شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

هەولێر …بە گوژمەی ( 8 ملیار دینار) دەستکراوە بە پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی (هەولێر- شەقڵاوە)

لە چوار چێوەی کارەکانی چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو، ئەمڕۆ شەممە 2024.8.24 ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەى چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی (هەولێر- شەقڵاوە)، کە بە گوژمەی( 8 ملیار دینار) لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەجێبەجێکردنى کراوە، پڕۆژەکەیان بەسەرکردەوە.

لەبەسەرکردنەوەکەیاندا، کەهەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزایی ناوەندی و کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەرى شارەوانى پێنج یاوەریان بوون، دواى ئەوەى لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی پڕۆژەکە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانیان کۆڵییەوە، دەستخۆشیان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتى ئاوەڕۆیى هەولێر و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و تەئکیدی لە گرنگى و ستراتیژیەتى پڕۆژەکە بۆ شارى \ هەولێر کردەوە، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە بەهۆى ئەو پڕۆژەیەوە دەتوانرێت بە شێکى زۆرى ئەو گرفتە چارەسەربکرێت کە ساڵانە لەو شوێنەدا بە هۆى کۆبوونەوەى ئاو جگە لە مەترسى دروستبوونى لافاو ئاستەنگى هاتووچۆشى بۆ هاوڵاتییان و شۆفێران دروست دەکرد.

جێگەى باسە، پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی (هەولێر- شەقڵاوە) و دەوروبەری شەقامی خێرایی 150 مەتری، بریتیە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی سەندوقی ( 3 × 3 مەتر)ی لەسەر شەقامی سەرەکی هەولێر – شەقڵاوە تا دەگاتە شەقامی خێرای 150مەتری بە درێژایی زیاتر لە ( 3 کم) و دروستکردنی ئاوبەری سەندوقی دوو چاووە( 2.5 × 2.5 مەتر)ی بە درێژی (60) مەتر لە سەر شەقامی خێرای 150 مەتری، پڕۆژەکە بەشێوەی بەڵێندەرایەتی لەلایەن کۆمپانیای “هێمن گروپ”ەوە جێبەجێ دەکرێت و پێش وەرزی باران بارین دەبێت بە کۆتابێت.