كارزان گلی – ههولێر
زەكەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆكی هودا پار، داوا دەكات توركیا پەلە بكات لە گۆڕینی مادەی٤ی دەستووری توركیا، چونكە ئەوان بەتەواوەتی رەتی دەكەنەوە. ئەم گوتەیەی زەكەریا، هەرایەكی گەورەی ناوەتەوە لە توركیا و داوا دەكرێت دژی بوەستنەوە و بەهیچ شێوەیەكیش دەستكاری ئەو مادەیە نەكرێت.
پەرلەمانی توركیا، چەند رۆژێكی تر دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكات، سەرەكیترین تەوەریش گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، گۆڕینی دەستووری توركیا، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەردەوام دەڵێت دەستوورەكە دەستوورێكی كودەتاییە و دەبێت بگۆردرێت، كوردیش دەیەوێت لە دەستووری تازەدا دەستكەوتی هەبێت.
هودا پار، كە پارتێكی دینییە و پێشتر ناوی حیزبوڵا بوو، كوردی باكوور مێژوویەكی تاڵی لەگەڵ حیزبوڵادا هەیە، چونكە دەستیان هەبووە لە تیرۆركردنی سەدان گەنج و نووسەری كورد، لە ناویاندا مووسا عەنتەر.
بەڵام هودا پار، بە ئاشكرا دەڵێن، ئێمە ئەو پارتە نین كە لە نەوەدەكاندا بەناوی حیزبوڵا بوونی هەبووە، ئێمە داوای مافی كورد دەكەین، هەروەها هاوپەیمانە لەگەڵ ئاكەپە و خودی ئەردۆغان و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش دەنگیان بە ئەردۆغاندا.
زەكەریا یاپیجیئۆغڵو، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، گوتی پێویستە مادەی ٤ی دەستووری توركیا بگۆڕێت، گۆڕینی ئەو مادەیەش واتە گۆڕینی مادەی ١ تا ٤، چونكە هەموو ئەو مادانە لە دەستووردا پەیوەستن بە یەكترییەوە.
عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپە، لە لێدوانێكیدا دەڵێت: ”پڕەنسپی ١ تا ٤ـی مادەی دەستووری توركیا، نەگۆڕە و نابێت گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.“
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، پێی وایە گفتوگۆكردن لەبارەی مادەی ٤ـی دەستووری توركیا، بەو واتایە دێت، زەكەریا دژی سیستەمی عەلمانییە لە توركیا، ئێمە دەزانین ئەو بۆچی باسی ئەو مادەیە دەكات و ئەوان درێژەپێدەری حیزبوڵان لە پەرلەمانی توركیا.
زەكەریا، وەكو وەڵامێك بۆ ئۆزگوور ئۆزەل، لە هەژماری خۆی لە (X) دەنووسێت: “وەك بڵێی قسە بۆ گەمژەیەك بكەم و هەموویم یەك یەك باس كرد، بەڵام هێشتان تێناگەین، ئێمە ناڵێین هەموو مادەكان بگۆڕدرێن، بەڵكوو تەنیا دژی مادەی چوارین.”
مادەی ١ تا ٤ـی دەستووری توركیا چی تێدایە؟
لە مادەی یەك و دوودا نووسراوە ”كۆماری توركیا ئارامی بۆ كۆمەڵگە فەراهەم دەكات، هەروەها فیكری میللی و عەدالەت دەهێنێتە بوون، رێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت و پەیوەستە بە ناسیۆنالیستی ئەتاتوركەوە و هەروەها دەوڵەتێكی سیكۆلارە و پەیوەستە بە یاساوە.“
لە مادەی سێیەمدا، باس لە مارشی نەتەوەیی توركیا دەكات، هەروەها زمانی توركی، كە لەو زمانە زیاتر هیچ زمانێكی تر ناناسرێت.
مادەی چواریش، داكۆكی دەكات لە سێ مادەی یەكەم و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك نابێت دەستكاری بكرێت و بگۆردرێت.
زەكەریا یاپیجیئۆغڵو، لەگەڵ ئەوەدایە، زمانی كوردیش لە پاڵ زمانی توركی بناسرێت، هەروەها دژی سیستەمی سیكۆلارە بۆ توركیا.
هودا پار، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا لە ٢٠٢٣، توانی ٤ پەرلەمانتار بباتەوە، هەروەها دەنگەكانی نیو ملیۆن دەنگ بوو و قورسایی ئەو پارتەش لە باكووری كوردستانە.