کۆمیسیۆن: سبەی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دادەخرێت

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن و سبەی پێنجشەممە، وادەی کۆتاییە بۆ خۆ کاندیدکردن بۆ ئەو هەڵبژاردنە.

ڕۆژی چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند: سبەی پێنجشەممە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەوامی فەرمی، دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دادەخرێت.

گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد: هەموو لایەنە یاسایی، کارگێڕی، دارایی و هونەرییەکان لەبارن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و جەختی کردەوە، کە لایەنی هونەری پەیوەندی بە لایەنی سیاسیی نییە و ئەوان پابەندی جێبەجێ کردنی یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەرین.

هاوکات لە هەموو بنکەکانی تۆماری بایۆمەتریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پێدانەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدان بە هاووڵاتییان بەردەوامە و بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار دەنگدەر، کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە (8 تاوەکوو 13ی حوزەیرانی 2024)، دەرگای تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانیی، پارتە سیاسییەکان، کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی لایەنەکان کردووەتەوە و داوای کردووە، هەر لایەن و کەسێک خواستی بەشداری لە هەڵبژاردنی 2024 پەرلەمانی کوردستان هەبێت دەتوانێت لەو ماوەیە سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بکەن لە پارێزگاکان بۆ خۆ تۆمارکردن.

پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 5ـی ئەیلوولی 2024ـی پێشنیازکرد و بە نووسراوێکی فەرمیش پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.

ھەواڵی زیاتر