بەپێی ئامارێک کە دەستی ڕۆژنامەی هەولێر کەوتووە، لەمساڵدا و تەنیا لە یەک مانگدا ١٤٠٠ هاووڵاتی بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێنمایی دەروونی، سەردانی بەشی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێریان کردووە.
ئامارەکە ترسناکە
بەپێی لێدوانی پزیشکێکی دەروونی، ئەو ئامارە هەڵوەستە کردنی پێویستە و دەبێت لە هۆکارەکەی بکۆڵدرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە باسی لەوە کردووە؛ لەوەدا ئامارێکی باشە کە پێشتر هاووڵاتیانی کوردستان بڕوایان بە بوونی نەخۆشی دەروونی لاواز بوو، تەنانەت شەرمیان دەکرد لە حاڵەتێکدا دانی پێدابنێن کە نەخۆشی دەروونیان هەیە، ئەم ئامارە دەیسەلمێنێت کە ئیتر ئەو هۆشیارییە هەیە و لەکاتی ئاڵۆز بوونی دەروونیان هاووڵتیان پەنا دەبەنە بەر وەرگرتنی ڕێنمایی دەروونی.
هۆکارەکان
بە بڕوای پزیشکێکی دەروونی، ئەوەی پشکی شێری بەردەکەوێت لە تێکدان و ئاڵۆزکردنی دەروونی هاووڵتیان بەو ڕادە ترسناکە، ڕاگەیاندنی زۆر و نائەکادیمی و ناپرۆفیشناڵە، ئەو پزیشکە دەڵێت؛ پێدانی زانیاری و گواستنەوەی هەواڵ پێویستی بە جۆرێک لە مۆڕاڵ و موراعاتکردنی دەروونی خەڵکەوە هەیە و ئەمە لە ڕاگەیاندنی ئێستای کوردیدا زۆر کەم بەرچاو دەکەوێت، کە ڕاگەیاندنێک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات لە کاتی ڕووماڵی هەواڵیک، زۆرجاریش بە مەبەست هەندێک ڕەگەزی هەواڵەکە تۆخ دەکەنەوە کە زیاتر کاریگەرە و سەرنجی بینەران و خوێنەران ڕادەکێشێت.
هۆکارێکی دیکە بۆ زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە، مرۆڤ هەرکاتێک هەستی بە نائومێدی کرد یەکێک لە هۆکارەکانی دەوروبەرە، بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی بەو ڕادەیەی ئێستا لە نێوان تاکەکان هەستی پێدەکرێت زۆر کاریگەرە لەسەر بابەتی ماندوو بوونی دەروونی، ئەو پزیشکە زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتیاکنیش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە لەوانە؛ فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی بەکارهێنەرانی کە بەشی زۆریان ڕۆشنبیری بەکارهێنانیان لاوازە، هۆکارێکی دیکە بۆ خراپی دۆخی ئابوری دەگەڕێنێتەوە.
ڕەنگدانەوەی دەروونی هاووڵاتیان لە سۆشیال میدیا
ئەو پزیشکە بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، گفتوگۆی کردووە و باسی لەوە کردووە، ئەگەر چاوێک بە سۆشیال میدیادا بخشێنین و لە کۆمێنت و دەربڕینی هاووڵاتیان ورد ببینەوە، زۆر ئاسانە درک بەوە بکەین، کە دەروونی هاوووڵتیان بە ڕادەیەک ماندووە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی دەربڕینەکانی خۆی بکات و دەتەقێتەوە و دەیەوێت لە ڕێگای دەربڕینەوە تۆزێک لە ناخی خۆی خاڵی بکاتەوە و هەست بە ئارامی بکات، ئەم توڕە بوونە دەروونییەی هاووڵتیان زۆر بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەستی پێدەکرێت. بە ڕادەیەک هیچ کەسێک نییە لەگەڵ دەرکەوتنیدا لێشاوێک کۆمێنتی نەشیاو و ناشرینی بۆ نەنووسرێت، ئەو پزیشکە پێی وایە، ئەوە یەکەمین بەڵگەی ئەوەیە دەروونی هاووڵاتیان بە ڕادەیەک ماندووە کە ئیتر بۆی گرنگ نییە چی دەڵێت و چۆنی دەیڵێت، تەنیا ئەوەی لا گرنگە هەوڵی تێکشکاندنی دەوروبەری بدات بە هەر ڕێگایەک کە پێی دەکرێت. باس لەوەش دەکات. هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا بە ڕێژەی ٧٠٪ پەیوەندی بە باری دەروونی هاووڵتیانی ئەو شوێنەوە هەیە، ئەگەر هاووڵتیان لە بارێکی دەروونی باش و لەسەرخۆ بن زۆر ئاسان دەتوانرێت ئاراستە بکرێن و لە توندوتیژی دوور بخرێنەوە، وە بە پێچەوانەوە بۆ کۆمەڵگەی ئێستای کوردستان خەریکە ئەو هەنگاوە قورس دەبێت.
گۆشەگیر بوون و نامۆ بوون
لە ڕووی دەروونییەوە چەمکی گۆشەگیر یا نامۆ بوون، چەمکێکی باش نییە و مرۆڤی کۆمەڵایەتی دەروونێکی باشتری هەیە، ئەو پزیشکە سەبارەت بە سەردانیکەرانی نەخۆشەکانی و چۆنییەتی گرفتەکانیان، باس لەوە دەکات، بەشی زۆریان بەهۆی شکستێکەوە یا بەهۆی ڕووداوێکەوە وا هەست دەکات چیتر مرۆڤێکی ئاسایی نییە و چواردەورەکەی وەک مرۆڤێکی پەسەند لێی ناڕوانن، بێگومان ئەم جۆرە لە بیر کردنەوە وا لە مرۆڤ دەکات زیاتر حەز بە تەنیایی و گۆشەگیری بکات و سەرەنجام پەلدەکێشیت بۆ نیگەرانیی و نامۆ بوون و دوور کەوتنەوە لەو ڕۆتیناتەی ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی پێویستی پێیە. ئەو پزیشکە ڕێنمایی هاووڵاتیان دەکات، لە حاڵەتی هاوشێوەدا زیاتر بتوانن خۆیان سەرقاڵی پەیوەندییەکانیان بکەن و هەوڵبدەن ئەو کەسە بدۆزنەوە کە لەگەڵی بە ئاسودەیی دەتوانێت کێشەکانی خۆی باس بکات، نەک پەنا بۆ تەنیایی ببات و دۆخی دەروونی خۆی بەرەو خەمۆکی ببات.
زیادبوونی تاوانی خێزانی
ئەو پزیشکە باس لە زیادبوونی جۆرێک لە تاوان دەکات کە بە ترسناکترین جۆری تاوانی دەزانێت، ئەویش تاوانی خێزانیە. کە بە وتەی ئەو ئەو جۆرە تاوانە لە خیانەتی نێوان هاوسەران و نواندنی توندتیژی لە نێوانیاندا دەگرێتەوە تا پەیوەندی ئەندامانی خێزانێک وەک پەیوەندی باوک و کوڕ یا دایک و کوڕ هید.. ئەو باس لەوە دەکات لە ماوەیەکی کورتدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهێدی چەندین حاڵەتی خیانەتی هاوسەرگیریی بووە کە جگە لە خیانەتەکە یەکێک لە هاوسەرەکان ویستوێتی ئەوەی دیکەیان بسڕێتەوە و لە ناوی ببات. ئەو دەڵێت؛ زیادبوونی ئەم حاڵەتانە لە دیاردەوە، پێمان دەڵێت هەرچی زووترە پیویستە بە سیستمی پەروەردە و تەنانەت سیستمی زانکۆکانمان و یەک بە یەکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە سۆشیاک مێدیاوە بخرێنە ژێر چاودێریی و ڕێنمایی توندەوە بۆ ئەوەی هەوڵی گەڕانەوەی دەروونێکی ئارام بۆ هاووڵاتیان بدەین.