یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 10, 2024

بەگوژمەی (2 ملیار و 150 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی پارێزگا، دەست بە جێبەجێکردنی قۆناێکی تری نۆژەنکردنەوەی شەقامی (هەولێر – خەبات) کرا

ئەمڕۆ شەممە 2024.8.24 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، به‌یاوه‌ری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و کارزان عبدالهادی، سه‌رۆكی شاره‌وانی هەولێر و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، قۆناغێکی تری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی ( هەولێر – خەبات )ی بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی (2 ملیار و 150 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەى پارێزگاى هەولێر و بەشێوەی بەڵێندەرایەتی، لە پێناو كارئاسانی بۆ شوفێران و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، بە چەند قۆناغێک دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە.

پارێزگاری هەولێر، لە بەسەرکردنەوەکەیدا لە نزیکەوە لەگەڵ ئه‌ندازیاران و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و پێداویستییەکانی کۆڵییەوە و ده‌ستخۆشى له‌ ئه‌ندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە كرد كه‌ به‌ڕێكوپێكى كاره‌كانیان ئه‌نجامداوه‌ و ئێستا گه‌یشتوون به‌ قۆناغێکى باش لەکارەکەدا و جەختی لە تەواوکردنی پڕۆژەکە لەماوەی دیاریکراوی خۆی کردەوە.

جێگەى باسە، رێگه‌ی (هەولێر – خەبات) رێگه‌یەکی ستراتیژی و بازرگانی گرنگە و هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و مووسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەکەى پێکهاتووە لە سێ بەش، سایدی چوون لە سێڕێیانی گوێڕ تا بازگەی کۆنی کانی قڕژاڵە، لە سایدی هاتنەوەش لە بازگەی کۆنی کانی قڕژاڵە تاکو سێڕێیانی گوێڕ و لە بازگەی کانی قڕژاڵە بە دووری ( 6.350 ) کیلۆمه‌تر بەرەو قەزای خەباتە.