ڕائیب جادر – هەولێر
ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و سبەی کۆتایی بە پرۆسەکە دێت. بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دھۆک، دەڵێت: ئەنجامدانی کۆنفرانس ھێز و ڤێرژنێکی نوێ دەداتە ئۆرگانەکانی پارتی، کە خزمەتێکی گەورەتر پێشکەشی خەڵکی کوردستان بکەن. بەرپرسی لقی دەی پارتییش لە ئیدارەی سۆران، گوتی: ئەو کۆنفرانسە ڕۆحێکی تازەی خستە جەستەی ڕێکخستنەکانمان، ئەو قۆناغەش دەستپێکی قۆناغی ڕووچوونە بۆ نێو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ڕۆژی سێ شەممە ٢٥ی مانگی ڕابردوو ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٧ لق دەستی پێکرد، پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی پەیڕەو و پڕۆگرامی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٤ی پارتی بەڕێوەدەچن، زۆرینەی زۆری بنکە، ڕێکخراو و ناوچەکان ھەڵبژاردنیان بۆ کراوە، ھەروەھا لە بەشێکی زۆری لقەکانیش ھەڵبژاردن بۆ کارگێڕانی لق کراوە، ئەوانەی کە ماویشن لیژنەکان دەستبەکارن و بەردەوامن لە پرۆسەکە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ھەفتە ھەڵبژاردن کۆتایی پێ بێت، دواتر لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان ھەڵبژاردن دەکرێت.
پرۆسەکە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان لەژێر سەرپەرشتی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی لەگەڵ چەند لیژنەیەک لە پارێزگاکان و لقەکان و ناوچەکان بەڕێوەدەچێت، ئەو لیژنانەی پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن کادیری پێشکەوتوو و بە توانا و شارەزان لە بوارەکەدا، جگە لەوەی لە ھەموو سنوورەکان لیژنەیەکی چاودێری و سکاڵا ھەیە بۆ ئەوەی ھەر سکاڵایەک ھەبێت یاخود ھەر جۆرە لادانێک ھەبێت بەدەر لە ڕێنمایەکان بەزووترین کات چارەسەر بکرێت و بە باشترین شێوە و لە ھەڵبژاردنێکی دیموکراسییدا سەرجەم ئۆرگانەکان ھەڵبژێردرێنەوە.
د.نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دھۆک، دەڵێت: پاش ئەوەی لەلایەن سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی بڕیاردرا کۆنفرانسی ئۆرگانەکانی پارتی بکرێت، ئێمە وەکو لقی یەک ھەموو ڕێکارێکمان بە ھاوکاری لەگەڵ لیژنەی ئامادەکار گرتنەبەر و ئەو پرۆسەیە لەسەر ئاستی بنکە و ڕێکخراوەکان، لیژنە و دەستەی کارگێڕانی لق بەشێوەیەکی ئارام و دیموکراسی بەڕێوەچوو، ھەر بۆ ئەو مەبەستە سوپاسی لیژنەی ئامادەکار و ھەموو ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری لقی یەک دەکەم و ھیوای سەرکەوتن بۆ ھەموو ئەو کادیرانە دەخوازم کە متمانەی ئەندامانی پارتییان بەدەستھێنا.
بەرپرسی لقی یەکی پارتی، گوتیشی: ئەو کۆنفرانسە ھێز و ڤێرژنێکی نوێ دەداتە ئەندام و کادیر و ھەموو ئۆرگانەکانی پارتی، کە خزمەتێکی گەورەتر پێشکەشی خەڵکی کوردستان بکەن، دەستخۆشیش لە ھەموو ئەو کادیرانە دەکەم ئەوانەی کە چەندین ساڵە لەناو ئۆرگانەکانی پارتی خزمەتی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی دەکەن، ئەوانە سامانێکی گەورەی پارتینە و پشت ڕاستیان دەکەمەوە لە داھاتوودا زیاتر دەتوانن خزمەتی خەڵکی کوردستان و ئەو ڕێبازە پیرۆزە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، د. ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی دەی پارتی لە ئیدارەی سۆران، لەبارەی بەکۆتا ھاتنی کۆنفرانس لە سنووری لقەکەی ڕاگەیاند، ئەم پڕۆسەیە لە کەش و ھەوایەکی تەواو دیموکراسییانە بەسەرپەرشتی لیژنەی سەرپەرشتیار و بە چاودێری لیژنەی سکاڵا و بەدواداچوون بەڕێوەچوو، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی تەواوی لایەنگر و ئەندامان و کادیرانمان دەکەم، کە بە ڕۆحیەتێکی کادیری بە ھەستکردن بە گرنگی قۆناغەکە بەشدارییەکی کارای پڕۆسەکەیان کرد، جۆش و خرۆشی بەشداریکردنی لاو و ئافرەت لەو کۆنفرانسە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە پارتیمان لەشکرێکی لەبن نەھاتوویی کادیری بە باوەڕ و بە ئەزموون و خاوەن ئیرادەی ھەیە و ئەرک و بەرپرسیاریەتی ئەندام و لایەنگر و کادیرانمان بەرامبەر بە وڵات و بەرامبەر بە حیزبەکەمان گەورە و پیرۆزە، کە ھەمیشە ئامادەبوونە بۆ قوربانیدان و خۆنەویستبوونە.
بەرپرسی لقی دەی پارتی لە سۆران، دەشڵێ: ئەو کۆنفرانسە ئەو بەرپرسیاریەتەی نوێکردەوە و ڕۆحێکی تازەی خستە جەستەی ڕێکخستنەکانمان، ھەڤاڵانی ئێمە بە لۆژیکی بردنەوەی کەسی بەشداری ئەو پڕۆسەیان نەکرد، بەڵکو بە لۆژیکی سەرخستنی پارتیمان بەشداربوون، بۆیە ھەموویان تێدا سەرکەوتن و ئەو قۆناغەش دەستپێکی قۆناغی ڕووچوونە بۆ نێو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.