هاووڵاتییەکی کەربەلا: تا ڕۆژێک کارم دەست دەکەوێت 10 ڕۆژ بێکار دەبم

ڕێژەی هەژاری لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق بەردەوام تا دێ و زیاتر دەبێت. پارێزگای کەربەلا یەکێکە لەو پارێزگایانەی سەرباری دەوڵەمەندییەکەی، ژمارەیەکی زۆر هەژاری تێدایە.

حەیدەر فەتلاوی، تەمەنی 60 ساڵە ناچارە بۆ دابینکردنی پێداویستی منداڵەکانی، پاڵە بە عەرەبانەیەکی تەختەوە بنێت و کاربکات، دوای ئەوەی نەیتوانی ببێتە خاوەنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی. ئەو نموونەیەکە بۆ سەدان کەسی هاوشێوە لە پارێزگای کەربەلا، پارێزگایەک کە دەیان سامانی سروشتی و مرۆیی تێدایە و زۆر دەوڵەمەندە.

ئەو کرێکارە 60 ساڵە دەڵێت، “من 10 منداڵم هەیە و منداڵەکانم لە قوتابخانەن. بێگومان پێداویستییان هەیە و داوای شیرینی و خواردن و شتی دیکە دەکەن. کرێچیم و بەم عەرەبانەیە کار دەکەم. تا ڕۆژێک کارم دەست دەکەوێت 10 ڕۆژ بێکار دەبم. تەنانەت مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیشم نییە. ڕۆژی وا هەیە 10 هەزارم دەست دەکەوێت کە بەشی هیچ ناکات.  250 هەزار کرێی خانوو دەدەم ئەوە جگە لە کرێی مۆلیدە و پێداویستیی نەخۆشخانە”.

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق پێشتر ئاشکرای کردبوو، 35 هەزار خێزان چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، هەروەها باسی لەوەش کردبوو 10 ملیۆن کەس لە سەرانسەری عێراقدا چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەی خستبووە ڕوو، “کەربەلا یەکێکە لەو پارێزگایانەی زۆر بایەخی پێ دەدەین بەتایبەتی لە بواری چاودێریی کۆمەڵایەتیدا. لەم پارێزگایە 35 هەزار خێزان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان بۆ بڕاوەتەوە. دەمانەوێت ژمارەکە بۆ 39 هەزار بەرزبکەینەوە. پێنج هەزار خێزانی دیکە چاوەڕوانن بودجەمان بۆ تەرخان بکرێت و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان بۆ ببڕینەوە”.

رێژەی هەژاریی لە عێراق بەردەوام لە زیادبووندایە، قورسای ئەم زیادبوونەش دەکەوێتە ئەستۆی چاودێریی کۆمەڵایەتی. چاودێرانیش داوا دەکەن حکوومەت پاڵپشتیی زیاتری چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکات، بەتایبەتی ئەو چینانەی هەژارن و داهاتیان کەمە.

ھەواڵی زیاتر