ئەنتۆنی بلینکن: پێویستە هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست واز لە پەرەسەندنی گرژییەکان بهێنن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، پەرەسەندنی گرژییەکان ڕابگرن و بگەنە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

ئەنتۆنی بلینکن, لە مەنگۆلیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە ململانێ و ئاڵۆزی و نا ئاسایش زیاتر دەبێت دەبێت ئەوە ڕابگیرێت. ئاماژەی بەوەش کرد “ئەمە لەو ئاگربەستەوە دەست پێ دەکات کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین، هەروەها پێویستە سەرەتا هەموو لایەنەکان قسە بکەن و واز لە پەرەسەندنی گرژییەکان بهێنن”.

بلینکن، هیچ قسەیەکی لەسەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە نەکرد، بەڵام گوتی: پێموایە ئەمە شتێک نییە بەدی هاتبێت، بەڵکو دەبێت بەدەست بهێنرێت. باسی لەوەش کرد، پێویستە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو لایەنەکان ڕێگا دروستەکە هەڵبژێرن، چونکە ئەم هەڵبژاردنانە جیاوازی دروست دەکەن لە نێوان مانەوە لەسەر ڕێگای توندوتیژی و نائارامی یان ڕۆشتن بەرەو شتێکی تەواو جیاواز و باشتر بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا هەموو هەوڵەکانی نێوەندگیریی شکستیان هێناوە بۆ هێنانەدی ئاگربەست لە غەززە. بەڵام شەڕەکە گرژییەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل لە لایەک و ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لوبنان و یەمەن و عێراق و سووریا لە لایەکی دیکەوە بەرزکردۆتەوە، بەتایبەت حزبوڵلای لوبنانی.

 دوێنێ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بەو هێرشانەی کە لە بەیروت و تاران ڕوویان دا گوتی: هێرشەکان دەبێتە هۆی هەڵکشانێکی مەترسیداری توندوتیژییەکان. هەروەها داوای بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024،  ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، لەگەڵ پاسەوانێکی تایبەتی بەر هێرشێکی مووشەکی کەوتن و کوژران. گومان دەکرا هێرشەکە ئیسرائیل کردبێتی.

ھەواڵی زیاتر