وەزیری پەروەردە لێژنەیەکی بۆ وردبینیکردن لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژ پێکهێنا

 – هەولێر:

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی بۆ وردبینیکردن لە کۆی گشتیی لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو پێکهێنا، ئەمەش وەک یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی.

26ـی ئابی 2024، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە 264، بڕیاریدا بە پێکهێنانی لێژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەت بۆ وردبینیکردن لە کۆی گشتیی لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو، کە بڕیارە ڕۆژی (5ـی ئەیلوولی 2024) بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.

ئالان حەمەسەعید فەرمانی دەرکردووە، پێویستە ئەو لێژنەیە تاوەکوو (9ـی ئەیلوولی 2024) کارەکانی وردبینیکردن لە لیستی وانەبێژان تەواو بکەن و پاشان بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ ئەوەی فەرمانی بەگرێبەستوونی پێدەربچێت.

هەر ئەمڕۆ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەروەردەییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کردووە؛ داوای کردووە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وردبینی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو تەواو بکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە (5ـی ئەیلوولی 2024) بۆ وەزارەت ڕەوانە بکرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، 25ـی ئابی 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.

لە بەرانبەر ئەو هەنگاوەش، دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد دوای ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی بۆ نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە ماوەی مانگێکدا دەرکرد و ئاماژەیان بەوەکردووە: “بەگرێبەستکردنی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ، بڕیارێکی ئازا و بوێرانە بوو کە بووە جێگەی ڕەزامەندی و دڵخۆشی هەزاران خێزان و گەنجی ئەم نیشتمانە”.

ھەواڵی زیاتر