شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

ئەنجوومەنی وەزیران كۆده‌بێته‌وه‌ و پرسی مووچە و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی ئابی 2024)، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و چوار بڕگە گفتوگۆ دەکات.

لە بڕگەی یەکەمدا، دەرەنجامەکانی لیژنەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم، بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 لەبارەی داهات و خەرجی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی یەکگرتووی وەزیفی و خستنەڕووی کێشە و چارەسەر و ڕاسپاردەکان گفتوگۆ دەکرێت.

لە بڕگەی دووەمدا، کارەکانی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان، بۆ یەکخستنی یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایی و ڕێکارەکانی تایبەت بە داراییی گشتی و سیستەمی کارپێکراوی ژمێریاری، کە ئێستا بە گوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی ژمارە 6 ی ساڵی 2019 لە عێراق ڕێک خراوە، تاووتوێ دەکرێ.

لە بڕگەی سێیەمدا، هەماهەنگیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئەرک و ڕۆڵی وەزارەتەکان بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاریی لۆجستی بۆ کۆمسیۆن، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تاووتوێ دەکرێ.

لە بڕگەی چوارەمدا، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ڕاپۆرتێک لەبارەی پرۆسەی کڕینەوە و وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێم و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران دەخاتە ڕوو.