كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری کۆمەڵایەتی، لە مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەكەدا گوتی: “بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە، متمانە و پاڵپشتیی بەهێزمان پێ دەبەخشێت لە هەنگاوەکانمان بەرەو بە دامەزراوەییكردنی زیاتری دەزگاكان، پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیكترۆنی، بەڕێوەبردنێكی نایاب و سەرکەوتوو، بۆ خزمەتكردنی چین و توێژەكانی كوردستان”.
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووكەكانی لاوان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: “بە میكانزمێكی زیاتر و بە هاوبەشیی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، هەوڵمان دا بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە، تاکوو سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری لە بەڕێوەبەرایەتییەکانمان باشتر بێت”.
لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین وەزارەت و دامەزراوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕوانامەی ئایزۆیان بەدەست هێناوە، وەكوو سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، قایمقامییەتی عەنکاوە؛ لە ئاییندەشدا چەندین وەزارەت و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیی دیكە دەگرێتەوە.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بە خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان، بەڕێوەبردنێكی كارا و خێرای بە ئامانج گرتووە و پێی وایە ئەم هەنگاوە بنەمایەكی گرنگی حكومڕانییەكی دروست و خزمەتكارە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری