یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی له‌ 54 ساڵه‌ی یادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، له‌ (54) ساڵه‌ى يادى دامه‌زراندنيدا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ مامۆستايانى به‌ڕێز سه‌رۆک و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى ته‌نفيزيى يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان و ته‌واوى مامۆستايان و زانايانى ئايينى ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت، ئاماده‌يى و خه‌بات و تێكۆشانى يه‌كێتيى زانايان و مامۆستايانى ئايينى له‌ هه‌ردوو سه‌رده‌مى شۆڕش و ئازاديدا، به‌ پێزانينێكى زۆره‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنين. له‌م ياده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ ته‌واوى شه‌هيدانى يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ و سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان ده‌نێرين.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى ڕۆڵ و كاريگه‌ريى مامۆستايانى به‌ڕێزى ئايينى و يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان له ‌بره‌ودان به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى و خۆشه‌ويستيى نيشتمان و ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌كه‌ينه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌ك له‌ هه‌وڵ و كۆششى يه‌كێتيى زانايان بۆ ده‌ستبه‌ركردنى ته‌واوى مافه‌كانى مامۆستايانى ئايينى ده‌كه‌ين.