تەدمیر

شێرکۆ حەبیب

دوو وشەی عەرەبی یەکەمیان بەمانای (نۆژەنکرنەوە یا ئاوەدانکرنەوە) و وشەی دووەم مانای ( وێرانکاری و کاولکردن)، هەردوو وشە لە پێنچ پیت پێکهاتوون واتە لە ژمارەی پیتەکان یەکسانن، وتەنها وشەی عەین و دال جیاوازە، بەڵام لە ماناو کردار وەک زەوی و ئاسمان جیاوازیان هەیە، هەڵبەتە وشەی یەکەم بە هەموو کەس ناکرێت، وەک لە کوردەواری دەڵێن پیاوی خۆی دەوێت، و مانای پێشکەوتن و خزمەتگو اری و گوزەرانی باشی ژیان، بەڵام وشەی دووەم بە هەموو کەس دەکرێت، بەڵام هەموو کەس نایکات.
لێرەدا مەبەستم کەسانێک و چەند لایەنێکە لەبەر ئەوەی ناتوانن کرداری ئاوەدانکاری و خزمەتگوزاری و خۆشگوزاری ئەنجام بدەن بە چاوێکی دوور لە راستی و کوێرانە و دوژمنانە دەڕواننە ئەمرۆی کوردستان، و بەبێ ویژدان و بنەما هێرش دەکەنە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و لە کابینەکەش تەنها سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیان مەبەستە، ساتێک کابینەیە چەند لایەنێک بەشداری تێدا دەکەن، ئەگەر کابینەکە هیچی کار و چالاکی نەکردووە بۆ وەزیرەکانی خۆتان نەکشاندەوە؟ چونکە ئیستا دەرکەوت کە کاروچالاکییەکان بەبێ ئەوانیش ئەنجام دەدرێن، باوەر بکەن ئێوە بەهێرشکردنە سەر بەرێز مەسرور بارزانی هیچ دەسکەوتتان نابێت تەنیا زیاتر خۆشەویستی و ڕێزگرتنی جەماوەری کوردستان نەبێت بۆ سەرۆکی حکوومەت، چونکە بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە حکوومەت و خودی سەرۆک وەزیران چ خزمەتێکی پێشکەش کردووە، سەدان پرۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری جێ بەجێ کردووە، ئەوە مانای ئەوە نییە منەتێک بێت لەسەر هاووڵاتیان بەڵکو ئەرکی حکوومەتە خزمەتکردنی گەل و نیشتمان، و ئەوەش مانای ئەوە نییە کەوا کابینەکانی پێشوو کاریان نەکردووە، بەڵام بارودۆخی کابینەی نۆ جیاواز ترە بەهۆکاری پێشهاتەکانی ناوخۆ و عێراق و هەرێمی و جیهانی لەوماوەیە کە راستەو خۆ کاریگەریان لەسەر ئەدا و ئەرکی حکوومەت هەبوو، بەڵام سەرۆکوەزیران توانی وەک چیایەکی بڵند و بەتین و کەسێکی بە ئەزموونی باوەر بەخۆ بوو وەڵامی نەیاران بداتەوە، و هەزاران ئەوەندە دۆست و پاڵپشتی لێبکەن و وەڵامی ناحەزانی بە کردەوە و کارکردن دایەوە.هەڵبەتە هێرشکردنە سەری، سەرچاوە لەو وەردەگرێت گەندەڵی و فرە کێخوایی تا رادەیەک بنبڕ کرد، کە ئەمەش بەرژەوەندی تاکەسی زۆرانی لەبار برد.
ئەگەر بە ویژدان و خواناسی روو لە کارە خزمەتگوزاریەکان و ئاوەدانی و سەقامگیری و هێوری و ئاسایش بکەین، دەبینین کوردستان لە چ ئاستێکی بەرزە، لەسەر ئاستی هەموو بوارەکان، ئەوە بواری پەروەردە رێژەی نەخوێندەواری بۆ ١٦٪ دابەزیوە کە پێشتر ٢٤٪ بوو، ئەمەش بە هەوڵ و رێنمای سەرۆک وەزیران و دڵسۆزی وەزارەتی پەروەردە و دامو دەزگاکانی پەروەردە، بەهەمان شێوە لە بواری شارەوانی و گەشت و گوزار کە هەر لەوەزات و سەرجەم دام و دەزگاکانی وەزارت شەو نخونیان کردووە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان، بە هەمان شێوە وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم لایەنەکانی تر پارێزگاری هەولێر و دهۆک کە سیمای شارەکانیان بەشێوازێکی شارستانی بەرەو پێش بردووە، نەک هەر هەولێر و دهۆک بەڵکو بایەخدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم کوردستانی لە خۆ گرتووە سەرەڕای بەربەستەکان.
ئەمە تەعمیرە، بەڵام تەدمیر ئەوەیە کە رووی راستیەکان دەشێوێنن و لە وێرانکردن و کاولکردنی وڵات درێغی ناکەن هەر چەندە پەندێکی عەرەبی هەیە دەڵێ (الشمس لا تحجب بغربال)، راستییەکان بە پرۆپاگەندەی بێ بنەما ناشاردرێتەوە، و نەک هاووڵاتی کوردستان بەڵکو لە دەرەوی کوردستانیش ئەو ئاوەدانی و سەقامگیریە هەستی پێدەکرێت، گۆرینی رووی راستی ئیستای کوردستان لە لای کەسانێکی نەخۆش تەنیا زەرەر بە کوردستان و گەلەکەی دەگەیەنێ، و دوژمنان بەهێز دەکات و ناوخۆی کوردستان لاواز دەکات، بۆیە گرنگە هەموو یەک دەست و دەنگ خزمەت بە کوردستان بکەیەنن نەک ببنە هۆکاری دووبەرەکی و ترازانی نێو ماڵی کورد.
هەر چی بکەن ناتوانن راستیەکان بشارنەوە، بەڵام دەتوانن نێو ماڵی کورد لێکبترازێنن کە ئەمەش تەنیا سود بەوانە دەگەیەنێ کە لە هەوڵی نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستانن، پەند وەرگرتن لە مێژوو مانای ژیریە.