ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک:حکوومەتی هەرێم بۆ هەناردەکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: حکوومەتی هەرێم هەموو کار ئاسانییەکی بۆ جووتیاران کردووە تەنیا ئەمساڵ لە سنووری دهۆک زیاتر لە سەد و چل هەزار تۆن بەرووبوومی کشتوکاڵی ڕەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراوە. دەشڵێ: حکوومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە بۆ هەناردەکردنی بەرووبوومی جووتیاران، بۆ ئەو مەبەستە تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەد و پەنجا تۆن سماق هەناردە کراوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: “خۆشحاڵبووم کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتنمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن ئیمزا کرد، لەمڕۆوە، بازاڕێکی نوێ بە ڕووی جووتیارانماندا دەکرێتەوە”.
ڕۆژی ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٤، بە چاودێری و سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور، یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن، لە بواری پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی کشتوکاڵی و پیشەسازیی خۆراک ئیمزا کرا، کە بڕیارە لە هەنگاوی یەکەمدا، ئوردن هەندێک لە بەرووبووم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم لەوانە پەتاتە، هاوردە بکات.
هاوکات بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو یاداشتنامەیە لە دە ماددەی جیاواز پێکهاتووە، بەڵام سێزدە بڕگەی جەوهەری لە خۆگرتووە، کە چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەسەر سێکتەری کشتوکاڵ بە هەردوو بەشی ڕووەکی و پەلەوەری و بەرووبومە ئاژەڵییەکان و کارگەکان، کە لە بواری پیشەسازی خۆراک کاردەکەن لە هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە دەبێتە ئەزمونێکی نوێ لە کۆی ئەو ئەزموونانەی کە هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا پێیدا تێ پەڕیووە، هەروەها بەتایبەتی لە ماوەی پێنج ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان.

ئەمساڵ دهۆک ١٤٠ هەزار تۆن بەرووبوومی کشتوکاڵی هەناردە کردووە
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، ڕاگەیاند، ئەوە چەندین ساڵە حکوومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، هەر ئەوەش وای کردووە کە هەموو بەرهەمێکی کشتوکاڵی زیاد بێت، تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە سەد و چل هەزار تۆن بەرووبوومی کشتوکاڵی ڕەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراوە، ئەوەش بۆ پەیداکردنی بازاڕ لەلایەن حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، ئەوەش وای کردووە کە ساڵ بە ساڵ خەڵکێکی زۆر ڕوو لە چاندنی بەرووبوومی کشتوکاڵی بکات.
سەرۆکوەزیران بازاڕی بۆ جووتیاران دۆزیوەتەوە
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی جووتیاران دەدات، لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بازاڕی بۆ جووتیاران دۆزیوەتەوە، بەرووبوومی جووتیاران هەناردە دەکات، گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە بۆ هەناردەکردنی بەرووبوومی جووتیاران، هەروەها بە دەیان کارگەی داناوە بۆ بە پیشەسازی کردنی بەرهەمی جووتیاران، هەروەها لێک تێگەیشتنی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ گواستنەوەی بەرووبوومی جووتیاران بۆ ناوچەکانی عێراق وای کردووە کە زیاتر خەڵکی سنووری پاریزگای دهۆک گرنگی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بدەن.

لە دوو ڕۆژدا ١٥٠ تۆن سماق هەناردە کراوە
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، ئاشکراشی کرد: ئێستا سماقی جووتیاران هەناردەی دەرەوە دەکرێت، تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەد و پەنجا تۆن سماق هەناردە کراوە، هەر بەرووبوومێکی جووتیاران پێ بگات و لەناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاد بێت ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت.

بۆ زیاتر گرنگی دان بە بەرهەمی ناوخۆ فیستیڤاڵێکی گەورە دەکرێت
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، ڕوونیشیکردەوە: لە مانگی داهاتوو فیستیڤاڵێکی گەورەی ترێ و هەنگوین لە دهۆک دەکرێت، ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە گرنگن، وا دەکات کە جووتیاران بەرهەمی خۆیان نمایش بکەن و لە دەرەوە کڕیاری هەبێت و هەناردە بکرێت.

بەرهەمی ترێ زیاتر لە شەست هەزار تۆنە
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، ئاشکراشی کرد: بەرهەمی ترێ ئەمساڵ زۆر زیاد بووە، تەنیا لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە شەست هەزار تۆن ترێ دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو تەنیا چل و هەشت هەزار تۆن بووە.

هەندێک بەرهەم لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، جەختیشی لەوەکردەوە: لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆر بەرهەم هەن کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن و هەناردەی دەرەوە دەکرێن لەوانە پەتاتە کە تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە شەش سەد هەزار تۆن بەرهەمی جووتیاران بووە، ترێ، سێو، پیاز، هەنجیر و سماق لەسەر ئاستی عێراق پارێزگای دهۆک لەو بەرهەمانە یەکەمە، هەر شتێک پێ بگات، ئەو بەرووبوومە قەدەغە دەکرێت یان باجی زیادی دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکرێت.

بە دەیان کارگە لە دهۆک کراونەتەوە
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک، ڕوونیکردەوە: سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کەرتی تایبەت ڕابکێشینە ناو کەرتی کشتوکاڵ، لەوانە دانانی کارگە، هاوکاریکردنی جووتیاران، هەناردەکردنی بەرووبوومی جووتیاران کە ئێستا بە دەیان کارگە لە دهۆک هەن، لەوانە کارگەی ئاوە تەماتە، کارگەی شەربەت، زەیتی زەیتوون و کارگەی چیپس، هەروەها گەورەترین کارگە لەسەر ئاستی عێراق لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت و دەکەوێتە کار ئەویش کارگەی فینگەرە لە بەردەڕەش، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە سنووری پارێزگای دهۆک هەموو کار ئاسانییەکمان بۆ جووتیاران کردووە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن.

ھەواڵی زیاتر