پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک:حکوومەتی عێراق کارتۆنە خۆراکی ماوەبەسەرچوو بۆ ئاوارەکان دەنێرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئاوارەکان لەبەر نەبوونی ئەمن و ئارامی و نەبوونی خزمەتگوزاری ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پڕ و پاگەندە لەناو کەمپەکان بڵاو دەکاتەوە تاکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. دەربارەی بە سیاسی کردنی کەیسی ئاوارەکان و نەگەڕانەوەیان و ھاوکاری نەکردنیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.

پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: خەڵک لە کەمپەکان ھەست بە ئاسوودەی دەکات و ھەوڵی ناحەزانیش سەرناگرێت. دەشڵێ: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکوومەتی عێراق لەو بڕیارەی خۆیان پاشگەزبوونەوە کە بڕیاریان دابوو بە زۆر دەبێت ھەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە، لیژنەیەک لە نێوان ھەولێر و بەغدا پێکھێنراوە و ئەو لیژنەیە بڕیار لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدات.
نۆسەد ھەزار و چوار سەد و شەست و حەوت ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان دەژین لەو ژمارەیەدا شەش سەد و سی و یەک ھەزار و سەد و حەفتا و چوار ئاوارەی ناوخۆیی و دوو سەد و شەست و نۆ ھەزار و دوو سەد و نەوەد و سێ پەنابەرن، تێچووی ساڵانەیان دەگاتە ھەشت سەد و چل و دوو ملیۆن دۆلار لەسەر ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

گرووپە نایاساییەکان دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکیدا گرتووە
ئاوارەکان، دەڵێن، ڕاستە لە ھەرێمی کوردستان لەژێر خێمەدا دەژین، بەڵام لێرە ئەمن و ئەمان ھەیە، حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەی پێویستە بۆ ئێمە دابین دەکات، پێچەوانەی شوێنەکانی ئێمە کە نە ئەمن و ئەمان ھەیە نە دەستی ئاوەدانی گەیشتووتە ناوچەکانی ئێمە، بەڵکو لە سایەی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان ڕۆژبەڕۆژ ناوچەکانی ئێمە خراپتر دەبن.
ئاوارەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حەشدی شەعبی و گرووپە لە یاسا دەرچووەکا بە زۆر دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی ئێمەدا گرتووە و ڕێگە بە ئێمە نادەن بگەڕێینەوە، ئەگەر حکوومەتی عێراق دەیەوێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە، با ئەمن و ئەمان بۆ ناوچەکانی ئێمە پەیدا بکات، دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە ناوچەکانی ئێمە، لە ھەمان کاتیشدا قەرەبوومان بکاتەوە، ئەو چوار ملیۆن دینارەی دەدات بەشی گواستنەوەی ئێمە ناکات، جا چ خانووەکانمان پێ نۆژەن بکەینەوە.

ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکان
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک، دەڵێت: ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نائارامی ناوچەکانی ئەوان و نەبوونی خزمەتگوزاری دەگەڕێتەوە، خەڵکی ئەو ناوچانە زیاتر لە دە ساڵە لە ماڵ و موڵکی خۆیان دوورن، زۆربەی خانووەکانیان ڕووخاون، ھەندێک لە ھاووڵاتییان لەو ماوەیەدا ژیانی ھاوسەرگیریان پێکھێناوە و ئێستا بێ خانوونە کاتێک دەگەڕێنەوە پێویستە خانوو بۆ ئەوانیش دروست بکرێت، بۆیە دەمانەوێت پلانێک ھەبێت بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکە کاتێک کە دەگەڕێنەوە ھەست بە ئارامی بکەن، نەک بگەڕێنەوە و دوای ماوەیەکی کەم جارێکی دیکە ئاوارەی کەمپەکان ببنەوە.

بڕیاری گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان هەڵوەشایەوە
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک، گوتی: بەپێی بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بڕیار بوو تا ٣٠ی مانگی ڕابردوو ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە، بەڵام وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکوومەتی عێراق لەو بڕیارەی خۆیان پاشگەزبوونەوە کە بڕیاریان دابوو بە زۆر دەبێت ھەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە، چاوەڕوانی ساڵی نوێ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بە چ شێوەیەک ئاوارەکان دەگەڕێنەوە.

لیژنەیەک لە نێوان ھەولێر و بەغدا پێکھێنراوە
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک، گوتیشی: لیژنەیەک لە نێوان ھەولێر و بەغدا پێکھێنراوە، چ میکانیزمێک لە بەرژەوەندی ئاوارەکاندا بێت ئەو لیژنەیە بڕیاری لێ دەدات، ئێستا کارەکانی خۆی دەکات و لە نزیکترین کاتدا ئەنجامەکان دەردەکەون، ئەو لیژنەیە بۆ ئەوەیە بە چ شێوەیەک ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و خزمەت بکرێن.

حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن لە ھاوکاری کردنی ئاوارە و پەنابەران
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک، جەختی لەوەشکردەوە: حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەی پێویستە بۆ ئاوارەکانی دابین کردووە، ھەر پێنج سێکتەری ژیان ئێستا لەلایەن حکوومەتی ھەرێم بەڕێوەدەبرێن، لەوانە، ئاو، کارەبا، پەروەردە، تەندروستی و ھەڵگرتنی زبڵ و پاشماوەی ئاوارەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانییش ئیدارەدانی ئاوارە و پەنابەران دەکات ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێم بە زیادەوە بە ئەرکی خۆی ھەستاوە.

حکوومەتی عێراق پشتی لە ئاوارەکانی خۆیشی کردووە
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک، زیاتر گوتی: حکوومەتی عێراق پشتی لە خەڵکی خۆی کردووە کە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە، ھەندێکجار بە چوار مانگ تا کارتۆنێک کەلوپەلی خواردن دەداتە ئاوارەکان، ئەویش نیوەیان بەرناکەوێت، یان ماوەیان بەسەر چووە، ھاوکاری ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتیش ٧٠% کەمبووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ھێشتا ٧٠% خەڵکی شنگال و دەوروبەری لەناو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، حکوومەتی عێراقیش ھەتا ئێستا نەیتوانیوە ڕەوشی شنگال ئاسایی بکاتەوە.
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک، ڕاگەیاند، پێویستە حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم بەردەوام ھاوکاری ئاوارەکان بکەن، ھەروەھا دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکانی ئەوان، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان لە ناوچەکانی ئەوان نەمێنن، بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بە ئازادانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.

ھەواڵی زیاتر