دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

قه‌زای بازیان بارانی زۆر و گه‌نمی (که‌م بڕشت)

یاسین ئه‌حمه‌د خدر

به جیاواز له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و عێراق، ئه‌مساڵ گه‌نم له‌ قه‌زای بازیان (بڕشتی نییه‌)، واتا به‌رهه‌می که‌مه‌ و که‌م ئه‌بڕێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی پێشبینییه‌کان ئه‌مساڵ له‌ عێراقدا به‌رهه‌می گه‌نم ده‌گاته‌ حه‌وت ملیۆن ته‌ن که‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌، ئه‌م بڕه‌ش به‌ وته‌ی شاره‌زایان پێویستی ناوخۆ مسۆگه‌ر ده‌کات و ده‌توانرێت زیاده‌که‌شی بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

قه‌زای بازیان ڕووبه‌رێکی فراوانی زه‌وی کشتوکاڵی هه‌یه‌ که‌ له‌ ده‌شتی بازیاندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، پێشتر ڕووبه‌ری زه‌وی که‌ بۆ کشتوکاڵ به‌کارده‌هات بریتی بوو له‌ (57598دۆنم)، به‌ڵام به‌هۆی هۆکاره‌ سرووشتی و مرۆییه‌کانه‌وه‌ ئه‌م ڕووبه‌ره‌ له‌ ئێستادا که‌می کردووه‌ بۆ نزیکه‌ی (47000دۆنم)، واتا زیاد له‌ ده‌ هه‌زار دۆنم زه‌وی کشتوکاڵی که‌می کردووه‌ که‌ به‌شی زۆری کراوه‌ به‌ کارگه‌ و پرۆژه‌ی پیشه‌سازی.
ساڵانه‌ به‌شی زۆری ڕووبه‌ری زه‌وی کشتوکاڵی له‌ قه‌زای بازیان به‌ دانه‌وێڵه‌ ده‌چێنرێت به‌ تایبه‌تی گه‌نم، به‌ وته‌ی زانیار تۆفیق، لێپرسراوی کشتوکاڵی بازیان، ئه‌مساڵ (37273دۆنم) زه‌وی له‌ قه‌زای بازیان به‌ دانه‌وێڵه‌ چێندراوه‌، به‌شی زۆری گه‌نم بووه‌ و ته‌نها نزیکه‌ی (200دۆنم) زه‌وی به‌ جۆ چێندراوه‌، ئه‌م ڕووبه‌ره‌ش له‌ زۆربه‌ی ساڵانی پێشتر زیاتر بووه‌، بۆ نموونه‌ ڕووبه‌ری چێندراو به‌ گه‌نم له‌ ساڵی (2019) ته‌نها (28000دۆنم) بووه‌ و له‌ ساڵی (2020) بووه‌ به‌ (32000دۆنم) و له‌ ساڵی (2021) بووه‌ به‌ (30000دۆنم)،
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕووبه‌ره‌ زۆره‌ی چێندراو به‌ گه‌نم، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند هۆکارێکه‌وه‌ به‌رهه‌می گه‌نم له‌مساڵدا له‌ قه‌زای بازیان باش نه‌بووه‌ و که‌م بووه‌، به‌ زمانی کورده‌واری (بڕشتی نه‌بوو)، ئه‌گه‌ر ساڵێك گه‌نم له‌ بازیان بڕشتی هه‌بێت ئه‌وا (یه‌ك و بیست زیاتر ده‌بڕێت) واتا له‌هه‌ر کیلۆیه‌ك گه‌نم که‌ ده‌چێنرێت ئه‌وا بیست کیلۆ گه‌نم به‌رهه‌می ده‌بێت، به‌ڵام به‌ وته‌ی جووتیاران ئه‌مساڵ له‌ بازیان له‌ باشترین حاڵه‌تدا ته‌نها (یه‌ك و شه‌ش بۆ یه‌ك و نۆ ئه‌بڕێت) واتا له‌ کیلۆیه‌ك گه‌نمی چێندراو به‌رهه‌مه‌که‌ی شه‌ش کیلۆ بۆ نۆ کیلۆ گه‌نم ده‌بێت، بارانی زۆر له‌مساڵدا له‌ بازیان هۆکاری سه‌ره‌کی که‌مبوونی به‌رهه‌می گه‌نم بووه‌، چوونکه‌ گه‌نم له‌ بازیان به‌ باران ئاودێری ده‌کرێت و سرووشتی ناوچه‌که‌ش به‌ شێوه‌یه‌که‌ که‌ گه‌نم پێویستی به‌ ئاوی زۆر نییه، ئه‌گه‌ر ساڵێك باران زۆر ببارێت به‌ تایبه‌ت له‌ مانگی پێنجدا ئه‌وا گه‌نم ژه‌نگ ده‌کات و قه‌ده‌که‌ی له‌ ژێره‌وه‌ ده‌ڕزێ و به‌رهه‌می باش نابێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بارانی مامناوه‌ند گه‌نمی ئه‌و ساڵه‌ به‌بڕشت ده‌کات، هه‌روه‌ها هه‌ور و شێی زۆر زیان له‌ گه‌نم ده‌دات و وه‌ك ده‌ڵێن (هه‌ور بردویه‌تی)، به‌وته‌ی حه‌سه‌ن مه‌مه‌ند له‌ کشتوکاڵی بازیان: بارانی زۆر سوودی بۆ به‌رهه‌می جۆ هه‌یه‌ له‌ بازیان و ئه‌و ڕووبه‌ره‌‌ که‌مه‌ی که‌ چێندراوه‌ به‌ جۆ به‌رهه‌مێکی باشی هه‌یه‌ و (یه‌ك و هه‌ژده‌ ده‌بڕێت) واتا له‌ کیلۆیه‌ك جۆی چێندراو به‌رهه‌مه‌که‌ی هه‌ژده‌ کیلۆ ده‌بێت.
کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی جووتیارانی قه‌زای بازیان، ساخکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌یانه‌، ئه‌مساڵ له‌ بازاڕی ڕه‌شدا کیلۆیه‌ك گه‌نم ته‌نها (350) بۆ (500) دینار ده‌کات، واتا ئه‌گه‌ر گه‌نمه‌که‌ زۆر باش بێت (500) دینار ده‌کات، به‌شی زۆری گه‌نمی بازیانیش ته‌نها (400) دینار ده‌کات، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی نائومێدی جووتیاران و ده‌ڵێن پاش ماندووبوون و خه‌رجییه‌کی زۆر8 نه‌ك هیچ قازانجێك ناکه‌ین به‌ڵکوو به‌شی زۆرمان زیان ده‌که‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌نم له‌ تۆۆکردنییه‌وه‌ که‌ خۆیان بنه‌تۆو ده‌کڕن چه‌ندین خه‌رجی دیکه‌ی ده‌وێت وه‌ك: ده‌رمان ڕشتن بۆ گه‌شه‌کردن و دژی مێرووه‌ زیانبه‌خشه‌کان و بژارکردنی، هه‌روه‌ها کرێی ده‌ڕاسه‌ که‌ ئه‌مساڵ بۆ کاتژمێرێك کارکردن له‌نێوان (55000 – 60000) دیناردایه‌، جگه‌ له‌ کرێی گواستنه‌وه‌ و خه‌رجی دیکه‌.
به‌شی زۆری جووتیارانی قه‌زای بازیان هیچ سوودێکیان له‌ بڕیاری حکوومه‌تی عێراق وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆ کڕینه‌وه‌ی گه‌نمه‌کانیان، چوونکه‌ بڕێکی که‌میان لێ وه‌رده‌گرن، بۆ نموونه‌ جووتیار هه‌یه‌ له‌ (300دۆنم) زه‌وی که‌ کردویه‌تی به‌ گه‌نم ته‌نها به‌رهه‌می (50دۆنم)ی لێوه‌رده‌گیرێت، یاخود له‌ (20دۆنم) ته‌نها به‌رهه‌می (10دۆنم)ی لێوه‌رده‌گیرێت، هه‌روه‌ها له‌ دۆنمێك زه‌وی بڕی (236کیلۆ) گه‌نم وه‌رده‌گرێت، به‌ وته‌ی زانیار تۆفیق، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌ حکوومه‌تی عێراقه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و بڕه‌ دیاری ده‌که‌ن که‌ له‌ جووتیارانی وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌ باشووری عێراق بڕ دیاری نه‌کراوه‌ و جووتیار هه‌رچه‌ند گه‌نمی هه‌بێت حکوومه‌ت لێی ده‌کڕێته‌وه‌ به‌ (850دینار)، هه‌ربۆیه‌ بازرگانی عه‌ره‌ب دێن له‌ فرۆشگاکانی بازیان گه‌نم به‌ نرخی (650دینار) ده‌کڕنه‌وه‌ و ده‌یبه‌ن بۆ باشوور و به‌ حکوومه‌تی ده‌فرۆشنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش غه‌درێکی تره‌ که‌ له‌ جووتیاری کورد ده‌کرێت.
هه‌روه‌ها نه‌بوونی سایلۆ کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی جووتیارانی قه‌زای بازیانه‌‌، چوونکه‌ ده‌بێت گه‌نمه‌که‌یان به‌رن بۆ سایلۆی پیره‌مه‌گرون که‌ له‌ (6/7)وه‌ لێیان وه‌رده‌گیرێت و تا ئه‌وکاته‌ش خه‌می ئه‌وایانه‌ که‌ گه‌نمه‌که‌یان له‌ کوێ هه‌ڵبگرن و له‌ خراپبون و پیسبوون بیپارێزن، یاخود کرێیه‌کی زۆری لێبده‌ن بۆ هه‌ڵگرتنی له‌ کۆگه‌دا.