ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکانی دوو رۆژی رابردووی لوبنان بەرزبووەتەوە بۆ 32 کەس

ژمارەی قوربانیانی ئەو تەقینەوانەی کە دوێنێ چوارشەممە لە ڕێگای ئامێرەکانی پەیوەندیکردن “ئایکۆم” لە ژمارەیەک ناوچەی باشووری لوبنان ڕوویاندا، بەرزبووەوە بۆ 20 کوژراو و 450 بریندار.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوێنێ، زنجیرەیەک تەقینەوە لەسەر ئامێرەکانی پەیوەندیکردن کە بە “ئایکۆم” ناسراوە لە ژمارەیەک ناوچەی باشووری لوبنان ڕوویاندا.

ڕاشیگەیاندووە، بەپێی دوایین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە تەقینەوەکانی دوێنێ چوارشەممەدا کوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ 20 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 450 کەس.

ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژی سێشەممە، بەھەزاران ئامێری پەیوەندیکردنی بێ تەل کە بە “پەیجەر” ناسراوە لە دەستی ئەندامانی حزبوڵڵا لە سەرانسەری لوبناندا، تەقینەوە کە لە ئاکامدا 12 کەس کوژران و دوو ھەزار و 800ی دیکەش برینداربوون.

بەوەش ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکانی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە لوبنان، بەرزبووەتەوە بۆ 32کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە و سێ ھەزار و 250 کەس کە 300یان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

ھاوکات وەزارەتی پەیوەندییەکانی لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو ئامێرە بێ تەلانەی پەیوەندیکردن “ئایکۆم” کە دوێنێ چوارشەممە لە ژمارەیەک ناوچەی وڵاتدا تەقینەوە، مۆڵەتی بەکارھێنانیان نەبووە.

ھەر لەوبارەیەوە ئاژانسی ھەواڵی فەرمی لوبنان بڵاوی کردوە کە نوێنەری حکوومەت لە دادگای سەربازیی، دادوەر فادی عەقیقی، سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە، لەوەی ھەموو زانیارییە ئەمنی و تەکنیکییەکانی پەیوەندیدار بە تەقینەوەکانی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە کە لەو وڵاتە ڕوویانداوە، کۆبکانەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی لوبنان و حزبوڵڵا، ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە لوبنان تۆمەتبارکردووە.

لە کاتێکدا ئیسرائیل لەوبارەیەوە بێدەنگە، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا لەنێویاندا ڕۆژنامەی”The NewYork Times” و “CNN” بڵاویان کردووەتەوە کە تەل ئەبیب پاترییەکانی ناو ئامێرە پەیجەرەکانی دەرھێناوە و ماددەی تەقەمەنی تیایاندا داناوە بەر لەوەی ئامێرەکان بگەنە لوبنان کە دواتر بە کۆنترۆڵ ئامێرە پەیجەرەکانی لە لوبنان تەقاندوونەتەوە.

ھەواڵی زیاتر