شەممە 21ی ئەیلوولی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە ماكسیم ڕۆبین، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە شاری هەولێر كرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لەدیدارەكەدا، بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە باس و گفتوگۆیان لێوە کرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری داهاتوو و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و دەرئەنجامە ئیجابیەكانی دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا.
هەر لەو دیدارەدا ئاماژە بە “پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا و وێستگە گرنگەكانی ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە درا و كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر ئەوەی دووپات كردەوە كە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو جۆرە بارودۆخێكدا بەردەوام دەبن و دەمێننەوە”.