هۆشیار زێباری، سەرۆکی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان: خەڵکی ئێمە بە حەماسەتەوە بەشداریی لە هەڵبژاردندا دەکەن

هۆشیار زێباری، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا بۆ پاڵپشتیکردنی کاندیدانی پارتی لە زاخۆ ڕایگەیاند؛ خەڵکی ئێمە ھیچ کات تەنانەت لە کاتی تەنگانەشدا حیزبەکەی خۆیان بەجێ نەھێشتووە و ھەمیشە سەری حیزبی خۆیان و سەرۆکی خۆیان بەرز کردووەتەوە.

ھۆشیار زێباری، لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا، باسی لە گرنگی هەڵبژاردن و ئەرکی ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرد و گوتی: “ئەرکی ئێستا لەسەر شانی ئێوەیە و پێویست ناکات باسی ئەوە بکەین کە گرنگیی ئەو ھەڵبژاردنە چەندە، ئێمە دەمانەوێت ئەو پارتە کە خاوەن دۆزێکە، رای خۆی ھەبێت و دەنگ و ڕەنگی خۆی ھەبێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ ڕای خۆی دەرببڕێت، کە ڕای خۆی نەک تەنیا لەسەر بەرژەوەندییەکانی ھەرێم بدات، بەڵکو ڕای ھەبێت لەسەر دامەزراندنی حکوومەتی عێراق، ئەوەش بەوە دەکرێت کە ئێمە سەنگی خۆمان ھەبێت، بۆ ئەوەی بزانن کە ئەو پارتە جەماوەر و قاعیدەی ھەیە و خەڵکێکی ھەیە و نوێنەری لە پەرلەمان هەیه”.
هۆشیار زێباری، گوتیشی: “ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ خەڵکی خۆماندا ھەیە، کە ھیچ کات سەرکردایەتی و سەرۆکی خۆیان بەجێ نەھێڵاوە و بەجێشی ناھێڵن و لە کاتی تەنگانەدا و تەنانەت نارەحەتیش بن، کاتێک دێتە سەر کەرامەت و غیرەت، سەری حیزب و سەرۆکی خۆیان بەرز دەکەنەوە و بە حەماسەتەوە بەشداری لە ھەڵبژاردندا دەکەن”.