سعوودییە نووسینگەی نوێنەرایەتی بازرگانی وڵاتەکەی لە هەولێر دەکاتەوە

باڵیۆزی سعوودییە لە عێراق ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نووسینگەی نوێنەرایەتی بازرگانیی وڵاتەکەی لە هەولێر دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پارێزگای هەولێر، بە ئامادەبوونی باڵیۆزی شانشینی سعوودیە، نوێنەری فەرمانگەی بازرگانییەکەی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان و بەرپرسی ژووری بازرگانی هەولێر، مەراسیمی ئیمزاکردنی گرێبەستی دامەزراندنی نووسینگەی نوێنەرایەتی بازرگانیی سعوودییە بەڕێوەچوو.

عەبدولعەزیزی شەمەری، باڵیۆزی سعوودییە لە عێراق ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ گرێبەستی دامەزراندنی نووسینگەی نوێنەرایەتی بازرگانی سعوودییەیان لە هەولێر، ئیمزا کرد. ئاماژەی بەوە دا، بە دامەزراندنی ئەم نووسینگەیە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان زیاتر پەرە دەستێنێت و دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.

لای خۆیەوە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئامادەی مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستی دامەزراندنی نووسینگە بازرگانییەکەی سعوودییە لە هەولێر بووین، کە نووسینگەکە لەنێو کونسوڵخانەی سعوودییە لە هەولێر دەبێت.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، کردنەوەی ئەم نووسینگەیە زۆر گرنگە دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودییە.

ھەواڵی زیاتر