و: خالید فاتیحی
لە ناوەڕاستی مەیدان. بەپێوە، ماندوو بێجووڵە. با، ساردی بارانی پایزی لەسەر بەردچنەكان كۆدەكاتەوە، دەیهێنێ و دەیخزێنێتە ناو پاڵتۆكەم. تەواوی ئێسقانەكانم دەلەرزن. ئیدی شتێك جگە لە ئێسقانەكانم نەماونەتەوە كە سەرما بیان تەزێنێ و بە چاوێك كە بتوانم دنیای دەورو بەرم ببینم.
چەند منداڵێك بەغاردان لە دوورەوە دێن، بەخۆشی و هاواركێشانەوە. كەمێك سەرم بەرزدەكەمەوە. دەم و چاوم لەژێر كڵاوگەڕگەڕیە خۆڵەمێشیەكە دەردەكەوێ. كەلێم نزیك دەبنەوە، هەنگاوەكانیان شل دەكەنەوە و یەكێكیان دەڵێت: «منداڵینە، پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە، پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە!»
«نابابە، پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە نییە.»
«بەخوا، بۆخۆیەتی، تەماشای بكەن. بۆ خۆیەتی.»
منداڵێكی دیكە تفی دەمی قوت دەداتەوەو بە دەنگێكی لەرزۆكەوە دەڵێت: «لێرە چی دەوێت؟»
«نازانم. حەتمەن بەدوای خواردندا دەگەڕێت. خواردنی بدەینێ؟»
«نا. نا. دایكم دەڵێت هەر كەسێك لە پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە نزیك بكەوێتەوە وەكو ئەوی لێدێت. زووكەن با ڕاكەین.» هەروا كە سەرنجم دەدەن، بە ڕاكردن دوور دەكەونەوەو چەند هەنگاوێك كە دوور دەكەونەوە، بە هەناسەبڕكێوە ئاوڕدەدەنەوە كە نەبادا وەدوایان كەوتبم.
سەرنج دەدەمە ئەو ڕستەیە: «هەر كەسێك لە پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە نزیك بكەوێتەوە وەكو ئەوی لێدێت.»
با لە كاسەی چاوەكەی دیكەمەوە ڕێك دێت و دەچێتە ناو كاسەی سەرم. ساردیەكەی دەیبردمەوە بۆ ئەو شەوەی كاتێك هاوسەرەكەم دەرگای ماڵێی لێكردمەوەو بە سەرسووڕمان و شڵەژانەوە پرسی: «دەستت چی لێهاتووە؟»
ئەوكاتەبوو كە تێگەیشتم دەستی ڕاستم لەگەڵ نییەو ئەوەندەی بیرم كردەوە وەبیرم نەهاتەوە. هاوسەرەكەم كە نەیدەتوانی ئەوەی پێ تەحەممول بكرێ، نیوەشەوێ خۆی پێچایەوەو چووە قاوەخانەی مەیدانەكە. دەستی ڕاستمی بە جێگای دەستی پیاوێكی یەكدەستی شارەوە دیت كە ئێستا دوو دەستی هەبوون و ببوە قاوەچی مەیدانی شار. دوای بگرەو بەردەیەكی زۆر، كابرا پێی گوتبوو كە من بە ئارەزووی خۆم دەستی خۆم داوەتێ تا بتوانێ كاربكاو نان بۆ ژن و منداڵەكانی پەیدا بكات.
هاوسەرەكەم ئەو شەوە لە هەموو شەوان میهرەبانتر بوو. هەرچەندە دەكرا ڕقەكەی لە قوڵایی نیگاكانیدا بخوێنیەوە. بەڵام دوای چەند ڕۆژ زیاتر نەیتوانی تەحەممولم بكات كاتێك بە ڕوخسارێكی ئێسك پرووسك و بێ پێست هاتمەوە ماڵێ. دەستێكی بە سەر ئێسكەكانی دەم و چاومدا هێناو دیسان وەبیرم نەهاتەوە كە پێستی ڕوخسارم چ لێكردووە. هاوسەرەكەم دیسان خۆی پێچایەوەو دوای گەڕان و سووڕانێك بە مەیدانی شاردا، پێستەكەمی بە ڕوخساری كچێكەوە دیتبوو. پێیوابوو كە خیانەتم لێكردووە چووبوەلای كچەو پێستەكەی لە ڕوخساری كردبۆوە. پاشان زانیبووی كە پێستی ڕوخساری كچە سووتاوە. كیژە گوتبووی كە هاوسەرەكەت بە ئارەزووی خۆی ئەو كارەی كردووە تا پیاوێك عاشقم بێ و بتوانم بژیم. هەموو ئەوانەم لە هاوسەرەكەم بیستنەوەو ئەسڵەن ئەوباسانەی كە دەیكردن، لەبیرم نەماون. ڕۆژێكی دیكە كە هاتمەوەماڵێ دووبارە خێزانم خۆی پێچایەوەو ئەو جارەیان بێ ئەوەی قسەیك بكات جانتاكەی دەستدایەو كاتێك دەیویست لەماڵ بچێتەدەر، پێشم پێگرت و گوتم: «بۆچی؟»
بردمیە پێش ئاوێنە. خۆمم بینی كەهیچ گۆشتێك بە لەشمەوە نەماوەو من هەتا لەبیرم نەمابوو كە چیم بەسەرهاتووە. نیگەران لەوهەموو شتانە پێشم بە هاوسەرەكەم گرت و گوتم: «چما نەتدەگوت كە ئاكارو ڕەفتار لە ڕوخسار باشترە؟ من هێشتا ئاكارو ڕەفتارم لە دەست نەداوە، من هێشتا هەمان پیاوە باشەكەم. وانییە؟»
بزەیەكی تاڵ لەسەر ڕوخسارە بێ حاڵەكەی نیشت و گوتی: «ئەمڕۆ بڕوام گۆڕاوەو دەڵێم ئەوەندەی ئاكارو ڕەفتار گرنگن ڕوخساریش گرنگە. ئەو كەسەی كە ئاكارو ڕوخساری پێ لەیەك باشترە گەمژەیە.. گەمژەیەكیش فەرقی نییە كە كامەیانی پێ لە كامەیان باشترە.»
ڕۆیشت و ئیدی نەهاتەوە. دوای ئەوە چیرۆكەكانم بەناوی پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە بەشاردا بڵاوبۆوە كە هەرجارەو بەشێك لە لەشم داوەتە كەسێك، بەڵام من هیچم نایەتەوە یاد.
ڕۆژێك لەبەردەرگای قاوەخانەی مەیدان گوێم هەڵخستبوو بیستم كەمن ڕۆژێك بۆ تێركردنی سەگ و پشیلەكان، لە ناوەڕاستی مەیدان ڕووت بوومەتەوەو ڕێگام داوە كە گۆشتی لەشم پارچەپارچە لێبكەنەوەو بیخۆن تا زیندوو وەمێننن، دیسانیش هیچ وەبیرم نایەتەوەو ئەوەش خەڵكی شاری لەوپەڕی بەخشندەیی منی دەزانن كە دەبەخشم و وەبیرم نایەتەوە. ئێستاش هیچ شتێكم نییە جگە لەو ئێسقانانە نەبێ.
هێشتا هەر لە ناوەڕستی مەیدانم. بەپێوە، ماندوو و بێجووڵە. ڕەشاییەك لەلایەكەوە دێ و ڕووناكایی لەلایەكی دیكەوە دەكوژێتەوە. بەرەولای قاوەخانەی مەیدانی شار هەنگاو دەنێم. لە وێك كەوتنی ئێسقانەكانی لاقم بە سەر بەرچنەكانی شەقامەكە، وەكو دەنگی سمی ئەسپ دێتە بەرگوێ. دەوری تەواوی مێزەكان قەرەباڵغن و هەمووپێكەوە سەرگەرمی قسەكردنن. خواردنەوە دەخۆنەوە. پێدەكەنن. جگەرە دەكێشن. قسەدەكەن. گاڵتەوگەپ دەكەن. ئامادەبوان كە دەم بینن، بێدەنگی هێدی هێدی بە قاوەخانەكەدا بڵاو دەبێتەوەو ئێستا هەموویان تەماشام دەكەن. لەبەرخۆمەوە دەڵێم: «تۆ كە لەشار بەناوبانگ بووی، دەی بجووڵێ و داوای شتێك بكە.»
كڵاوە گەڕگەڕیەكەم لەسەر سەرم هەڵدەگرم. دەچمەلای مێزێك و لەپی دەستم بەسەر كاسەی سەرم دادێنم و دەڵێم: «سڵاو هاوڕێیان. ئێوە پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە دەناسن؟»
چاوەڕوانم كە هەموو بەیەك دەنگ بڵێن بەڵێ، چ چاوەڕوانییەكی بێهوودە كاتێك تەنیا نیگا ساردەكانیان لێدەبینم.
درێژەی پێدەدەم: «هەمووتان چیرۆكی پیاوە ئێسكەپەیكەرەكەتان بیستووە. دڵنیام. یا ڕەنگە بتانەوێ جارێكی دیكەش بۆتان باس بكەم.»
نیگاكانی مات و بێدەنگ، تەنیا شتێكن كە دەتوانم وەسفیان بكەم.
«دەی باشە. بۆتان باس دەكەم، یەكێ بوو یەكێ نەبوو. پیاوێك هەبوو كە هەمووشتێكی هەبوو، ژن، ژیان، بەژن و باڵایەكی باش، ڕوخسارێكی جوان. لەزەمانێكەوە دەستی پێكرد ئەوەی هەیبوو بەرەبەرە هەمووی دا بەخەڵكی تا ئەوەی ژنەكەی بەجێیهێشت. كارەكەشی هەر لەدەست دا. ئەو ئێستا هیچی نەماوە لەدەستی بدات. بەڵام دەزانم زۆر ڕۆژان پێویستی بە ئێمەومانان دەبێ. یارمەتی دەوێ. بەڵام هیچ ناڵێ. غرووریەكەی ڕێگەی نادا داوا لەكەس بكات. بەڕای ئێوە نابێ مرۆڤ بین و یارمەتی بدەین؟ ئەوەندە مرۆڤ و بەخشندەبوو كە ئەوەی بەخشیویەتی لەبیری نییە. بەڵام خۆ ئێوە لەبیرتانە. ناتانەوێ كارێك بكەن؟»
بێدەنگی هەروا باڵی بەسەر قاوەخانەكەدا كێشابوو. دەتگوت هیچ شتێك ناتوانێ ئەو بێدەنگیە بشكێنێ. بێدەنگیەك تۆزقاڵ تۆزقاڵ وجودمی وەكو خۆركە دەخوارد. بزەیەكم دێتێ و دەڵێم: «زۆرسوپاس كە گوێتان لەقسەكانم ڕاگرت.»
بەڵام نا، چوونە سەرمێزو ئەوقسانەم بێجگە لەخەیاڵاتم شتێكی تر نییە. من لەپشت پێشخانەی قاوەخانەكە وەستاوم و قاوەچی پەنجەكانی دەنووشتێنێتەوەو ئانیشك لەسەر مێزەكە دادەنێ و دەڵێ: «شتێكت دەویست؟»
تەماشای دەكەم. تاقە سكەی ناو پاڵتۆخۆڵەمێشیەكەم لەسەر پێشخانەكە دادەنێم و دەڵێم: «ساردیەك، زەحەمەت نەبێ.»
قاوەچی بزەیەكی دێتێ و دەڵێت: «لە كەیەوە ساردیت نەخواردۆتەوە بەدبەخت؟ بەوەندە پارەیە، ئاوی خواردنەوەشت نادەنێ.»
هەستدەكەم یەكێك لە پشتەوە پاڵتۆكەم ڕادەكێشێ. دەسوڕێمەوەو كیژۆڵەیەك دەبینم كە دەپاڕێتەوە: «كاكە، توخوا یارمەتیی…»
ڕوخسارە ئێسقانیەكانم دەبینێ، پاشماوەی قسەكەی قووتدەداتەوە. دەتگوت لە شوێنی خۆی وشك بووەو ناجوڵێ. سكەكە لەسەر پێشخانەكە هەڵدەگرمەوەو بۆلای كچەی ڕادەدێرم. دەترسێ لەوەی وەری بگرێ. سكەكەی لە ناودەستی داوێم. پەنجەكانی دەنووشتێنێتەوە. نازانم لەترسانە یان لە نیازیەتی.
لە قاوەخانەكە دێمەدەرو دیسان لە ناوەڕاستی مەیدانی شار ڕادەوەستم. دەنگی قرووسكە قرووسكی سەگ و میاوەمیاوی پشیلان دێ. تەنیا شتێك كە هەمبێ كڵاوێكی گەڕگەڕی و پاڵتۆیەك و چاوێك. پیاوێكی كوێر كە كاسەیەكی بەدەستەوەیە، لە دوورەوەدێت. لە حاڵێكدا كە دەستێكی لە بن هەنگڵی ناوەو سەری شۆڕكردۆتەوە، بە كۆمەكۆم دێت بەڵكو كەمتر سەرما كاری لێبكات. كە دەگاتە نزیكم دەڵێی هەستم پێدەكا. كاسەكەی بەرەولام ڕادەدێرێ. ددانەكانی لەسەرمان چۆقەچۆقیانە. پاڵتۆكەم لەبەرم دادەنێم و لەبەر ئەوی دەكەم.
نیگەرانە لەوەی كە كەسێك بم ئازاری بدەم. دوای ئەوەی كە گەرمایی پاڵتۆكە هەست پێدەكا، هێمنتر دەبێتەوە. بزەیەكی دێتێ. ئیدی هەمووشتێك لەلای من تەواو بووە. لەو خەڵكە بێزارو ماندوو بووم. تاقە چاوەكەم دەردێنم و بەكوێرە كوێرە لە ڕوخساری پیاوە كوێرەكە دەگەڕێم و چاوەكەم لە كاسەسەری چاوەكانی دادەنێم. ئێستا من تەنیا یەك چڵە ئێسقانم و كڵاوێكی گەڕگەڕیم لەسەرەو هیچی دی.
هێشتا هەر بای دێت و بەناو پەراسوەكانمدا ڕەتدەبێ و دەڕوات. دەنگی سەگ و پشیلان نزیكتر دەبنەوە. چەندە دەنگیان لەو بێدەنگیەی مەیدانی شار لەلای من دڵگیرترە. وا هەستدەكەم ئێستا سەگ و پشیلە مەیدانیان پڕ كردووەو هەر هەموویان تەماشام دەكەن. هەندێكیان دەقرووسكێنن، دەڵێی دڵیان بەحاڵم دەسووتێ. ڕەنگە بەپێچەوانەی خەڵكی، ئەوانە باشترم بناسن.
ئیدی وزەیەك لە لەشمدا نەماوەو ناشم هەوێ هەمبێ. هەستدەكەم سەگ و پشیلەكان دەورەیان داوم. بای ساردی پایزی ئەوجارە تووندتر لەپێشێ، دەڵێی سەرمای تەواوی بەردچنەكانی شاری یەكجێ كۆكردۆتەوەو دێت و لە ئێسقانەكانمی دەكوتێ. لە لەحزەیەكدا تەواوی ئێسقانەكانی لەشم هەڵدەوەرن و لە مەیدانی شاری بڵاو دەبنەوە. كاسەی سەرم بەردەبێتەوەو كڵاو گەڕگەڕیەكەم هەروا لەسەریەتی. خۆشحاڵم لەوەی كە بەمەرگم شتێك بە سەگ و پشیلەكان دەگات. ئێستا ڕوحێكم كە دەبینم و دەبیستم و ئیدی سەرما ئازارم نادات. هەست بە ئازادی دەكەم. هەست بە ڕەهایی. سەگ و پشیلەكان هەریەكەو پارچە ئێسقانێكم تاو دەداتێ بەڵام هیچیان نای لێسنەوە. ئێستا دەبوو ئێسقانەكانم بلێسنەوەو چێژی لێوەربگرن. بەڵام ئەو كارەی ناكەن.
دەنگی وردبوونی ئێسقانەكانم، ئەو كەسانەی كە لە قاوەخانەكەن دێنێتە دەرێ. تەماشای جووڵەی سەگ و پشیلەكان دەكەن. یەكێكیان دەڵێت: «ئێمە لەوانە كەمتر نین. وەرن با بۆ كابرای ئێسكە پەیكەرەكە كارێك بكەین.»
ئێسقانەكانم لەسەر یەك دادەنێنەوەو دووبارە نمای پەیكەرەكەم نەك وەكو پێشێ، بەڵام لەشێوەی ئەو هەڵدەچننەوە.
یەكێك دەڵێت: «ئاوا باش نییە. دەبێ كەمێك ڕنگ و ڕووی بدەینێ.»
بەهەویر بۆشایی ناو ئێسقانەكانم پڕ دەكەنەوە. ئەوەندەی پڕدەكەن كە شێوەی پیاوێكی ورگنم لێدێ. هەر كەسەو جلكێك دادەنێ. یەكێك كراس. یەكێك كۆت. یەكێك پاڵتۆ. یەكێك بۆینباخ.
ئێستا پەیكەرەم جلكێكی تەواو و جوانی لەبەردایە.
یەكێك دەڵێت: «وەرن با ناوی مەیدانەكە بنێین مەیدانی پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە. چۆنە؟»
هەموو دەیكەنە هەرا.
قاوەچی دەڵێت: «بەیادی پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە هەمووتان ساردی بخۆنەوە میوانی منن.»
دیسان هەموو دەیكەنەوە بە هەراو دەچنەوە قاوەخانەكە.
بەیانی ڕۆژی مردنمە. خەڵكی پەیكەرەكەم لە ناوەڕاستی مەیدانی شار دەبینن لەگەڵ تابلۆی مەیدانی پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە. هەموو دەڵێن: «چ پەیكەرێكی جوانە.» هەندێك لە منداڵەكان لە گەورەكان دەپرسن: «ناوی مەیدانەكە پیاوە ئێسكە پەیكەرە، بەڵام بۆچی پەیكەرەكە ئەوەندە بەخۆوەیە!» كەس وەڵام ناداتەوە. نازانم، ڕەنگە كەسیش لەبیری نەبێ كە پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە كێ بووە.
گەنجێك كە جانتایەكی بەشانیەوە بوو كامێرایەكیشی بە ملیدا هەڵواسیوە لە مەیدانەكە نزیك دەبێتەوە. تەماشایەكی پەیكەرەكەی ناوەڕاستی مەیدانەكە دەكاو چاوێكیش لەخەڵكەكە. دەچێتەلای پیاوێك كە چاوێكی كوێرەو پاڵتۆیەكی لەبەردایە. دەڵێت: «كاكە ببوورە، من توێژەرم. دەمەوێ دەربارەی پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە زانیاری كۆبكەمەوە.»
كابرا بۆڵەبۆڵێك دەكاو دەڵێت: «دەربارەی پیاوە ئێسكە پەیكەرەكە؟»
«بەڵێ. تۆ پیاوە ئێسكە پەیكەرەكەت دەناسی؟»
كابرا دەستێكی لەسەر چاوی دادەنێ و پاشان یەخەی پاڵتۆكەی هەڵدەداتەوەو دەڵێ: « بەڵێ دەمناسی. زۆر باشیش. هەموو دەمانناسی. مرۆڤێكی گەورەبوو. من ساڵانێك كوێربووم. ساڵانێك سواڵم دەكرد…» دەست پێدەكات بۆ ئەو كابرایەی كە خۆی بەتوێژەر ناساندووە، چەندین كاتژمێر باسی من دەكات. بەڵام من كابرای پاڵتۆ لەبەری یەك چاوم نایەتەوە یاد.
سەرچاوە: كۆمەڵە چیرۆكی «اواز گوسفندها)