کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لیستی کاندیدان پەسەند دەکەن و وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دیاری دەکەن.
پێنجشەممە، 19-09-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند “هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکات”.
بە گوتەی غەلای، هەر لە هەفتەی داهاتوو و دوای پەسەندکردنی لیستی کاندیدان، وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە دیاری دەکرێت.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: 32 کورسی
2. سلێمانی: 36 کورسی
3. دهۆک: 24 کورسی
4. هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: دوو کورسی
2. سلێمانی: دوو کورسی
3. دهۆک: یەک کورسی
4. هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)