حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک:حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک لە ماوەی یاسایی خۆیدا پێکدێـت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر باش و ئەرێنی بوو، ھەردوولا ھاوڕابووین لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم پێکھاتەکان بەشداری لە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بکەن و نابێت ھیچ پێکھاتەیەک پشتگوێ بخرێت. دەشڵێ: ئەگەر پێکھاتەکان تەنازول بۆ یەکدی بکەن لە ماوەی یاسایی خۆیدا حکوومەت پێکدێت.

داواکاری سەرۆکوەزیران
ڕۆژی شەممە، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە و دواھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیان تاوتوێکرد، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر سوودانی سەرپەرشتی سێ کۆبوونەوەی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووکی کردووە، بەڵام لە ھیچ یەکێک لەو کۆبوونەوانەدا نەتوانراوە بڕیار لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بدرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە براوەکان کردووە دەبێت پەلە بکرێت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی، تاوەکو بتواندرێت پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک دیاری بکرێت.

نابێت ھیچ پێکھاتەیەک و لایەنێک فەراموش بکرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕاگەیاند، لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەئکیدمان لەوە کردەوە کە پێکەوە ھەوڵی جیددی بدرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، لەگەڵ ئەوەش پێشنیازمان کرد کە ڕێککەوتن بکرێت لەنێوان لایەنەکان بۆ ئەوەی بە ھەموومان بتوانین پێکەوە بگەینە ئەنجامێک بۆ خزمەتکردنی شارەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش تەئکیدی لەوە کردەوە پێویستە پێش کۆتایی ھاتنی ماوە یاساکە ھەوڵ بدەن کۆبوونەوە بکەن و حکوومەتی خۆجێی شارەکە پێکبھێنن، بۆ ئەوەی چی دیکە دوا نەخرێت، ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکھاتەکانی شارەکە کرا کە نابێت ھیچ پێکھاتەیەک فەراموش بکرێت، چونکە شاری کەرکووک شارێکی فڕە ڕەنگ، دەنگ و مەزھەبە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵ بدەین پێکەوە لەگەڵ تەواوی لایەن و نەتەوەکانی دیکە حکوومەت پێکبھێنین، بۆ ئەوەی خەڵکی کەرکووک زیاتر لەوە لە چاوەڕوانی نەمێنەوە، کە زیاتر لە ھەشت مانگە ئەوان چاوەڕوانی ئەنجامی دەنگەکانیان دەکەن.

لە ماوەی یاسایی خۆیدا حکوومەتی خۆجیی کەرکووک پێکدێت
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکراشی کرد: ئەگەر نیەتێک ھەبێت لە ماوەی یاساییدا کە کەمتر لە ھەفتەیەک ماوە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک پێکدێت، چونکە کاتەکە زۆرە، ئەگەر لایەنەکان و پێکھاتەکان کەمێک لە ئاستی داواکارییەکانی خۆیان بێنە خوارەوە و تەنازول بۆ یەکدی بکەن پێش ئەوەی ماوە یاساکە تەواو بێت دەتوانین حکوومەت پێکبھێنین، بۆ ئەو مەبەستە وەکو فراکسیۆنی پارتی بەردەوام لەگەڵ لایەن و پێکھاتەکان لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ھەر چی زووە کەرکووک لەو دۆخە چەقبەستووەی تێکەوتووە ڕزگار بکەین، چونکە کەرکووک شاری ھەمووانە، شاری ھەموو دەنگ و ڕەنگەکانە.

داواکارییەکانی فراکسیۆنی پارتی
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی لەوەشکردەوە: وەکو پارتی پێمان باشە پارێزگاری کەرکووک پارێزگارێک بێت جێگەی ڕەزامەندی ھەموو لایەن و پێکھاتەکان بێت، لە ھەمان کاتدا کوردێک بێت شارەزایەکی باشی لەو بوارە ھەبێت بۆ ئەوەی بە یەک چاو تەماشای ھەموو لایەن و پێکھاتەکان بکات، کەرکووک سەرلەنوێ ئاوەدان بکاتەوە، چونکە خەڵکی کەرکووک شایەنی ئەوەن زیاتر خزمەت بکرێن.

ھاوسەنگی دروست دەبێت
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: ئەگەر ئێستا حکوومەتی خۆجێی کەرکووک پێکھاتبایە، بارودۆخی شارەکە باشتر دەبوو، لە ھەمان کاتدا وەکو ئەندامانی ئەنجوومەن ڕۆژانە کارەکانی خۆمان دەکرد و لە چ شوێنێکی شارەکە کێشە و گرفت ھەبانە بەدواداچوومان بۆ دەکرد و کێشەکەمان چارە دەکرد، بەوەش بارودۆخی شارەکە لە ھەموو ڕوویێکەوە باشتر دەبوو و ئەو جیاوازییەی ھەیە نەدەما و ھاوسەنگی دروست دەبوو.

ھەواڵی زیاتر