ماڵی زیرەک چییە و سوودەکانی چین؟

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

تەکنەلۆژیای ماڵی زیرەک یاخود بە خۆکارکردنی ماڵەکان، دروستکردنی ماڵێکی زیرەکە کە تیایدا لەڕێگەی ئاپێکەوە کۆنتڕۆڵی ڕووناکی و پلەی گەرمی و سیستەمەکانی بینین و بیستن و سیستەمی کامێرای چاودێری و چەندین کەل و پەلی دیکەی ماڵەکان دەکرێت.

ئەم تەکنەلۆژیایە گەیشتووەتە ئاستێکە لەڕێگەیەوە دەتوانیت لە هەرشوێنێک بیت هەموو ئامێرەکانی ماڵەکەت کۆنتڕۆڵ بکەیت. کە لە کردنەوەی دەرگای ماڵەکانەوە دەستپێدەکات تا لادانی پەردەکان و ڕێکخستنی ڕووناکی ماڵەکان و ئامادەکردنی قاوەیەک لەبەیانیاندا بە ئامێری قاوەکەت.
ئەگەر چەند ساڵێک پێش ئێستا باسی شتێکی لەم شێوەیە بکرایە وەک خەیاڵێک دەردەکەوت بەڵام ئێستاکە لە بەشێکی ماڵەکانی کورستاندا بەدیدەکرێت و کاری پێدەکرێت.
لە ماڵی زیرەکدا تەواوی ئامێرەکانی ماڵەکت بەستراوەتەوە بە ئاپێکەوە کە دەتوانیت لەڕێگەی مۆبایلەکەتەوە کۆنتڕۆڵی بکەیت و ئاگاداری سەرجەم وردەکارییەکانی ماڵەکەت بیت.
بەناوبانگترین ئەو وڵاتانەی کە پێشەنگن لە بواری تەکنەلۆژیای ماڵە زیرەکەکاندا وڵاتی کوریای باشوور و وڵاتی ئەڵمانیان کە نموونەی پێشکەوتنن لەم بوارەدا کە نەک تەنیا ماڵەکانیان بەڵکو سیستمی ڕوناککردنەوە شەقامەکانیان و تەنانەت زبڵی بەشێکی زۆر لە ماڵەکانیان خودکارانە بەبێ یارمەتی هیچ مرۆڤێک فڕێدەدرێن و دەگوازرێتەوە بۆ زبڵخانە. هەربۆیە وڵاتی ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە سیستمی ماڵی زیرەکدا ماڵەکانی لەڕیزی پێشەوەی سەلامەتترین ماڵەکانی جیهانە.
لە کوردستانیش تا ڕادەیەک ئەم سیستمە لە بەشێکی ماڵەکاندا بەدیدەکرێت و کاری پێدەکرێت کە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ خاوەنماڵ دەکات و وزەی بەفیڕۆ چوو کەمدەکاتەوە و لە بەشێکی ماڵەکانیش ئەگەرچی تەواوی ماڵەکە زیرەک نیە، هەنێک لە ئامێرە گرنگەکانی ماڵەکەیان گۆڕێوە بۆ ئەم سیستمە کە ئاسانکارییەکی باشی بۆ کردوون.
ئەوانەی پەیڕەوی ئەم سیستمەیان کردووە ئاماژە بەوە دەکەن لە ماڵێکی زیرەکدا ژیانت پارێزراوتر و ئاسانترە و بەکارهێنانی کارەبات کەمترە ئەمەش وا دەکات وزەییەکی کەمتر بەکاربهێنیت و بەشداربیت لە پارێزگاریکردنی ژینگە.
بەڵام سەرەڕای بەکارهێنانی لە بواری پاراستن و چاودێری، هێشتا شارەزایان دوودڵن لە کارایی و سەلامەتی ماڵی زیرەک، لەبەرئەوەی هاککردن یەکێکە لە مەترسییە گەورەکانی ماڵی زیرەک. چوونکە هاککەرەکان دەتوانن دەستیان بگات بە هەموو ئامێر و کامێراکی بەستراو بە ئینتەرنێتی ماڵەکەوە بۆیە شارەزایان نیگەرانن لە داهاتووی ماڵی زیرەک.
بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە لە سەرەتادا کێشەی متمانە لە هەموو بابەتە تەکنەلۆجییە نوێیەکاندا هەیە و ئەوەش بە تێپەڕبوونی کات و پتەوکردنی لایەنە سەلامەتیەکان چارەسەر دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانە لەلای خەڵک.

ھەواڵی زیاتر