کەمئاوی هەرەس بە کەرتی کشتوکاڵی عێراق دێنێت

ئەگەرچی سەرجەم ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، عێراقیان لە مەترسییەکی حەتمی ئاگادار کردووەتەوە کە بێ ئاوی و بە بیابانبوون، جوگرافیایەکی زۆری خاکەکەی دەگرێتەوە، بەڵام هیچ ستراتیژ و پلانێک دانەنرا و ئێستا مەترسییەکە بووە بە ڕاستی.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای میسان، ڕایگەیاندووە: ئه‌و وشكه‌ساڵییه‌ی ڕووبه‌ڕووی زۆنگاوه‌كان بووه‌ته‌وه‌ جێی مه‌ترسین و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دا 80ـی ڕووبه‌ره‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌.
ئەو وشکبوونە مەترسییەکی گەورە ڕووبەڕووی کەرتی کشتوکاڵی عێراق و سامانی ئاژەڵ دەکاتەوە و عەجیل لەو بارەیەوە ئەوەی خستووەتەڕوو: میسان یه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ی زۆنگاوێكی زۆری تێدایه‌، به‌ڵام له‌سه‌ردەمی ڕژێمدا به‌شی زۆریان وشككران و ئێستا ڕێژه‌كه‌ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌دا 80ـی سامانی ماسی و ئاژه‌ڵداری، به‌هۆی پیسبوونی ژینگه‌ی زۆنگاوه‌كان و كه‌مبوونه‌وه‌ی پشكی ئاوی پارێزگاكه‌وه‌ له‌ناوچوونە.
ئەو مەترسییە تەنیا پارێزگای میسانی نەگرتووەتەوە، یاس خه‌فاجی، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای زیقار، دەڵێت : لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكانی وشكبوونی زۆنگاوه‌كان و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی هه‌زاران خێزان كه‌ پشتیان به‌ كاری كشتوكاڵی، به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و ڕاوه‌ماسی به‌ستووه‌، کراوە.
لەلایەکی دیکەوە جووتیارانی کەربەلا، بەوهۆیەوە توشی بێ کاری و بێ بەرهەمی هاتوون و بەهۆی نەبوونی ئاوەوە ڕەنگە ناچار بن پەنا بۆ ئاوی ژێر زەوی ببەن،حامد یەساری، سەرۆکی فەرمانگەی ژینگەی کەربەلا، لەوبارەیەوە دەڵێت: لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی گۆڕانە ژینگەییەکانەوە ئاوی دیجلە و فورات و لقەکانیان کەمبووەنەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر جووتیاران داناوە. سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ بەرامبەر عێراق لە پرسی ئاو هەڵەیە و پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پلان ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە بووەتەوە لە ڕێگای دروست کردنی پۆند و بەنداو، بەڵام حکوومەتی عێراق نەک دەستگیرۆیی حکوومەتی هەرێم ناکات بەڵکو لەمپەریشی بۆ دروست دەکات.

ھەواڵی زیاتر