ئەو بەفرە، ئەو بەفرە نەفرەتییە

وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی

بەشی یەكەم

ئەو سەردەمە، من چواردە پازدە ساڵان بووم. دەچوومە بەردەرگای ماڵان، وەدوای مشتەریەكان دەكەوتم و قەرزەكانم كۆدەكردنەوە. وەستایەكەم، لەلای حاجی ئاغا زۆر تاریفی دەكردم:
(ماشەڵڵا منداڵێكی وریاو زیرەكە. كاتێك دەینێرم، تا پارەكە وەرنەگرێ‌ نا گەڕێتەوە.)
دوكانی قەسابییەكەمان سەرە ڕێگابوو. كڕیاری جۆراو جۆرمان هەبوون. گەڕەكی ئەفسەران بوو. تا حەزت دەكرد پشكنەرو ئەفسەری مشەخۆری لێ بوون.
دەهاتن گۆشتیان بەقەرز دەبرد، پاشان لەبیریان دەچوو قەرزدارن. یەكێكیان دەویست وەبیریان بێنێتەوە! هەر كە سەروكەللەیان دەردەكەوت، وەستام دەیگوت:
(جەعفەرگیان ڕاكە، بزانم چیدەكەی كوڕی باش.)
كارێكی قێزەون بوو. پڕ ڕوویی و دەم شڕی دەویست. گەندە كاری بوو. ئێستا كەبیری لێ دەكەمەوە تێكدەچم. تەنیا كارێك بوو كە هەموو فرت و فێڵەكانی باش فێرببووم و هەموو ڕێگاكانم تاقی كردبوونەوە. هەر بۆیەش بوو، وەستام زۆر خاتری دەویستم. هێندە لای ئەم و ئەو تاریفی دەكردم: (منداڵێكی زیرەكە، منداڵێكی وریایە…) هێندەی تاریف دەكردم، هێندەی تاریف دەكردم. لەخۆبایی ببووم ئەویش چۆن! پێموابوو ئەوە تەنیا كارێكە لەدەست من دێت. شاگردەكانی دیكە ئەو تواناو لێهاتووییەیان نەبوو. لەبەر چاوی ئەوان چ كەشوفشێكم نەدەكردو چ پۆزێكم لێ نەدەدا!
تكاو بەهانەكان هەمیشە وەكو یەك بوون:
(بەڵێ، بەڵێ، ڕاستە، لەبیرم چووبوو. بەیانی دێم جێبەجێی دەكەم، ئێستا پارەی وردەم پێ نییە.)
یان پارەی وردەیان پێنەبوو، یان زۆر بەپەلە بوون و كاتیان درەنگ بوو، یان بەهانەیەكی دیكە.
لەدوا جاریشدا دەیانویست بە هەڕەشە بمگێڕنەوە.
(باش نییە كوڕە، بڕۆ ونبە! دەنا دەتدەمە دەست پاسەوانەكان.)
لەو جۆرە هەڕەشانەیان دەكرد. دەنگیان گڕدەكردو خۆیان گیڤ دەكردەوە، چاویان دەردەپەڕاندو دەستیان ڕادەوەشاند. بەڵام نەیاندەزانی لەگەڵ كێ تێكەوتوون؟ دەستم دەكرد بەهات و هاوار:
(گۆشتت بردووە، پارەكەی بدە!)
ئەگەر دەستیان لێ بەرز كردبامەوە، هات و هاوارێكی وام دروستدەكردو خەڵكم لەدەوری خۆم كۆدەكردەوە، واقیان وڕدەما. قەرزەكەیان دەداو هەرچی جنێوو سووكایەتییە، بەخۆم و وەستامیان دەگوت و بە رێی خۆیاندا دەڕۆیشتن. كاتێك دەگەڕامەوەو بۆ وەستام دەگێڕایەوە قاقا پێدەكەنی و دەیگوت:
(دایك سەگانە خوویان بە مشەخۆرییەوە گرتووە، قۆڵی خەڵكی دەبڕن و سنگ دەردەپەڕێنن.)
لەنێو قەرزدارەكاندا هەموو جۆرە كەسێكی تێدابوو. ژن، پیاو، چارشێو بەسەر، بێ حیجاب، مەدەنی و سەربازی، پیر و گەنج، نازانم بۆ هێندەیان پێخۆشبوو ماڵی خەڵكی بخۆن. یەكێك بەسەرو هەیكەلی كەشخەوە دەهاتە پێش و یەكێكیش بەلووت بەرزیی. بەڵام ئامان لەدەست ئەوژنانە، چ كڵاوێكیان لەسەری كاك مەحمودی، بەردەستی وەستام نەدەناو چ فرت و فێڵێكیان لێ نەدەكرد.
ڕۆژێك وەدوای ژنێك كەوتم كە لەو بووكەشووشانەبوو. زۆرجوان خۆی تاس و لووس دابوو. سێ كیلۆ گۆشتی بێ ئێسقانی وەرگرت و لە زەمبیلەكەی هاویشت، بەشەرمەوە گوتی:
(ئاخ، كیسە باخەڵەكەم لەبیرچووە، لە خۆم خەجاڵەتێ‌! ئێستا چی بكەم؟)
بەجۆرێكی وا تەماشای كاك مەحمودی كردو بزەی هاتێ‌ كە كاك مەحمود بێ ڕاوەستان گوتی:
(گرنگ نییەخانم. دوایی دێن پارەكەی دەدەن. خۆ هەڵنایەی!)
كاتێك دوور كەوتبووەوە، وەستام لە كاك مەحمودی پرسی:
(دەڵێم كاك مەحمود، ژنەت دەناسی؟)
(وەڵڵاهی،زۆر باش نا، یەك دووجاران گۆشتی بردووە، مشتەرییە.)
وەستام گوتی: (باش بوو جەعفەرت وەدوا دەخست.)
كاك مەحمود گوتی: (نا بابە، پێم وانییە لەوجۆرانەبێ. ڕووبەوڕووی یەك دەبینەوە، ئەوانە خانەدانن.)
بەڵام كاتێك سێ چوار مانگ تێپەڕین و ژنە دەرنەكەوت، كاك مەحمود گوتی:
(ئەو ژنە زۆر فێڵباز بوو، ها! ئەوانە نابێ بەڕواڵەتیان تێبكەوی.)
بەوسەرو بیچم و ڕواڵەتەیەوە، وام هەست دەكرد زۆر بە ئاسانی دەتوانم پارەكەی لێ وەربگرم، بەڵام لەو بەڵایانەی ڕۆژگار بوو. هێندەی لەو كۆڵانەوە بۆ ئەو كۆڵان و لەو شەقامەوە بۆ ئەو شەقام هێنام و بردم لە پێ كەوتم. وای قیافە دەگرت دەتگوت وەرگێڕكەی ماڵیانم و بەدوایدا ڕادەكەم.
تا گەیشتینە شوێنێكی قەرەباڵغ و دەمویست هات و هاوار بكەم، ڕاوێژی دەگۆڕی و بەمێهرەبانییەوە دەیگوت:
(زۆر باشە، زۆرباشە ئیدی.)
پێم وابوو دەیەوێ‌ شوێنێكی چۆڵ وەبینێ‌ و پارەكەی دەربێنێ و بمداتێ. زۆر جاری وا ڕێكەوتبوو كە داوایان لێدەكردم پەلە نەكەم تا شوێنێكی گونجاو دەبیننەوە، ئەوجار لە سووچی كۆڵانێك یان لەبەر هەیوانی ماڵێك، كراسەكانیان هەڵدەدایەوەو لەبەر چاوە ئەبڵەق بووەكانی من، ئەسكیناسی گرمۆڵە دراویان لەژێر گۆرەویەكانیان، یان لە پووزووی شۆرتەكانیان دەردێناو دەیان دامێ‌.
بەڵام بەهەڵە چووبووم. سەگبابە بەگێلی دەزانیم. فریوی دەدام. دەیویست لەلای خەڵكی ئابڕووی نەبەم.
كە دەگەیشتینە شوێنێكی چۆڵ، بەردی تاو دەدایەو تێیدەگرتم. دووسێ بەرد بەبن گوێمدا تیژ تێپەڕین.
سەرەنجام لەداوم خست. لە بازاڕچەیەك دەستم كرد بەدادوهاوار. هەموو كاسب كارو خەڵكەڕێبوارەكان لێم كۆبوونەوە. ژنە زۆر باش لە داو كەوتبوو. پارەكەی لە جانتا دەرهێناو بە ڕوویدا دام. زاری خوار كردەوەو گوتی:
(سەرو سەكوتت خواتەوە!)
پارەكەم هەڵگرت و وەڕێ كەوتم. چەند كۆڵانێك ڕۆیشتم، سەیرم كرد بەغاردان دوام دەكەوێ‌. پەشیمان ببووەوە لەوەی كەپارەكەی داومێ‌. پێیوابوو بە دووتمەن كەبمداتێ‌، دەتوانێ‌ پارەكەی وەربگرێتەوە.
لەو زۆڵانەی رۆژگار بوو. خۆش بوو لەوێ‌ بای و سەیرت دەكرد، كە لە كۆڵانە چۆڵەكە چەندە خۆی باش و مێهرەبان دەكرد.!
ئەو ڕۆژە بەیانی، بەفر دەستی كرد بە بارین چ بەفرێك! دەبوایە لە وێ‌ بایی و سەیرت كردبا. سەرەتا شەقام وكۆڵانەكانی پڕكرد، پاشان هەموو شوێنێكی داپۆشی. ماڵەكان، كۆڵانەكان، شەقامەكان، درەختەكان سپی سپی ببوون. بەفر. بەفر. بەفر. دەتدیت بەفرەو بەسەر بەفردا دەبارێ‌ و لەبەرچاوت لەسەر یەك هەڵدەچنرێ‌.بەفردەبێتە دارتێلی كارەبا،دەستەكانی بۆ هەوا بەرز دەكاتەوە، بەفر دەبێتە درەختێك و باڵندەی بچوك و سپی لەسەر لكەكانی هەڵدەنیشن، بەفر دەبێتە بێچوە پشیلەیەكی چەمووش و لەسەر لوولەی ئاوەڕۆی سەربانەكان هەڵدەواسرێ‌. بەفر. بەفر. بەفر.
مرۆڤ حەزی دەكرد لە پەنا ئاگر دابنیشێ و بەوشێوەیە سەیری بكا.
لەدەوری مەقاڵەی ئاگر دانیشتبووین. كارو كاسبی كزبوو. مشتەری سۆراخیان نەبوو. سەرما هێڵەی دەكرد. كێ‌ تاقەتی چوونەدەرەوەی هەبوو؟ ئێسقانەكان لە پێشخانەكە هەڵدرابوونە سەریەك. ڕێزدار جەنابی سەرهەنگ نەهاتبوو بۆ سەگەكەی بیان بات. پاشخانەكە پڕببوو لە خرت و پرت. دەبوایە لە گونیەكت هاویشتبان و برد باتنەدەرەوە. بەڵام كێ‌ حەوسەلەی هەبوو لەپێش مەقاڵەكە هەستێ‌؟
ئاگرەكە نێڵەی دەكردو قسەكانی وەستاشم زۆر دڵگیربوون.
باسی ڕۆژگاری كۆنی دەكرد. ڕۆژگارێك ڕۆن 75گرامی بەچوار عەباسی و هێلكە مریشكیش دانەی بە سەنارێك بوو*، هێشتا خێرو بەرەكەت هەرمابوو.
وەستام حەزی لە بەفر نەدەكرد، دوژمنی بەفر بوو. بە ناخۆشترین كات سەیری كلووە بەفرەكانی دەكردو دەیگوت:
(دەبەر بارانێ‌ مرم، بەفر چییە؟ باران دێت و دەڕوات. بەفر دەمێنێتەوەو هەناسەی زەوی دەگرێ‌. بەفر دوژمنی گیان و ماڵی خەڵكە. ماڵی خەڵك خەراپ دەكات. گیان لەبەرانی خودا برسی دەكات.)
باسی دەكرد:
(لەكۆندا بەفرێك باری باڵاپیاوێك. ماڵەكانی داپۆشی، دیوارەكانی ونكرد. درەختەكانی وشككرد. ماڵاتەكان لە برسان قڕانیا تێكه‌وت. ژیانی خەڵك گۆڕا. گرانی و نەخۆشی هات. خەڵك بۆ پاروەنانێك لە هەموو دەرگایەكیان دەدا. زگیان بای دەكرد، دەكەوتن و دەمردن.)
وەستام چاوی لە كلووە بەفرەكان بڕیبوو دەیگوت:
(ڕەحمەتی خودا لە حاجی یەحیا بێ و گۆڕەكەی پڕبێ لەنوور. ڕۆژێكیان لەسەرخۆ چەند گونییە برنجێكی لە مەنجەڵێك كردو پڵاو برنجێكی باشی دروستكرد. قاپ قاپ تێیكرد. بانگی منی كردو گوتی عەباس گیان، با خێرەكەی بۆ تۆبێت و بڕۆ بیدە بە لێقەوماوان. پاداشتت لای ئیمامی عەلی. سەرماو بەفرێكی بێ ئامان بوو. قاپە برنجەكانم وەردەگرتن و دەمبردنە دەرێ‌ و دەمدانە لێقەوماوان.. هیچ لەبیرم ناچێ‌ قاپی ئاخیرم بۆخۆم دانابوو دەهاتمەوە ماڵێ‌، لەناكاو لە كۆڵیتێكدا گوێم لە دەنگی گریەو ناڵەی منداڵێك بوو، هاتمەپێش لە كونێكەوە سەیرم كرد، ژنێكی گەنج دانیشتبوو، مەمكەكانی
لە زاری منداڵە شیرەخۆرەكەی دەنا. منداڵە مەمكەكانی دەگرت، بەری دەداو دەستی دەكرد بەگریان. منداڵێكی دوو ساڵەش دەگریاو دەیگوت: دایە برسیمە، برسیمە.. نازانی چەندە تێكچووم. دڵم داخورپا. بە هێواشی لە دەرگام دا. ژنە پەرێشانەكە هاتە بەردەرگا. قاپە برنجەكەم دایە. دەستم لە گیرفانم ڕاكردو هەرچی پارەی لە گیرفانم دابوو دەرم هێناو لە سه‌ر گۆشەیەكی قاپەكەم دانا. چوومەوە ماڵێ‌.)
هەروا كە قسەی دەكرد، سەیری دەرەوی دەكرد دیتم خۆشحاڵە بە فرەكە خەریكە دەیكاتەوە.
تازە سەرو كەللەی چەند كەسێك بەنەقدی پەیدا ببوون، كلوەبەفرەكان، بە پەرش و بڵاوی لە ئاسمان دەهاتنە خوار. ئیدی پێی نەدەگوترا بەفر، پاشماوەی ئەو بەفرە بوو كە لە بەیانییەوە یەك تەكان دەباری. وەستام هەروا كە تەماشای دەرەوەی دەكرد، لە ناكاو تێكڕابوو گوتی:
(جەعفەر غاردە توند دەڕوات…)
منیش لە پێش مەقاڵەكە هەستام و ڕامكردە دەرەوە. سەرماش بەدوامدا، ئەو سەرما گورچووبڕە. وەستام گوتی:
(بیست تمەن قەرز دارە، هەر گۆشتی بردووەو گوتویەتی بۆتان دێنم.)
كە لاقم چووە ناو بەفرەكە، دەستمكرد بە لەرزین. ژنەتیو كەی ئێستا وەختی هاتنەدەرەوە بوو؟ تۆ كە لەو دەور وبەرانە خۆت نیشان نەدەدا، بەو ساردو سەرمایە كە سەگیش لە لانەی خۆی نایەتەدەر، بۆ هاتوویتە دەرەوە؟ هاتوی لە پەنا مەقاڵە ئاگرەكە هەڵمستێنی؟ چەندیش تووند دەڕوات كافربابە! من ئێستا دوو هەنگاوم نەنابوو، كە ئەو لە كۆڵانەكە بایدایەوە. بەو چارشێوەو بەو چەكمە نەفرەتیانەیەوە.
ویستم تووند بڕۆم، زۆری نەمابوو بەسەر دەم و چاودا بكەوم. ئەو بەفرە نەگبەتە. كە گەیشتمە سەری كۆڵانەكە هیچ كەسێك لە كۆڵانەكە دیارنەبوو. ونم كردبوو. هەموو كۆڵانەكەم بەغاردان پێوا تا ئەوسەری كۆڵانەكەی دیكە. ژنە تیو دیار نەبوو. هەڵتەك هەڵتەك گەڕامەوە بۆ دوكان. وەستام گوتی:
(هێشتت لەدەستت دەرچێ‌، هیچ و پووچ؟)
ویستم دانیشم، ئێسقانەكانی نیشان دام:
(ئێستا كە هەر بەپێوەی، ئەوانە لەكۆڵ كەوە.)
ئێسقانەكانم لە گونیەك هاویشتن، گرێم دان و به‌كۆڵمدادا. ڕامكردە دەرەوە، وەك سەگی تێ هەڵدراو هەڵدەلەرزیم.

ھەواڵی زیاتر