“خوا هێنای، ئەمنیش شوکرم!”

د. کەیفی زیرەك کەمال *

ئەڵقەی سێیەم

زۆرجار گوێبیست دەبین کاتێك کەسێك دوای پشکنین، دەستنیشان دەکرێت بە کێشە تەدروستیەکانی وەك شەکرە و بەرزەفشاری خوێن (زەخت)، یان کاتێك توشی جەڵتەی دڵ یان مێشك دەبێت دەڵێت “خوا ئەو بەڵایەی ‌‌‌‌هێناوەتە ڕێگام، ئەمنیش شوکرم!”

دروستە ئەو قسە بگوترێت؟
بە گشتی، لە ئێستادا ئەگەر لە شێوازی ژیانی خەڵك ورد ببینەوە دەبینین هیچ گرنگیەك بە خۆراکی تەندروست نادرێت، وەرزشکردن فەرامۆش کراوە، کات و بڕی خەو وەکو پێویست نییە، جگەرە کێشان بووەتە خوویەکی بەربڵاو، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و دکتۆر دەرمانی بۆیان نوسیوە، بەشێکیان کەمتەرخەمن و دەرمانەکانیان وەکو پێویست ناخۆن، لە کۆتاییش کە دەکەونە چاودێری چڕ (انعاش) دەڵێن “ئەمە کاری خوایە و مرۆڤ هیچی لەدەست نایەت!” تێناگەم بۆچی تەمبەڵی و کەمتەرخەمی خۆمان دەخەینە پاڵ خودا! وەك ئەوەی ئاگادار نەبین لەوەی خودا سەرپشکی کردووین کە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو جەستەیە دەکەین کە سپاردەی هەر یەکێك لە ئێمەی کردووە.
بۆ هەموومان گرنگە کە بزانین بەشی هەرە زۆری تەندروستیمان، خۆمان دیاری دەکەین، ئەویش لە ڕێگای خۆراكی تەندروست و خەوتنی گونجاو و وەرزش کردن و دورکەوتنەوە لە مادە زیان بەخشەکانی وەك جگەرە و هاوئاوازەکانی.
خۆلادان لەو ڕاستیە وەکو ئەوە وایە کەسێك سەیارەیەکی نوێ و بێ کێشە لە کۆمپانیایەك بکڕێت، ڕۆژانە تا بۆی بکرێت پەستان بخاتە سەر مەکینەی ئۆتۆمبێلەکە، کام ڕۆن و بەنزینی خراپە و هەرزانە دەرخواردی ئۆتۆمبێلەکەی بدات، لە هەرچی تاسە و چاڵی شارە نەگەڕێتەوە، پاشان کە ئۆتۆمبێلەکەی تێکچوو گلەیی و گازاندە لە کۆمپانیاکە بکات!
ئەمە ڕاستە؟ هەر بەڕاست خەتا لە کۆمپانیایە یان شۆفێر؟
*پزیشکی گشتی

ھەواڵی زیاتر