نرخی دەنگدان !

عارف ڕوشدی

لە وڵاتانی دیموکرات و ژیاندوست، لە هەڵبژاردنەکاندا، زیاتر دەنگ بەو لایەنە سیاسییە دەدەن، کە زۆرترین خەمخۆری دەنوێنێ لە بەرگریکردندا لە ماف و خواستی( نیشتیمانی، نەتەوەیی و قوتی خەڵک) لە کوردستاندا پارتی نمونەی خزمەتکردنی ڕاستە ڕێی کۆمەڵانی خەڵکە .
لەو پێناوەشدا بە نیشانەی تیری کونەپەرستان و ناحەزانی ناوخۆیی و دەرەکی گیراوە بەمەبەستی ماندووکردن و لە توانا کەمکردنەوەی، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان لە سۆنگەی ئەو ڕاستییەوە دوور لە دەمارگیری حزبی دەنگ ببەخشن، (بەو حزبە ڕاستگۆ و خەمخۆرە). چونکە ؛ باوەڕناکەم کەس هەبێت ئاگای لەوە نەبێت، لە سنوری دەسەڵاتی بەرپرسیارەتی کادیرانی پارتیدا، پرۆژەکانی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاکاندا بەردەوامن و لە و ڕێگایەشەوە دەرفەتی کار بۆ هەزاران خێزان دەڕەخسێنرێت : بەو هۆکارەوە لۆژیک و ڕەوایی داوا دەکات ؛ تەواوی خەڵکی سەربەرزی کوردستان، بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبچە، بەو بیرکردنەوەیەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە، بەشداری کارایان هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و لە داهاتوودا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە دووبارەی دەکەمەوە ؛ ئیستا کێ دەتوانێ ڕاست نەبێت لە گەڵ خۆیدا و ئەم راستیانە فەراموش بکات ؟
لە هەموو ئەو شوێنانەی کادیرانی پارتی بەرپرسن، هۆکاری بەردەوامی خزمەتگوزارییەکان سەربەخۆیی دام و دەزگاکانی حکوومەتە.
هەر وەها کێ دەتوانی نکۆڵی لەوە بکات، سەرۆکی حکوومەت وەک بەرپرسیارەتی خۆی دەرفەت لەدەست نادات، هەر کاتێک توانی بەسەر لەمپەرەکاندا زاڵبێت، لە هەموو دڤەرەکاندا خزمەتێک پێشکەش دەکات.
هیوادارم پێشکەوتنەکانی هەرێم، پیلان و دژایەتیکردنی پارتی لە بەغدا و نێوخۆی هەرێم، سەنگی مەحەکی بڕیاردانی هەموو لایەکمان بێت، دڵنیام زۆرینەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی هاوشێوەی هاووڵاتیانی شاروشارۆچکەکانی دیکەی کوردستان) درک بەو ڕاستییە دەکەن، (بە پشتیوانیکردنیان لە پارتی ) دەتوانن لەو مەینەتییانەی یەخەیان پێگرتوون ڕزگاریان دەبێت .
بۆیە ؛ لە کاتی دەنگدانی تەندروستدا، دەنگ نرخی خۆی دەپارێزێ، بە پێچەوانەوە، دەنگدەر کاتێک لەسەر بنەمایەکی دەمارگیر و لە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی چەواشەکار، دەنگ دەدات، نرخی دەنگەکە نامێنێ.

ھەواڵی زیاتر