بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیركردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیركردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند كە هەڵسابوون بە ناوی دەزگای خێرخوازییەوە فێڵیان لە هاووڵاتییان كردووە و پارەیان لێ دزیون، ئاماژەی بەوەش دا كە تۆمەتبارەكان خەڵكی دەرەوەی شاری هەولێرن.

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. م. غ) و (م. ل. ع) و (ع. م. ق) دەستگیرکران، کە چەندین هاووڵاتییان بە ناوی دەزگای خێرخوازییەوە هەڵخەڵەتاندبوو.

تۆمەتباران دەچوونە ماڵی هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت و پێیان دەگوتن کە دەزگایەکی خێرخوازی هاوکارییان دەکات و دەزگا خێرخوازییەکەش دەبەنە ماڵیان، بەڵام ئایا چەند پارەیان هەیە، دواتر فریویان دەدان و دەیانگوت بڕە پارەکە بشارنەوە با دەزگای خێرخوازی نەزانێت، دواتریش پارەکەیان لێ دەدزین و خۆیان دەشاردەوە.

تۆمەتبارەكان کە چەندین هاووڵاتیی پیر و بەساڵداچوو و کەمدەرامەتیان هەڵخەڵەتاندبوو و پارەیەکی زۆریان لێ دزیبوون، ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (444) لە یاسای سزادان دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دراونەتە دادگا.

پۆلیسی هەولێر هەروەها رایگەیاند: تۆمەتبارەكان کە خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن، بۆ ئەم کارە دەهاتنە هەولێر و بۆ ئەوەش كە نەناسرێنەوە بە چەندین شێواز خۆیان گۆڕیوە و ناسنامەیان ساختە کردووە، بەڵام بەهۆی چاوکراوەیی پۆلیسەوە توانرا لە کەمترین ماوەدا دەستگیر بکرێن.

ھەواڵی زیاتر