ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک:حکوومەتی هەرێم بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەناردەکردنی بەروبوومی جووتیاران بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە بەردەوامە، حکوومەتی ھەرێم، ئاسانکاریی تەواوی بۆ ئەو بازرگانانە کردووە کە دەیانەوێت بەرھەمی خۆماڵی بنێرنە دەرەوە، ئەمەش دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ھاووڵاتییان و بەکاربردنی ناوخۆیی. ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، دەڵێت: سەرۆکوەزیرانی کوردستان زۆر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و بەروبوومی جووتیاران دەدات، بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمەکانیان گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەجیددی کار لەسەر دروستکردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمەکانی کوردستان دەکات، بۆ ئەمەش سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆڕبەند و دیدارە سیاسیی و ئابوورییەکانیی جیھان بەشدارە و گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەکات ھەر ئەو ھەوڵانە بوون، کە ھەنار وەک یەکەم بەرھەم ھەناردە بکرێت و دواتریش سێوی بەرواری باڵا و ترێ و ھەنگوینی بەدوادا ھات.
حکوومەتی ھەرێم، پڕۆژە و پلانی زۆر باشی ھەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ، چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan” دواتر ڕەوانەی وڵاتان دەکەن و لە بازاڕی ئەو وڵاتانە دەفرۆشرێن.
حکوومەتی ھەرێم، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی ناوخۆ دا کە بەرھەمەکانیان لەڕێی دۆزینەوەی بازاڕ ھەناردەی دەرەوە بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
لە ھەرێمی کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەیە، ھەندێک لەو جووتیارانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: پێشتر بەرھەمی ناوخۆ لە دەستی ئێمە دەمایەوە و ساغ نەدەکرایەوە، بەڵام لە ئێستادا پاڵپشتی ئێمە دەکرێت و بەرھەمی ئێمە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە زیاتر پەرە بە بەرھەمی ناوخۆ دەدرێت ھاندەرێکیش دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدەین.
چیا شەوکەت، شارەزا لە بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی کوردستانی دا، ئەمە ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و توشی زیان نەبێت و بتوانێت ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
ئەو شارەزایەی بواری کشتوکاڵ، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم ھەموو ڕێگەیەکی گرتووەتەبەر بۆ زیاتر گرنگیدان بە گوندنشینان و زیاترکردنی بەرھەمی جووتیاران، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ لە ھەر وڵاتێک پێش بکەوێت، ئەو وڵاتە لەڕووی ئابوورییەوە بە ئاسانی داناکەوێت، بۆیە دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت دەکەین کە پشتیوانیی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە، لەگەڵ ئەوەی کوردستان خاکێکی بەپیتی ھەیە و ئاویشی ھەیە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ڕۆژبەرۆژ خەڵکی گوند و ئاواییەکان لە شارەکان بگەڕێنەوە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن و کاری ئاژەڵداری و جووتیاری بکەن.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، ساڵانە بەپێی ئەو بەرھەمەی ھەنگوین کە لە ناوخۆی کوردستان لەلایەن ھەنگەوانان بەرھەم دەھێنرێت، لە جۆری ھەنگوینی پلە یەک، بەشێکی ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت و بە چەند وڵاتێک لەوانە ئیمارات و سعوودیە دەفرۆشرێت، خواستێکی زۆر باشیش لەسەر ھەنگوینی کوردستان ھەیە، چونکە ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان کوالێتی زۆر بەرزە و لە جۆرە ھەرە باشەکانە.
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و بەروبوومی جووتیاران دەدات، لە دەرەوە بازاڕی بۆ جووتیاران دۆزیوەتەوە، بەروبوومی جووتیاران ھەناردە دەکات، بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە بۆ ھەناردەکردنی بەروبوومی جووتیاران، ھەروەھا بە دەیان کارگەی داناوە بۆ بە پیشەسازی کردنی بەرھەمی جووتیاران.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، گوتیشی: ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت، ئێمەش ھاوکار دەبین بۆ زیاتر بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران.

ھەواڵی زیاتر