شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

پێشمەرگە سومبولی خەبات و بەرخودانە

شێرکۆ حەبیب

پیشمەرگە هیمای خۆڕاگرتن و بەرخودانن و ئامرازی سەرکەوتن و پاراستنی گەل و نیشتمانن، هەر لەسەردەمی کۆماری مەهاباد ئەو نازناوە بەخشرایە ئەوانەی گیانی خۆیان بۆ وڵات و میللەت پارێزی پێشکەش کرد، ئەو وشەیە هێمای قارەمانی و تێکۆشانە.
پێشمەرگە هەردەم گیانی خۆی فیدا کردووە بۆ ئازادی و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان، و لەسایەی خەباتی ئەوانە ئەمرۆ کوردستان ئازاد و ئاوەدانە، بەڵکو عێراقیش لە ئاکامی ئازایەتی و بەرگری پێشمەرگە ئازاد کرا، پێشمەرگە بێ جیاوازی ئایین و نەتەوە و مەزهەب بەرگری کردووە، هەر بۆیەش دەبینین هەر لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلوول بەڕابەرایەتیی باوکی رۆحی کورد جەنراڵ مستەفا بارزانی نەمر بەرگری لە خاک و وڵات کردووە.
ئەمڕۆ ئەگەر چی کەسانێک دوور لە هەموو پێوەرێکی نیشتمانی و بەهایەکی خەبات بوون بە سیاسەتمەدار و خاوەن پۆست بە گەندەڵی و فرت و فێڵ دژایەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن و دژی پڕ چەککردنی هێزی پێشمەرگەن، بە بیانوی جیاواز .
ئەگەر باسی مێژووی دوور و درێژی خەباتی پێشمەرگە نەکەین، بەڵام ئەوانەی دوێنێ بوو بە سیاسی و خاوەن پۆست دوور لە هەموو پێوەرەکان، لە یادیان چوو ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە تا ئیستاش شارو شارۆچکەکانی رۆژئاوای عێراق بە شاری موسڵەوە لە ژێر ڕەحمەتی تیرۆریستانی داعشدا دەبوون، جگە لەوەی هەزاران خانەوادەیان لە ژێر چاودێری پێشمەرگە لە کوردستان پارێزراون جگە لە پاراستنی موڵک و ماڵیان، ئایا لە یادیان چوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ناوچەی سەوز لە بەغدا پێشمەرگەی کوردستان دەیان پارێزێت.
پڕ چەککردنی پێشمەرگە دەبێتە هۆکاری سەرەکی و گرنگ بۆ پاراستنی گەل و نیشتمان لە دوژمنان، بەڵام دیارە تاوەکو ئیستاش هزری شوڤێنی ڕەگەز پەرستی لای هەندێکیان ماوە، هەروەک سەردەمی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق.
پێشمەرگە بەشێکە لە هێزی بەرگری فەرمی عێراق بە گوێرەی دەستور و یاسا، خۆ ئەگەر نا با بڵێن ئێوەی کورد عێراقی نین ئێمەش دەڵێن ماڵتان ئاوا.
ساتێک پێشمەرگە بەگری لە وڵات دەکرد بە جەکی سادە بوو، بەڵام باوەری بە دۆزی رەوای میللەتەکەی هەبوو بۆیە پێشمەرگە بەهەر چەگێک بێ بەرگری لە وڵات دەکات.
هێرشکردنە سەر پێشمەرگە هێرشکردنە بۆ سەر سەرجەم میللەتی کورد، بۆیە هێرشکردنە سەر پێشمەرگە هێلی سوورە. دەبووایە بۆ وەڵام دانەوەی ئەو لایەنە سەرجەم حزب و لایەنەکان هەڵوێستی پارتیان هەبووایە.