ڕوونکردنەوە لەبارەى کارکردن لە پرۆژەى ئاوى ئیفراز سێ دەدرێت

پرۆژەى گۆڕینی  هێڵى 1500 ملم جۆری GRP بۆ جۆری کاربۆن ستیل لە هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز 3ـی هەولێر کۆتایی هات، بەمەش 2 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێكدا زیاد دەبێت.

دووشەممە، 05-08-2024، پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، کە ئاوی پاک بۆ 40%ی دانیشتووانی شارى هەولێر دابین دەکات، بەهۆی شکانی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3 لە جۆری GRP لە نزیک وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ دوای چاککردنەوەی لوولەکە هێشتاش نەدەتوانرا پڕۆژەکە بە توانای خۆی کاربکات و دەبووایە پێنج پەمپ کاربکات کە توانای هەر یەکەیان (2 هەزار مەتر سێجا ئاو) لە کاتژمێرێكدایە کە دەبوو 10 هەزار مەتر ئاو لە کاتژمێرێك بۆ شاری هەولێر بگوازێتەوە، بەناچاری کرابوو بە چوار پەمپ، بەمشێوەیەش وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز3 بە ڕێژەى 80%ی توانای خۆی کاری دەکرد.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ چارەکردنى ئەوکێشەیە و لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی شاری هەولێر لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاترى ئاو بۆ هاووڵاتییان، لە سەر بودجەی پارێزگاکە پڕۆژەى گۆڕینی  هێڵى 1500 ملم جۆری GRP بۆ جۆری کاربۆن ستیل لە هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز 3 بەکۆتایی هات، بەمەش 2 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێك زیاد دەبێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنى وێستگەیەکی ترى پرۆژەى پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز 3 بە توانای پێنج سەد مەتر سێ جا ئاو، لە کاتژمێرێكدا دەکەوێتە کار، کە کۆی گشتی لە ڕۆژێکدا 60 هەزار مەتر سێ جا ئاو بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات.

پارێزگاى هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، لە ئێستادا بەهۆى کارکردن لە بەستنەوەى هێڵى نوێى پڕۆژەکە بە یەکتر، لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2024.8.5 بۆ ماوەی 34 کاتژمێر پڕۆژەکە ڕادەوەستێت، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک لەو ماوەیەدا دەست بە ئاوەوە بگرن.