وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ڕێژەی خۆکوشتن سەدا هەشت زیادی کردووە

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ڕێژەی دزی و کوشتنی بە ئەنقەست کەمی کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێژەی خۆکوشتنی هاووڵاتییان سەدا هەشت زیادی کردووە.

یەکشەممە، 14-07-2024، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی مێدیایدا ئاماری کار و چالاکییەکانی دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتەکەی لە ماوەی شەش مانگی ئەم ساڵدا ڕاگەیاند: “لەم ماوەیەدا هێزە ئەمنییەکانمان 32 هەزار کەسیان بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر کردوون”.

دەستگیرکردنی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەی ناوخۆی عێراق، هێزە ئەمنییەکانیان بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەزگا هەواڵگیری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، لە 29 هەزار ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا، حەوت هەزار و 705 کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کردوون.

گوتەبێژی وەزارەی ناوخۆی عێراق ڕوونی کردەوە، لەو ژمارەیە 500ـیان بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بوون؛ دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ 72 بازرگانیی هۆشبەرەکان دەرکردووە و 119ـی دیکەشیان سزای زیندانیی هەتاهەتایەیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێژەی خۆکوشتن زیاد و دزیش کەمی کردووە

میقداد میری ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی ئامارەکانیان، بەروارد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی دزی لە سەدا حەوت و رێژەی کوشتنی بە ئەنقەستیش سەدا 13 کەمی کردووە؛ بەڵام لە بەرامبەردا ڕێژەی خۆکوشتن لە پارێزگاکانی عێراق سەدا هەشت زیادی کردووە.

سەرپێچی هاتوچۆ

گوتەبێژی وەزارەی ناوخۆی عێراق لەبارەی تۆمارکردنی سەرپێچی هاتوچۆ ڕایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن و 829 هەزار سەرپێچی هاتوچۆ لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە سەرانسەری پارێزگاکان تۆمار کراون.

بە قاچاخبردنی نەوت

میقداد میری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، دەستیان بەسەر 96  شوێنی قاچاخی نەوت و 296 تانکەردا گرتووە کە نەوتیان بە قاچاخ بردووە. 

ھەواڵی زیاتر