هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق کێشەی شوناسی نەتەوەیی و خاکە

شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ هەردوو کەناڵی کەناڵی ئەلعەرەبییە و حەدەس کە ڕۆژنامەنووس ماجید حەمید چاوپێکەوتنێکی کردووە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، لەسەردەمی بەڕێز سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو پێشڤەچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە.

تەوەری یەکەمی چاوپێکەوتنەکە پەیوەست بوو بە پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی:

ئێمە پێمان خۆشە لە حکوومەتی عێراقدا هاوبەش بین ، لەسەردەمی بەڕێز سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو پێشڤەچوونیان بەخۆیانەوە بینیووە، هەرچەندە ئێستاش هەندێک گرفت ماون کە چارەسەر نەکراون، بەڵام هەردوولا کار لەسەر چارەسەرکردنیان دەکەین کە گرنگترین شت پابەند بوونە بە ماددەکانی دەستوور  بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان هەست بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە بکات لە سیستەمی حکومڕانی لە عێراق 

کێشەی گەورەی ئێمە شوناسی نەتەوەیی و کێشەی خاکە

لە تەوەری دووەمیشدا سەبارەت بە پرسی هاوبەشیی کورد لە حکوومەتی عێراق و پرسە دەستوورییەکان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: کێشەی ئێمە زۆر لە پرسی مووچەی فەرمانبەران گەورەترە،  وەک دەزانن کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق قوڵاییەکی مێژوویی هەیە، بەتایبەت لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ، مەبدەئیەن دەبوایە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای دوو پێکهاتەی سەرەکیی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە دابمەزرابایە و دەوڵەتێک بوایە بۆ هەمووان بە یەکسانی ، بەڵام کێشەی گەورەی ئێمە شوناسی نەتەوەیی و کێشەی خاکە لەو ناوچانەی کە کێشەیان لەسەرە، هەروەها چەند پرسێکی دیکە وەک یاسای نەوت و غاز و بودجە و مووچەی مووچەخۆران کە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەکان و چارەسەرنەکردنیان سەریان هەڵدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەرەکان لە دەستوور هەن کەناکرێت دەستوور بەکاربهێندرێت بۆ بەرژەوەندی لایەنێک لەدژی ئەوانی دیکە ، پێویستە دەستوور بکرێتە بنەمای گفتوگۆکان و هەموو لایەنەکان لەسەری رێکبکەون هەرچەندە کورد و زۆرێک لە پێکهاتەکان کۆکن لەسەر ئەوەی تەواوی مافەکانمان لە دەستوور گرەنتی نەکراون بەڵام پێویستە رێزی لێ بگیرێت بەو پێیەی زۆرینەی هاووڵاتیان دەنگیان پێداوە ، کورد لە نووسینەوەی دەستووردا بەشداری کردووەو پابەندیشین بەوەی هەموو بەندەکانی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت