یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

به‌ گوژمه‌ی هه‌شت سه‌د ملیۆن دینارله‌ هه‌ریر پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له‌ هه‌ریر قیرتاوكردنی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی و كۆنكرێتكردنی كۆڵانه‌كان و ڕۆنانی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ ئاوه‌ڕۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

له‌ چوارچێوه‌ی گه‌یاندنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و ده‌ستی ئاوه‌دانی به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هید فه‌ڕه‌نسۆ هه‌ریریی له‌ ناوه‌ندی قه‌زایی هه‌ریر، ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی و كۆنكرێتكردنی كۆڵانه‌كان و دروستكردنی تۆڕی ئاوی پاك و ئاوه‌ڕۆی گه‌ڕه‌كه‌ كرا.
جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێره‌، به‌ گوژمه‌ی هه‌شت سه‌د ملیۆن دینار، كه‌ جگه‌ له‌ سودی گشتی، زیادتر له‌ دوو سه‌د و په‌نجا ماڵ لێی سودمه‌ند ده‌بێت.
له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا، شه‌قامی سه‌ره‌كی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ قیر ده‌كرێت و هه‌شت كۆڵانیش كۆنكرێت ده‌كرێت، هاوكات دانانی قاڵبی كربستۆن و دروستكردنی تۆڕی ئاوی پاك و ئاوه‌ڕۆی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كه‌ دان.
پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان له‌ شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و١٨ی ئاب، پڕۆژه‌ی ڕۆنانی ئاوه‌ڕۆ و قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی گوندی كه‌له‌كین له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر جێبه‌جێكرا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، خزمه‌تكردنی ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر، به‌ شێكه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌رده‌وام جه‌خت له‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌.
پارێزگاری هه‌ولێر له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ گوتی، “به‌ ته‌واو بوونی ئه‌م شه‌قامه‌، ئاسانكاری زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان ده‌كات، وێڕای بنبڕكردنی گرفته‌كانی ئاوه‌ڕۆ له‌و ناوچه‌یه‌”.
پڕۆژه‌ی ڕۆنانی ئاوه‌ڕۆ و قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی گوندی كه‌له‌كینی سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی شاوێس له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی پێنج سه‌د و بیست ملیۆن دیناری عێراقی له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر جێبه‌جێكرا، كه‌ ڕووبه‌ری قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كان سێ هه‌زار و سێ سه‌د مه‌تر دووجا بوو.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی خزمه‌تگوزاری له‌ ده‌ڤه‌ری شێخانی سنووری پارێزگای دهۆك داندرا، كه‌ گوژمه‌ی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی زیادتر له‌ هه‌شت ملیار دیناری عێراقی بوو.
هەر بە پێی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى هاتووچۆ و گرنگیدان بە ڕێگا و بان و شەقامەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانى هاتووچۆ، دەستکراوە بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى رێگای سەرەکی (هەولێر – قوشتەپە) لەلایەن تیمەکانى بەرێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر.
له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٣ ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان نموونه‌ییه‌، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا به‌ به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه‌ .
پێشكه‌شكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆرەی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر، ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.