ئابی و ئەوینەكەی

وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی, ئەمینی فەقیری

دوای ئەوەی زۆری هێنام‌و بردم، مەسەلەكەی دركاند. مێشكم زرینگایەوە، بیرم كردەوە سەرتاپای درۆیە، وڕێنان دەكات. زاری خەڵكیش نابەسترێ. بەڵام بە هەزار سوێندو قورئان خواردنیش باوەڕنەكردنی ئاسان نەبوو.
مەحموود فەڕاشی قوتابخانە بوو، بەو شێوەیە دامەزرابوو پارەم لە قوتابیەكان بۆ كۆدەكردەوە تاخەرجی مانگانەی خۆی پێبكێشێ. هەمیشە هاودەمم بوو كە لەپەنام دادەنیشت، بەڕەی خەڵكی ڕادەخست و لە قەرزدارەكان دەدوا، لە بگرەو بەردەو لە پەیوەندی ئاشكراو نهێنی و ئێستاش ئەوشتەی كە پەیوەندی بەمنەوەبوو بۆی باسدەكردم. باسێك كە روحم دوورو نزیك لێی ئاگادار نەبوو. دەیگوت: (لەنێو ئاوایی دەنگۆیە كە ئابی لەگەڵ تۆ نێوانی هەیە !) ئەوەی لە دایكی بیستبوو دایكیشی لە ژنانی ئاوایی. هەرچەندە مەحموود پێداگری كردبوو كە درۆیە، دایكی باوەڕی نەكردبوو ئێستاش من سەرسام ماوم بڵێم چی. چونكە یەكەم جاربوو ناوی (ئابی) م لەزاری مەحموودەوە دەبیست .
بڕیاریدا نیشانم بدات. مرۆڤ كاتێك ناچار دەبێت بۆ ڕێگایەك هەنگاو هەڵێنێ كەپێی خۆش نییە، دەبێ چی بكات؟
دوو سێ رۆژ له‌بیرمدابوو (ئابی ناوێكی چه‌ند جوانه‌!)
كەڵكەڵەی بینینی لەكەللەی دابووم– جوانە؟ نیگایەكی ئەوە دێنێ كە مرۆڤ هەزار تۆمەتی هه‌ڵبگرێت؟ لە گوندێكی بچووكدا دۆزینەوەی ئابی كارێكی گران نەبوو. ئێواران كردبوومەعادەت دەچووم پیاسەم دەكرد لە باخەكاندا، لەگەڵ خۆم دەدوام و بیرم دەكردەوە، لە ئاوەكە ڕادەمام، لە درەختەكان، لە دۆڵەكان، لە شاخ كە لەوێوە خۆرهەڵدەهات، پاشان كاتی هاتنی پاس دەچوومە گۆرەپانی ئاوایی، ڕێبوارەكانم دەدیتن ‌و هەواڵی شارم دەپرسی‌ هەندێجار ئەو رۆژنامەو گۆڤارانەم وەردەگرتن كە شۆفیر بۆی دێنام.
كانیەكە نزیك بوو، ژن دەهاتن ئاویان دەبرد. بە تەنیا بۆكات بەسەر بردن بەرەو ئەولایە پیاسەم دەكرد. كاتێك دووژن بەلامدا تێپەڕین، گوێم لێبوو یەكێكیان بە ئەوەی دیكەی گوت (ئابی – مامۆستا!) ئابیش ئاوڕێكی دایەوە، نیگایەك و سڵاوێك. وەڵامم دایەوە، لە روخساریدا خەندەیەكی قووڵم خوێندەوە، بەهەمان شێوە كە دوور دەكەوتنەوە، بەژن‌و باڵاجوانەكەی، كەزیەكانی بەپێنج لۆ هۆند بوونەوە كە دەگەیشتنە سەرپشتێنی. كراسدامەنە ڕەنگاوڕەنگەكەی كە چوارپارچەوپێنج پارچە بە یەكەوە لكێندرابوون. بۆ بەیانی دووبارە دیتمەوە، خەندەیەك و سڵاوێك چاوەكانی نازانم كێیان بەبیر دێنامەوە. كە بەڕێگادا دەڕۆیشت وەك حەریر شەپۆلی دەدا. ڕەشی چاوەكانی سایەیان دەخستە سەر سپێتی، خومارو بیمار چاوەكانی پەرێشان بوون. لە هەیوانی قوتابخانەڕا پەنجەرەی ماڵیان دیاربوو. لەمەودای پەنجا مەتر تا نەڕۆیشتبام، بەرپەنجەرەی بەرنەدەدا. بۆ ئەوكارەم دەكرد بۆخۆیشم نەمدەزانی، ئەویش تەنیا دڵی بەوە خۆشبوو، كە مامۆستا سەیری دەكات، مامۆستا هەواڵی دەپرسێ، مامۆستا چەندان كاتژمێر دادەنیشێ‌و لەپەنجەرە و خۆرئاوا ڕادەمێنێ، هەستمكرد دەمەوێ سەرئێشە بۆخۆم دروست دەكەم. ترسێكم نەبوو، منێك كە هەمیشە بیرم لە ڕابردوو دەكردەوە، با ئێستا بیر لە شتێكی دیكە بكەمەوە، شتێك كە بوونی هەیە. بە ژنێكی جوان و مێهرەبان كە نازانم چ پەیوەندییەكی ڕوحیم لەگەڵیدا هەیە. ئایا شێوەی چ كەسێكی هەبوو؟ ئایا شێوەی لەكەسێك دەچوو كە لە دەستم دابوو؟ پاشانیش ڕاستگۆییەكەی ڕاستگۆیی و مێهرەبانیەكەی .
****
بۆنی گڵ، بۆنی گیاو سەوزایی. هاتووچۆی مێگەل، جوانیەكی دیكەیان بەئاوایی دەبەخشی. شادیان دەخوڵقاند. گەنمەكان بەرزببون و سەوز دەچوون ‌و كەروێشكەیان دەكرد، ژنەكان بەیانی و ئێواران دەچوون گیایان دێنا، منیش ئێواران لەگەڵ مەحموود لەقەراخ دەشتێ پیاسەمان دەكرد، یان هەندێ جار بەتەنیا دەڕۆیشتم تابیربكەمەوە. بەڵام سروشت لەگەڵ بیری خەماویدا نەدەسازا. ژنەكان لە دەشتێ بەگڵوكە سوورە دەچوون كە با بیان شه‌كێنێته‌وه‌. بەودامەنە ڕەنگاوڕنگ و كراسە سوورانەوە لەناو ئەو گەنمە سەوزەدا، چیرۆكێكە، ئابی لەناو هەمویاندا لە دوورەوە دیاربوو. دەنگی دەهات وگۆرانی دەگوت. لە دوریانەوە دادەنیشتم و سەیرم دەكردن . كە دەیدیتم، دەتگوت دنیا یان داوەتێ، لەسەرپێیان نەدەوەستا گەمەی دەكرد، سەری دەخستە سەر ئەوانی دیكە.
دەتگوت بۆن و بەرامەی درەختی سنجوو مەستی كردوون. پاشان بەهەمان شێوە كەدادەهاتنەوە و گیایان دەدروو، دەنگی چەندە پڕ ئاوازو زوڵاڵ بوو.
(قوربانی باڵاتبم كە كوتەباڵاو خرپنی. دووربەدوور بانگم مەكە خۆم دێمەلات)
ئارەزوویەك سەفای بەروحم دەبەخشێ. دەنگی دەتگوت شنەبایە. پاشان بیرم لە منداڵەكەی دەكردەوە، مێردەكەی نیوەكاری خەڵیكی بوو، بۆخۆی زەوی نەبوو، ئابی بەتەنیا لاقی منداڵەكەی لە كۆڵەكەیەكی ناوەڕاستی ژورەكەدا دەبەستەوە و منداڵە لە ژورێكی تاریكدا چەندان كاتژمێر بەتەنیا دەمایەوە. حاڵیان باشنەبوو ئابی بە ئەندازەی دوو پیاوان گیای بەكۆڵ دەكێشا، دەچوو لە سەربانی ماڵەكەیان وشكی دەكردەوە تا كە زستان هات بیفرۆشن. كە بیرم لەوشتانە دەكردەوە خەمێكی تاڵ دایدەگرتم. هاتن بەپاڕانەوە داوایان كرد كوڕەكانیان بكەمە یەك دەوام، لەبەرئەوەی كاریان پێیانە. ناچاربووم خۆیان گوتەنی بیانكەمە یەك دەوام. كە قوتابیەكان دەڕۆیشتن، ماندوو بێتاقەت خۆم هەڵدەدایە سەرقەرەوێڵەكەم، ئێوارەش بەهەمان شێوە ماندوو بێواز هەڵدەستام، دەمووچاوم دەشووشت دەچومە بەرهەیوان و دەمڕوانییە پەنجەرەكە. لە هەمان جێگا دانیشتبوو، خەمگین و تەنیا دەستی خستبوە ژێرچەناگەی. كاتێك منی دەدیت وەك منداڵان دەگەشایەوە. منداڵەكەی هه‌ڵداویشت و گەمەی لەگەڵ دەكرد و ماچی دەكرد، منیش خەمگین وپەرێشان دانیشتبووم. سەرەنجام جلوبەرگم دەگۆڕی و دەهاتمە دەرەوە وەك نیلوفەڕ لە پێشم قوتدەبۆوە. سڵاوی دەكرد كاتێك هەواڵم دەپرسی دەیگوت : (قەرەواشتم جەنابی مامۆستا!)
ئەوندەو دەڕۆیشت، چاوەڕوان بوو قسەیەك بكەم، بەڵام چیم هەبوو تا پێیبلێم؟ قسەی بێجێ كەللە شەقی مرۆڤە لەگەڵ روحی خۆی. لەناو ئاوایی دووبەرەكی هەبوو، كینە هەبوو. نیگه‌رانی و دوودەستەیی بوو. بیرم لەوانە نەدەكردەوە بیرم لە خەڵك نەدەكردەوە، بیرم لە شاریش نەدەكردەوە. كاتێك بیرم لە ئابی دەكردەوە خەمێكی تاڵ دایدەگرتم. ئابی لەڕادەبەدەر میهرەبان بوو و مێردیشی هەبوو.
***
گەرما مرۆ لە حاڵی خۆی بێزار دەكا، لەناو جێگا ئەوەندە تلاوتلم كرد، تاسەرەنجام خەوم لێكەوت. لەشم لە ئارەقه‌دا شەڵاڵ ببوو كاتێ وەخەبەرهاتم سەیری دارەڕاكانی خانووەكەم كرد بێ جیاوازی. پاشان لەسەر خۆ وەرسوڕامە كەلەكەی دیكوم. ئابی لە ژورێ دانیشتبوو، سەیری دەكردم. چەند نیان بوو! نیگەران بووم. سەلامی كردو گوتی : ( مامۆستا هێلكەی مریشكم بۆ هێناوی !) گوتم: (ئابی بیرت لە ئابڕووی من كردۆتەوە؟ بۆ هاتوویتە قوتابخانە؟) هیچی نەگوت تەنیا سەیری كردم، بەوچاوانەی كە نازانم چ حاڵەتێكیان هەبوو منیان بەیادی چ كەسێك دەخستەوە گوتم: (بڕۆ) فرمێسك لەچاوەكانیەوە ڕژان، بەیانی چوبووە گه‌رماو زۆر جوان ببوو. ترسام سەیری چاوەكانی بكەم، لە بەژن و باڵای ڕامێنم، خاڵی سەرلێوەكانی دەتگوت مەڕی دەستەمۆن. دووبارە پێمگوت بڕوات، هەستایە سەرپێ، كراس دامەنێكی نوێی لەبەردابوو. دڵم تەنگ ببوو. كاتێك سەرم بەرز كردەوە لە قوتابخانە دووركەوتبۆوە. تا ئێوارە بیرم دەكردەوە كەتەواوی خەڵكی ئاوایی لەپشت دەرگای قوتابخانە بەشەنەو گۆپاڵ كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بمكوژن . ئابی بۆچی هاتبوو؟!
لە گەرما و بێدەنگی دوانیوەڕۆدا، بۆچی تەنیا خۆشم دەویست! چوزانێ عەشق چییە؟ ئایا جوت بوونە؟ نازانم چ چاوەڕوانییەكم لە عەشق هەیە. ئێوارە لە هەیوانێ ڕوەو پەنجەرە دانیشتم نەهات! جێگای خاڵی بوو. نیلوفەڕە شینەكەم كە گیرۆدەی خەیاڵی من بوو، پەڕپەڕ ببوو. خۆر ئاوابوون كە لە كۆڵانەكانی ئاوایی دەگەڕام نەمدیت. دەمزانی چاوەڕوانی زیاتری لەمن هەیەو منیش هەمیشە گێژ بووم بەرامبەر بە بیرو باوەڕم، بەخەیاڵی و به‌دبه‌ختییه‌وه‌ خەوم لێكەوت. سبه‌ی نیوەڕۆكەی لە ماڵی ئەوان مه‌ڕێكیان كوشتبۆوە. مەحموود گوتی: (من دەچم خەبەرێك وەردەگرم ) گوتم : (نا خۆم دەچم) كاتێك گەیشتمە بەردەرگا سەگەكە پێم وەڕی ددانەكانی گڕكردن، بەستەزمانانە راوەستام ماڵیان جمەی دەهات گوتیان (مامۆستا! مامۆستا) خۆیان كۆكردەوە، ئابی ڕایكرد سەگەكەی لێدەركردم، بەبێ بچووكترین نیگا، ژنەكان لەژێرەوە سەیریاندەكردم. نازلی مێردی ئابی لەسەرلاشەكە بەكێردێكی خوێناویەوە وەستابوو سڵاویشی نەكرد. باوكی ئابی فەرمووی كردم. چایان دێم كرد ئابی منداڵەكەی لەسەر زەوی داناو ئیستیكانەكانی شردن، پاشان هات ڕووبەڕووم دانیشت. مەمكە تورتەكانی لە دەمی منداڵەكەنا. دەیویست نیگاكانم لێ بشارێتەوە بەڵام نەیتوانی. ئەو خەڵكەی لەدەورەم بوون فەرامۆشم كردبون، نیگاكەم قۆستەوەو نەمهێشت دەربازی بێت. زەردەخەنەیەكم بۆكرد ڕوخساری كرایەوە دەتگوت خۆرێك لە ڕوخساریدا هەڵهاتووە. ئاشت ببۆوە وەك خوونچەیەك بوو كە لە هەوای پاكی سپێدەدا بكرێتەوە. دڵم پڕببوو لە شادی بەڵام ئەو خۆشحاڵیە زۆری نەخایاند، كاتێك سەیری باوكی ئابی و نازلی مێردیم كرد حەزو ئارەزوو لە دڵمدا بارگەوبنەیان پێچایەوە. جۆرێك لە پەشیمانی و نیگەرانی كەوتە دڵمەوە. كە منداڵە بێتاوانەكەم دەدیت زیاتر تێك دەشكام. ئەو لە خۆشەویستی من چیدەوێت؟ من چ ئامانجێكم هەیە؟ حه‌زده‌كه‌م خەمێكی ئارام و شیرینم هەبێت یان پێویستیم بەنووكی تیژی سەرە ڕمی خۆشەویستییە؟ كاتی ماڵئاوایی ئابی لەسەرەوەڕا بەنیگاوە بەڕێی كردم، سەنگینی نیگاكانیم هەست پێدەكرد. قورسایی تكاكانی .
بۆ بەیانی نازلی هاتە قوتابخانە داوای پارەی كرد. زۆر بەخوێن ساردی، دەتگوت داوای میراتی باوكیم لێده‌كات، پاره‌كه‌مدایه‌ سوپاسی نەكردو ڕۆیشت. كە چوومە شار ئەشرەفیم بۆ ئابی هێنا بەبیانووی پارە هاتە قوتابخانە، گوتم: (كەی ئەشرەفیەكان له‌سه‌رت ده‌به‌ستی؟)
( ئه‌وكاته‌ی نازلی مرد؟ ئەوكاتەی ته‌رمه‌كه‌ی ده‌بینم.) لەقسەكانی تێكڕابووم پاشان گوتی: (نازلی دەڵێ هەموشتێك دەزانم! ئەوپارانەی لە مامۆستام وەرگرتوون نایاندەمەوە)
(من لەبەرخاتری تۆ داومەتێ، چی دەزانێ؟)
سەری هێنا پێش و به‌ چاوه‌جوانه‌كانی لێم راما: ( دێمە قوتابخانە، ئەو دەزانێ، ئەو بەپیاوێكی خراپت دەزانێ .)
پاشان ڕۆیشت. سەرم خستە سەردەسكی كورسیەكەو كەوتمەبیرێكی قووڵەوە. ئەوكاتە ڕەقم لەخۆم بوەوە، ئەگەر نازلی هاتباو سەد جنێوی پێدابام باشتربوو، بیرم كردەوە هیچ كات پێم ناخۆش نه‌ده‌بوو . دەشێ لە مندا بەهارێك پەیداببێ بەشكۆفەجوانەكانی ئومێدەوە دەشزانم لەهەمان كاتدا خەزانێكی غەریبتر لەوجودمدا گەورەدەبێ. كاتێك كەلەوپەڕی خۆشحاڵیدام، ڕەنگە بیرێكی بچووك له‌سه‌ره‌وه‌ بمخاتە خوارەوە، ئەوەشیان دەزانم. هیچ كاتێك تێر پێنەكەنیووم و نەگریاوم. سەیری خۆرئاوابوون و تەنیایی و قوتابخانە دەكەم بە دیوارەپان و درێژەكانیەوە. داریگوێز لە باخی پێش قوتابخانە، تازەگەڵاكانی پڕدەبن. زستان نه‌مابوو، ئێستا ژیان بوو. لەخۆرئاوابووندا هەمووشتێك لە دڵمدا مردبوو.
***
دێ ئاوسابوو. لە زستاندا گەرایەكە گەشەی دەكرد. لووەكە لە حاڵی گەشەكردندابوو ئێستا گەیی بوو. دەیویست كینە بخوڵقێنێ. هەمووكێشەكەیان لەسەر ئاوبوو. بەهەرحاڵ لێكگیربوون. سەرەنجامی شەڕەقسە ئەوەی لێكەوتەوە. بەیانی كە قوتابییەكان هاتنە قوتابخانە، هەریەكەی قۆچەقانییەكی بەدەستەوەبوو .
خەڵكەكە شەو بە گوێدرێژەكانیان لە ڕووبار بەردیان هێنابوو. ژنەكان لە حەوشەڕا بەردیان بۆ مێردەكانیان داویشتە سەربانەكان. گۆپاڵەكانیان كە هەریەكەیان سەریان بزمارڕێژ كرابوو لەبەرتیشكی خۆردا بەئەستێرەیەكی بچووك دەچوون. كاتژمێر دە بوو شەڕ دەستیپێكرد. ژنەكان هەلهەلەیان لێدەدا. پیاوەكان جنێویان دەدا. هەموو لەسەربانەكان بوون خانووەكان بەسەریەكەوەبوون– قەرەباڵغی بوو، ڕقوكینە. قوتابیەكان قوتابخانەیان چۆڵكردبوو، منیش لەسەربانەكان لەژێر ئەو بەردبارانە ڕامدەكرد، دەپاڕامەوە دەستهەڵبگرن، كێ گوێی ڕادەگرت تا بە هەزار زەحمەت لایەكت دێناخوار، لایەكەی دیكە سەردەكەوتنەوە. ماندووببوم نەتدەتوانی بێ ترس بگەرێی. بەردی ناوقۆچەقانی دەتگوت گوللەیە. ئەوەی بچێتە پێشتر لێدانی كاریگەرتردەبێت. كاتێك بەر دەرگایەكی تەختەدەكەوت، دەرگا لەبەریەك دەقڵیشا. بەماندوویی گەڕامەوە .
تا ئێوارە شەڕ درێژەی كێشا. ئێوارە مەحموود هاتەوە قوتابخانەو گوتی: (پێنج كەس بەسەختی بریندارن ناردوویانە بەدوای پۆلیس دا، دوانیش ژنن!) ناوی یەكەمیانی هێنا بەڵام ناوی ئەوەی دیكەی نەگوت. دڵم كەوتە خوورپە نازانم بۆ چی ئابی نیلوفەڕم كەوتەوە یاد. چووم لەبەر دەرگای قوتابخانە ڕاوەستام، ئێواره‌بوو، خەمگین، نیگەران، خوشكەكەی ئابی هات گوتی: (ئابی بەردێك بەسەری كەوتووە، مێشكی سەری دیارە، هەمیشەناوی تۆدێنێ !) پاشان فرمێسكی چاوەكانی سڕینەوە. وەكوسەری ئابی دڵم شكابوو، كاتێك سەلامی دەكرد، كاتێك دەیگوت (قەرەواشتم جەنابی مامۆستا) مێهرەبانیەكەی، تەنیا جارێك چاوەكانیم ماچ كردبوو. نا باوەڕم نەدەكرد. ڕاوەستام تاشەودادێ. دڵم ئارامی نەدەگرت. چوونی من بۆ ئەوێ بێجگە لە ئابڕووچون هیچ شتێكی دیكەنەبوو. مانگ بچووك و بێ ڕەونەق بوو. ئەوە نیشانەی شەوبوو. لایتەكە ژێرپێی ڕوناك دەكردمه‌وە. چوومە بەردەرگایان. سەگەكە وەڕی. نازلی بەچرا فانۆسێكەوە هاتە بەردەرگا. ماڵیان جمەی دەهات، كەس منی نەبینی. نازلی داتەپیبوو. خۆم بۆ هێرشكردنی ئامادەكردبوو. بەڵام ئەو ئارام بوو هەقی نەبوو ئارام بێ گوتی: (ئێستا ئابی مرد بۆ تۆش وا باشترە بچی بەمنداڵەكانی خەڵك ڕابگەی!) ڕاستی دەكرد گەڕامەوە. ماڵ پڕببوو لە شیوەن و گریان شەویش وەك مۆتەكە كەوتبووە سەرئاوایی. شتێك لە وجودمدا ون دەبوو و دەسڕایەوە . لەسەر جێگاكەم درێژ بووم. بایەكی سارد هەڵی كردبوو، لەدارەكانی باخەكە ئاڵابوو، ترسێك باڵی بەسەر دڵمدا كێشابوو، دڵم خاڵی ببووەوە. دەنگی بۆ قەكان كاسیان كردبووم، دڵم بۆ دڵۆپە فرمێسكێك باڵی دەگرت و لەگەڵ تاریكی تەنیا بووم. ئاسمان ڕەنگی گۆڕی و لەخەو بێداربوومەوە، لەگەڵ دوسێ وەنەزدان. بەیانی قوتابیەكان هاتن، زووكردمنە پۆلەوە. بۆ خۆم لە دووری قوتابخانە ڕاوەستام. خوشكی ئابی بەگریان هاتەوەلام دووبارە خەمی هێنایەوە دڵم گوتی: (جەنابی مامۆستا لەبەرچی نەهاتی ؟) (هاتم نازلی گوتی دویشه‌و ئابی مردووە؟)
(نا، مامۆستا درۆی كردووە، سەرلەبەیانی مرد پاشان دەستی كرد بەگریان.)
لەپه‌نا جۆگایەك دانیشتم. بۆ قەكان لە ئاوەكە دەهاتنە دەرەوە، چەند گەورە. چاوەكانیان تێدەبڕیم، نە یەك نە دوو، لەتووڕەییان پێكەنینم دەهات. بەردێكم خستە ناو ئاوەكەوە – ئاوەكە شڵەقا – قوڕاوی بوو، بۆ قەكان ون بون، دەتگوت هەرنە بوون.


سەرچاوە:
كۆمەڵە چیرۆكی (دهكدە پرملال) امین فقیری تهران – 1382

ھەواڵی زیاتر