هاتوچۆی هەولێر: ئەوانەی گێچەڵ بە شۆفێرانی ئافرەت دەکەن سزا دەدرێن

سەرچاوەیەک لە هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، یاسا جیاوازی نەکردووە لە نێوان ئافرەت و پیاو، بەڵام ئەگەر گێچەڵ بە شۆفێری ئافرەت بکرێت، ئەوە بەپێی یاساکانی هاتوچۆ سەرپێچیکار سزا دەدرێت.

چوارشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەک لە هاتوچۆی هەولێر ڕاگەیاند، لە شاری هەولێر ئۆتۆمبێل یەکجار زۆر بووە ڕێژەی شۆفێرانیش لە ئافرەت و پیاوان خەریکە یەکسان دەبێت.

سەبارەت بەو شۆفێرە ئافرەتانەی لەلایەن شۆفێرانی  پیاوەوە گێچەڵیان پێ دەکرێت، سەرچاوەکە دەڵێت، “دەتوانن سکاڵا بنووسن و لەو شوێنەی گێچەڵیان پێ کراوە، ئاماژە بە جۆری ئۆتۆمبێلەکە و شوێنەکە ئاماژە بدات، ئێمە لای خۆمانەوە لە ڕێگەی کامێراکانی سەرشەقامەوە، سەرپێچیکار دەسگیر دەکەین و سزای یاسایی و هاتوچۆشی بەسەردا دەسەپێندرێت.

ئەو سەرچاوەیە گەتیشی، “سزا یاساییەکە، ئەوە لەلایەن دادوەرەوە سزا دەدرێت بە پێی جۆری سکاڵاکە، بەڵام سەرپێچیکردن و لەسەر شەقامەکان و دروستکردنی ڕووداو و کارەسات ئەوە دەست دەگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلی شۆفێرەکە و لەگەڵ سزای پێبژاردندا”.

هەڵوێست میرانی، پارێزەر دەڵێت، “بابەتی گێچەڵکردن، لەوانە (شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل) ڕەفتارێکی ناپەسەندە و ڕێگە پێدراو نییە، ئەگەر هاتوو ئەو ڕەفتارە ببێتە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلی بەرامبەر زیانی پێ بگات ئەوکات وەک سەرپێچی لەقەڵەم دەدرێ، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی یاسای هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ژمارە 86ـی ساڵی 2004 ی هەموار کراو”.

دەشڵێت: “بە پێی یاسا ڕەفتار ئەوکاتە دەچێتە چوارچێوەی تاوان ئەوا ئەنجامی لێ بکەوێتەوە و شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل ببتە هۆی ڕووداو و بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت  و  ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بکەری ئەو ڕەفتارە دەگیرێتەبەر”.

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستە ڕوو، “یاسا جیاوازی نەکردووە لە نێوان ئافرەت و پیاو، چونکە بنەما یاساییەکان بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا دادەنرێن”.

هەڵوێست میرانی گوتیشی، “ئەگەر هاتوو شوفێرەکە ئافرەت بوو و لەپاڵ شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بە ئامانجی بێزارکردنی و دواتر گێچەڵ کردن پێی ئەو شوفێرە مافی ئەوەی هەیە سکاڵا تۆمار بکات چونکە لەو حاڵەتەدا تاوانی بەرامبەر کراوە”.

ھەواڵی زیاتر