ناوی وانەبێژان بە مەبەستی کردنە گرێبەست لە ماوەی 7 ڕۆژدا بەرز دەکرێتەوە

لە نووسراوێکی فەرمیدا، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە کردووە، ناوی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مەبەستی کردنە گرێبەست لە ماوەی ٧ ڕۆژدا بنێرن.

لە نووسراوەکەدا کە ئیمزای ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی بەسەرەوەیە و ئەمڕۆ دووشەممە (٢٦ ی ئاب ٢٠٢٤) ئاراستە کراوە، هاتووە: بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وانەبێژانی دانەمەزراو لەسەر داهاتی ناوخۆ دەکرێنە گرێبەستی هەمیشەیی.

ئەوەش هاتووە: لە ماوەی ٧ ڕۆژدا، بەبێ کەموکوڕی و گرفت، لیستی ناوەکان بۆ وەزارەتی پەروەردە بەرز بکەنەوە.

ڕۆژی یەکشەممە (٢٥ ی ئابی ٢٠٢٤)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پێشوازی لە نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ کرد و بڕیاری دامەزراندنی بە گرێبەستی ئەو توێژەی دا، کە ژمارەیان ٣٨ هەزار مامۆستایە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

ھەواڵی زیاتر