لە دوو دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێک حکوومەت لە عێراقی فیدراڵیدا دامەزراون، بەڵام هیچ کامێکیان نەیانتوانیوە کێشەی کارەبای ئەو وڵاتە چارەسەر بکەن، سەعاتەکان کارەبای نیشتمانی لە جیاتی ئەوەی زیاد بکەن، کەم دەبنەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی عێراقی بەدواوە بووە، حکوومەتی عێراق کە بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی پشتی بە ئێران بەستووە ئەم جارە لە تورکیاش کارەبای کڕیوە و بڕیارە لە ئوردن و سعوودیە و وڵاتانی تریش هاوردەی بکات.
عێراق جگە لە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران لە هەمان کاتدا گازی سروشتیش هاوردە دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات، ئێران سزای ئەمەریکای لەسەرە بەڵام بە شێوەی کاتی ئەمەریکا مۆڵەتی بە عێراق داوە تا بەشێک لە پێداویستییەکانی لە ئێرانەوە دابین بکات بەو مەرجەی هەرچی زووە جێگرەوەی بۆ بدۆزێتەوە و بەرەو ئەوە هەنگاو بنێت خۆی لە ناوخۆ پێداویستییەکانی کارەبا و گازی سروشتی دابین بکات.
بەهاری ئەمساڵ زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێویستی بە سێ تا پێنج ساڵ کات هەیە تا خۆی لە هاوردەکردنی گازی سروشتی لە ئێرانەوە ڕزگار بکات. ئەو باسی لەوەش کردبوو کە عێراق پێویستی بە چل هەزار مێگاوات کارەبا هەیە تا بە تەواوی پێداویستییەکانی پڕ بکاتەوە بەڵام ئەوەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت سەرووی نیوەی ئەو پێداویستییانەیە.
لە عێراق بەرهەمهێنانی کارەبا یان وزە زیاتر بەو جۆرە سووتەمەنییانە گرێ دراوە کە ژینگە پیس دەکەن و کەمتر لە سێ لەسەدای کارەبا لە ئاو و وزەی پاک دابین دەکرێت.
بەپێی پلانی وەزارەتی کارەبای عێراق تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ دەبێ یازدە هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنرێت و کۆمەڵێک پڕۆژە لە ناوخۆ لە جێبەجێکردندان بەڵام ئەگەر پێداویستییەکان بە کارەبا هەر وەک خۆی بمێنێتەوە کە ساڵانە زیاد دەکات، دیسان ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت کە وەزیری کارەبا باسی دەکات.
زۆربەی کارەبای عێراق لە ماڵەکان خەرج دەکرێت کە بۆ مەبەستی فێنککردنەوە و ئامێرەکانی تری کارەبایە و تەنیا لەسەدا یازدەی بۆ کەرتی پیشەسازی و نزیکەی بیست و دوو لەسەدای بۆ کەرتی خزمەتگوزارییە.
عێراق کە دەزانێت بەو خێراییە ناتوانێت پێداویستییەکانی بە کارەبا دابین بکات بڕیاری داوە لە وڵاتی دیکەش وزە هاوردە بکات. لەم دواییانەدا تۆڕی کارەبای عێراق بە تورکیا گرێ درا و تورکیا بەشێک لە پێداویستییەکانی کارەبای عێراق دابین دەکات.
ئەو هێڵە کارەبایەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بە عێراق گرێ درا بە درێژیی سەد و پازدە کیلۆمەتر بنیات نراوە و بەهۆی هێڵەکە سێسەد مێگاوات کارەبا بۆ پارێزگای نەینەوا و چەند شوێنێکی تر دابین دەکرێت. بڕی کارەباکە کەمە و ناتوانێت برینە گەورەکەی کورتهێنانی کارەبا لە عێراق چارەسەر بکات.
دوو ساڵ لەمەوبەر عێراق لەگەڵ سعوودیەش ڕێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنی واژۆ کرد بۆ ئەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداو گرێ بدات.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵیشدا بەپێی ڕێککەوتنێک کە پێشتر عێراق لەگەڵ ئوردن کردبووی بڕی چل مێگاوات کارەبا لە ئوردنەوە بە تۆڕی کارەبای عێراق گرێ درا و بڕیارە ئەو بڕە کارەبایە لە داهاتودا زیاتر بکرێت.
عێراق کە بۆ دابینکردنی کارەبا و تەنانەت گازی سروشتی حەوجێی دەستی وڵاتانی تر بووە کێشەکەی لەوەدایە هەر قەیرانێک لەو وڵاتانەش بێتە کایەوە کاریگەری لەسەر دابینکردنی وزە لە عێراق دەبێت. ڕاستە ڕێککەوتنی کڕینی وزەی کارەبا لەئارادایە بەڵام هەندێک جار ئەو ڕێککەوتنانە لەژێر کاریگەری گوشاری سیاسی یان ڕووداوەکانی تر وەک خۆی جێبەجێ ناکرێن.
بۆ نموونە لە ئێران بەرهەمهێنانی کارەبا بەشی پێداویستییەکانی ناوخۆی ناکات و ئەمساڵ حاڵەتەکانی کوژاندنەوە لە ئێران زیادی کردووە و زیانێکی زۆر بەو هۆیەوە بە کەرتی پیشەسازی وڵاتەکە کەوتووە. بەپێی میدیاکانی ئێران کورتهێنانی وزەی کارەبا لە ئێران ساڵ بەساڵ زیاتر دەبێت و ئێران کە فرۆشیاری کارەبا بووە خەریکە خۆی بۆ کڕیار دەگۆرێت و بۆیە بە بێ سزاکانی ئەمەریکاش هی ئەوە نییە عێراق پشت بە کارەباکەی ببەستێت و هەر بۆیەش ماوەیەکە بیر لە جێگرەوە دەکاتەوە.
گەندەڵیی، بەفیڕۆدانی سەرمایەکی زۆر، نەبوونی پلان و پڕۆژەی گونجاو بۆ گلدانەوەی ئەو گازەی لە کێڵگەکانی نەوت دەسووتێنرێت، نەبوونی هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی، هۆکارگەلێکن کە وایانکردووە عێراق تا کاتێکی نادیار حەوجێی وڵاتانی تر ببێت و هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ خۆبژێوی لە وزەدا نەبێت.