وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار:پێش ١٠ی ئۆکتۆبەر، ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا تەواو بکرێن

بەسەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری سارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک دەربارەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەرێوەچوو.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە؛ هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئیشوكارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرا و تێیدا لەلایەن سەرجەم شارەوانییەكانەوە داتا و زانیاریی ورد و گرفتەكانیان سەبارەت بەو پرۆسەیە خستەڕوو كە ژمارەیەك لە شارەوانییەكان بەشی زۆری كارەكانیان تەواو كردووە لە دابینكردنی زەوی و دانانی نەخشەی كەرتی و ژمارەی فەرمانبەران و لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەكەش بەردەوامن.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ جەختی لەسەر خێراتركردنی ئامادەكاریی شارەوانییەكان كردەوە و ڕایسپاردن ئەوانەی تاوەكو ئێستا ئامادەكاریی تەواویان نەكردووە یان گرفتیان هەیە، بەزووترین كات گرفتەكانیان چارەسەر بكرێت، جەختی کردەوە پێویستە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بەزووترین کات تەواو بكەن و نەخشەی كەرتی بۆ زەوییەكان دابنێن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران لەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند ببن بە وەرگرتنی زەوی”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو؛ بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە لە ئاستێكی زۆر باشدایە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاماژەی بەوە كرد لە ١٠ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێت و پێویستە تا ئەو وادەیە سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو كرابن و بەرەوپێشچوونی زۆرتر ڕوو بدات.

ھەواڵی زیاتر