شمشێری دوودەم !

سەدیق سەعید ڕواندزی

هەموو گێڕانەوەیەك، بەهایەكی زمانی، مێژوویی، فەرهەنگی و ئەدەبی نییە. بەڵكو گێڕانەوە ئەو كاتە بەهای دەبێت، كە پەیوەست بێت بەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە و لە گێڕانەوەیاندا، شوێنێك لە هزر و یادەوەری ئێمە دەگرن. ئەگەر هەموو ڕووداوێك، سەفەر و گەشتی تایبەتی بۆ ئەوروپا و بینین و بەركەوتنێكی ئاسایی بە ژیان و جوگرافیای ئەوروپا، شایەنی گێڕانەوە بن و كەرستەی گێڕانەوە بن، بێگومان ئێستا نیوەی كورد یاداشتنووس دەبوو. لە ئەدەبی فۆلكلۆری كوردیدا، لە داستان و حیكایەتی میللیدا، تەنها ئەو چیڕۆكانە گێڕدراونەتەوە، كە زەمەن لە دوای زەمەن، لە ڕێی كرداری گێڕانەوە ماونەتەوە و بەهایەكی مێژوویی و ئستاتیكییان هەیە. بۆ نموونە:_ كە باسی شیرین و فەرهاد وەك داستانێكی خۆشەویستی دەكرێت، گێڕانەوە پەیوەستە بەو خۆڕاگریی و قوربانیدانەی فەرهاد لە پێناو شیرین دەینوێنێت و كێوی بێستوون كون دەكات. ئەوەی هێز و وزەی مانەوە بە گێڕانەوەكە دەدات، خودی عەشقەكەیە. مەگەر ئێمە ڕۆژانە و لە مێژووشدا، بۆ هەمیشەش، پەیوەندی خۆشەویستی نێوان هەردوو ڕەگەزەكە نابینین؟ بۆچی لە ڕووی مێژووییەوە نەماونەتەوە و ناگێڕدرێنەوە؟ بێگومان چونكە شایەنی گێڕانەوە نین. كە باسی سەردەمی شاخ و شۆڕش دەكەین، گێڕانەوە لێرەدا پەیوەستە بە باسكردن و گێڕانەوەی ئەو شوناسە بەرگریی و قارەمانیەتییەی كە پێشمەرگە لە شاخ نواندوویەتی. باسكردنی پێشمەرگە و سەردەمی شاخ، باسكردنی كەسەكان نییە، بەڵكو باسكردنی ڕووداوێكی مێژوویی گەورەیە، كە بەهای زەمەنی و سیاسی و شۆڕشگێڕی خۆی هەیە و لە ڕێی گێڕانەوەوە، ئەوانیتر پێی ئاشنا دەبن. خەسڵەتێكی دیكەی كردەی گێڕانەوە بە زەمەنیكردنە، بەو مانایەی ئەو گێڕانەوەیە دەكرێ لە هەموو زەمەنێك و وەك كردەیەك بگەڕێینەوە سەری. لە ڕاستیدا ئەوەیە سیحری گێڕانەوە، وەك كردارێكی زمانی و هزریی و مێژوویی. ئەگەر لە دووتوێی دەقێكدا، ئەو بە زەمەنیكردنە نەبوو، ئەوا گێڕانەوە تا ئەو شوێنە بڕ دەكات كە خوێنەر كتێبەكە تەواو دەكات و ئیدی دەچێتە پەراوێزی مێژوو. بەڵام سیحری گێڕانەوەی هەر ڕووداوێك، لە مانا و گرنگی خودی ڕووداوەكە دایە لە ڕووی مێژووییەوە، نەك ئەوەی هەر شتێك بێت ڕوویدابێت. وەك سەرەتا ئاماژەمان پێكرد، هەزاران ساڵی دیكە، داستانی شیرین و فەرهاد بگێڕدرێتەوە، نە لە گێڕانەوە دەكەوێت، نە لە ڕووی مێژووییشەوە ون دەبێت. چونكە ئەو ڕووداوە وەك داستانێك، هێزی گێڕانەوەی تێدایە. كەواتا چییەتی گێڕانەوە گرنگە، نەك چۆنیەتیی گێڕانەوە. با زمانی گێڕانەوەی بیۆگرافیایەك، ڕووداوێك و بە سەرهاتێك، زۆر لە ئاستێكی هونەری و ئستاتیكی باڵا و جوانیش دابێت و ببێتە جێی سەرنجی خوێنەریش، بەڵام دوا جار، ناوەڕۆكی ڕووداوەكە بەها و مانای هەیە و دەبێت، ڕەهەندێک بە گێڕانەوەكە دەدات، نەك چۆنیەتیی گێڕانەوەی ڕووداوەكە. گێڕانەوەی هەر ڕووداوێك، دواجار پانتایەك لە ڕووبەرە گشتییەكە دەگرێت و دەبێتە ڕووبەرێك بۆ ناسینەوەی ئەدگارەكانی نەوەیەك و زەمەنێك و شوێنێك. دەشێ لە ڕێی گێڕانەوەی یادەوەرییەكانی كەسێك لە زەمەنێكی دیاریكراودا، بەرگەلێك ڕووداوی مێژوویی، سیاسی و كۆمەڵایەتی بكەوین و لە پەراوێزی ئەو ڕووداوانەوە، خاسیەتەكانی نەوەیەكی ڕۆشنبیری، یان سیاسیمان بۆ دەربكەوێت، كە پێشتر پێی ئاشنا نەبووینە. بۆیە گێڕانەوە، كردەیەكی دووسەرەیە و هەر تەنها بگێڕەوە ڕۆڵی تێدا نابینێت، بەڵكو بۆ گێڕەڕەوەش تیایدا بەشدارە. هەڵبەتە گێڕەڕەوە دەبێ بزانێت چی پێیە تا بیگێڕێتەوە؟ ئایا ئەوەی دەیگێڕێتەوە، مانایەك و بەهایەكی بۆ بگێڕەوە هەیە؟ لێرەوەشە هێزی كردەی گێڕانەوە دەردەكەوێت. بێگومان هەڵەیەكی كوشندە دەكەین، ئەگەر پێمان وابێت، دەشێ هەموو شتێك بگێڕینەوە، هەڵبەتە لە بەر ئەوە نا كە ناتوانین، لە بەر ئەوەش نا كە نەكرێنە تیمەی نووسین، بەڵكو زۆر بە سادەیی لە بەر ئەوەی دەبێ بزانین كە ئایا ئەوەی دەیگێڕینەوە، شوێنێك لە هزری خوێنەر دەگرێت و هیچ بەها و بایەخێكی بۆی هەیە؟ ئەگەر كردەوە و ڕەفتارو چەلەحانێ و گەمە و گاڵتەی منداڵی و دۆڕان و شكستەكانی عەشق و دڵشكانە زۆر كەسی و تایبەتییەكانمان، شایەنی گێڕانەوە و كەرستەی گێڕانەوە بن، وەك ئەوەی ئێستا لای نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین باوە، ئەوا ئێستا هەموومان رشۆماننووس و یاداشتنووس دەبووین . گێڕانەوە تەنها پەیوەست نییە بە ژیانی زۆر تایبەتی و كەسی خۆمان، بەڵكو ئەوەی بەهای هەیە ئەوەیە، ئێمە چی لە پەراوێزی ئەو ڕووداوانەی دەیانخوێنینەوە فێر دەبین، ئەزموونی دەكەین و دەیكەینە ڕێنوینییەك بۆ ئاییندەی ژیانمان تا حیكمەتێكی لێوەوە فێر بین. ئێمە كاتێ بۆ نموونە مێژووی شەڕی براكوژی دەخوێنینەوە، بۆ ئەوە نییە وەك مێژوو بەریبكەوین، وەك ڕووداوێكی تراژیدی لە یادەوەری ئێمەدا بمێنێتەوە، بەڵكو بۆ ئەوەیە پەند لەو ئەزموونە تاڵە وەربگرین و دووبارەی نەكەینەوە. كاتێ بیرەوەریەكانی مامۆستای بیرمەند (مەسعود محەمەد) دەخوێنینەوە، ئاشنای مێژووی یەك سەدەی كۆمەڵگەی كوردی دەبین. كە یاداشتی ڕەفیق حیلمی دەخوێنینەوە، ئاشنای هەموو ئەو ڕووداوە سیاسییانە دەبین، كە لە سەروبەندی ئەو كاتدا ڕوویانداوە. بۆیە هیچ كاتێك گێڕانەوە گرنگ نییە، وەك ئەوەی ئێستا بە داخەوە لە نێو ئێمەدا بۆتە مۆد. گێڕانەوە، وەك كردەی بە ئێستاییكردنەوەی هەر ڕووداوێك، ڕەهەندێكی گشتیشی هەیە و هەر تەنها پەیوەندی بە ژیانی كەسی و تایبەتییانەی گێڕەڕەوە نییە، بەڵكو بە هەر جۆرێك بێت، ئەو گێڕانەوەیە دێتەوە نێو ژیانی گشتی ئێمەوە. ئەگەر بۆ ئەزموون، ڕێنوێنی، تێگەیشتن و پەند وەرگرتن لە قووڵایی هەر ڕووداو و كارەساتێكەوە نەبێت، ئێمە بۆچی دەیانگێڕینەوە بۆ ئەوانیتر؟ بۆچی ئەم ڕووداوانە دەكەینە نووسین و بڵاویان دەكەینەوە؟ هەر بۆ ئەوەی هەر چۆنێك بێت خوێنەران بیخوێننەوە؟ كەواتا هەڵەیە پێمان وابێت دەشێ هەموو كەسێك، چی هەیەتی، بە بێ ڕەچاوكردنی ئەو بەها مێژوویی و زەمەنی و ئەدەبییەی هەیەتی، بیگێڕیتەوە . گێڕانەوە گرنگ و بەهادار نییە، ئەوە گرنگە و بەهایەكی گەورەی مێژوویی هەیە كە چی دەگێڕینەوە. گێڕانەوە وەك شمشێری دوودەم وایە، ئەگەر بە هەستیاریی، بە زانایی و مێژووناسییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكەین، چونكە وەك وتمان هەموو ڕووداوێك، داستانێك، كارسات و تراژیدیایێك هێزی گێڕانەوەی تێدا نییە . مەگەر ئێمە هەزاران ڕووداو و بەسەرهاتی دیكەمان نەبینیوە؟ ئەی بۆچی نەماونەتەوە و ناگێڕدرێنەوە؟ ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات كە بەرلەوەی شتێك بگێڕینەوە، دەبێ شتێكمان هەبێت بۆ گێڕانەوە، شتێك كە خوێنەر لە پەراوێزی ژیان و چیڕۆكی ئەوی گێڕەڕەوەدا خۆی ببینێتەوە، بۆ ئەوەی لە دوای خوێنەوەكە، هەست بكات كە شتێكی خوێندۆتەوە، شیاوی ئەوەبوو كاتی بۆ تەرخان كردووە و كاتەكەی بەفیڕۆ نەچووە.

ھەواڵی زیاتر