عێراق یەکێک لە هەڕەشەئامێزترین وڵاتانی جیهانە بۆ سەر دیموکراسی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆریی بەعس دەوڵەتێک لە عێراق بنیات نرا کە بنەماکەی دیموکراسی و فیدراڵی و ڕێزگرتن لە مافی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان و بنبڕکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئەتنی و ئایینی بوو بەڵام دواین توێژینەوەکان دەیسەلمێنن کە عێراق لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین هەڕەشە لەسەر دیموکراسییەکەی هەیە و نەیتوانیوە پارەزگاری لەو بنەمایانە بکات و دۆخەکەی تەنیا لە هەشت وڵات باشترە ئەگەرنا لە تەواوی وڵاتانی دیکە خراپترە.

بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی پێنوێنی دیموکراسی کە پەیمانگەی نۆرماندی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، لە پەرلەمانی ئەورووپا بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵێک فاکتەر لە عێراق هەن کە هەڕەشە لە دیموکراسی دەکەن. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕیزبەندی وڵاتانی جیهانی لە ڕووی زۆرترین و کەمترین هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی خراوەتە ڕوو و دەرەنجامەکەی ئەوەیە سویسرا کەمترین هەڕەشەی لەسەرە و لە ڕیزبەندیی یەکەمدا دێت و سووریا زۆرترین هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی و لە کۆتایی لیستەکەدا دێت.

دۆخی عێراق
لە لیستەکەدا ناوی سەد و سی و هەشت وڵات هاتووە و سووریا لە ڕیزبەندیی سەد و سی و هەشت، عێراق لە ڕیزبەندی سەد و سی، ئێران لە ڕیزبەندیی سەد و دە و تورکیا لە ڕیزبەندی نەوەد و چوارە کە چوار وڵاتی زاڵ بەسەر کوردستانن.
دۆخی عێراق تەنیا لە سووریا، ئەفغانستان، کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، چاد، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، سۆماڵ، یەمەن و سوودانی باشوور باشترە و لە تەواوی وڵاتەکانی تر خراپترە.
ڕاپۆرتەکە سەرجەم ئەو جۆرە هەڕەشانەی بڵاو کردەوە کە ئێستا لە سەر وڵاتان و مرۆڤایەتی هەن کە بریتین لە تیرۆر، قەیرانە ئابوورییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا، ناسەقامگیریی وزە، ململانێ و تووندوتیژی، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، زانیاریی ساختە، ئاستی پرۆسەکانی دیموکراسی و دەوڵەتی لەرزۆک و چەند بوارێکی تر.

تیرۆر لە عێراق
لە عێراق هێشتا تیرۆر تەواو نەبووە و جگە لەوەی کە شانە نوستووەکانی داعش نێوەنێوە سەرهەڵدەدەن و مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگەی عێراق، دەیان گرووپی دیکە لەو وڵاتەدا هەن کە نایاسایین و بە فیتی وڵاتانی دیکە و لە پێناو بەرژەوەندیی کەسی و گرووپی دۆخی وڵاتەکەیان ناسەقامگیر کردووە و بنەماکانی دیموکراسی و دەستووریان پێشێل کردووە.
قەیرانی ئابووری پێوەرێکی دیکەیە بۆ پتەویی دیموکراسی و لە عێراق سەرەڕای ئەوەی کە پارە و داهات زۆرە بەڵام بەردەوام قەیرانی ئابووری هەیە و حکوومەت نەیتوانیوە بە پشتبەستن بەو ئابوورییە ژیانی خەڵکەکەی خۆش بکات و ڕێژەی بێکاری و هەژاری بەردەوام ڕووی لە هەڵکشاندایە.
گۆڕانی کەشوهەوا
گۆڕانی کەشوهەوا فاکتەرێکی سەرەکیی پێوانەی دیموکراسییە و ژینگەی عێراق بەرەو بە بیابانبوون دەچێت، سەرچاوەکانی ئاو کەمیان کردووە و کۆچی بەلێشاوی خەڵک لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان دەستی پێ کردووە، کشتوکاڵ لە پاشەکشێدایە و حکوومەت نەیتوانیوە بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەرنامەی سەردەمیانە و ڕێکوپێک جێبەجێ بکات.
وزە بەشی پێداویستییەکان بەرهەم نایەت و ئەو وڵاتە تا ئەم ساتە لە دەرەوەی وڵاتەوە گاز و کارەبا هاوردە دەکات لە کاتێکدا خۆی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی وزە و نەیتوانیوە سوود لەو سەرچاوانە وەربگرێت. پچڕانی کارەبا بەردەوامە و خەڵک بۆ دابینکردنی کارەبا پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەستن.
لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆجیای زانیاری، زانیاریی ساختە هەڕەشەیەکی ترە بۆ سەر دیموکراسی و لە عێراق نەک نەتوانراوە ڕووبەڕووی زانیاریی هەڵە ببنەوە بەڵکوو خۆیان ڕۆڵیان هەیە لە پەرەسەندنی زانیاریی ساختە و جگە لەمانە
تاوانە مەترسیدارەکان و قاچاخیی مادەی هۆشبەر لە زیادبووندایە و کۆمەڵگەی عێراق تووشی دۆخێکی مەترسیدار بووەتەوە.

دەستوور پشتگوێ خراوە
ڕاستە عێراق دەستوورێکی فیدراڵی هەیە لە لە چاو دەستووری ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان پێشکەوتووە بەڵام بە کردەوە ئەوەی لە عێراق خەریکە ڕوودەدات جێبەجێکردنی بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە هاوولاتی نییە بەڵکوو هێشتا گرووپێک دەخوازێت لە سەرووی یاسا کار بکات و هەژموونی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت. ئەو هەنگاوانەی لە لایەن بەغداوە دژی هەرێمی کوردستان نراوە بە ئامانجی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان یەکێک لە ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانە.
گەلی کورد زۆرترین کێشەی لەم ڕووەوە هەبووە و سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندی لە هەموو ڕوویەکەوە ناکۆکییان لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی هەبووە و دەبوایە عێراق پێگەیەکی زۆر باشتری هەبێت بەڵام پێگەکەی لاوازە و لابردن و کەمکردنەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر دیموکراسی بە هاوکاری و هەماهەنگی و گیانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە بەرانبەر دەکرێ و عێراقییەکان دەبێ بەیەکەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببنەوە.
جێی باسە ئەمساڵ سویسرا بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک لە پلەی یەکەمدا هات، نەرویج، ئوسترالیا، ئایسلاند و نیوزلاند تا پلەی پێنجەم بەدوای یەکتردا دێن و لەو وڵاتانە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر دیموکراسییەکەیان لەئارادا نییە.

ھەواڵی زیاتر