پارێزگاری هەولێر، سەردانی ڕۆماننووس و چیرۆک نووس و فەرهەنگ نووسی دیاری کورد (عەزیز مەلای ڕەش)ی کرد

ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە 2024.6.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و عەبدولڕەحمان فەرهادی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد، لە ماڵەکەى خۆى سەردانی ڕۆماننووس و چیرۆک نووس و فەرهەنگ نووسی دیاری کورد (عەزیز مەلای ڕەش)ی کرد.

لە سەردانەکەیاندا، لە ڕەوشی تەندروستی نووسەرى پرسی و هیوای تەمەن درێژی و لەش ساغی بۆ خواست و ئاماژەی بەوەدا کە بەڕێزیان یەکێکە لە جوانییەکانی هەولێر و مایەی شانازیی میللەتەکەمانە، هەروەها ئەو خزمەتە زۆرەی کە لەناوەندی ئەدەب و فەرهەنگ و ڕۆشنبیرى کوردى پێشکەشی کردووە بەرز نرخاند.

جێگەی باسە، عەزیزی مەلای ڕەش کە ئێستا لە تەمەنی 88 ساڵیدایە، یەکێکە لە ڕۆماننووس و چیرۆک نووس و فەرهەنگ نووسە دیارەکانی کورد، لە ساڵی 1979 یەکەم بەرهەمی خۆی بەناوی (پشیلۆکه)، کە کۆمەڵە شیعرێکی منداڵان بووه بڵاوکردووه‌تەوە، لە دوای ئەوە کۆمەڵێک ڕۆمانی نووسیووە و بڵاوی کردوونەتەوە، لەوانە (کوێخا سێوێ، خاک و چەوسانەوە، غەواره، خاک و کێشەی مان، پل، ژیانی پێغەمبەر، هەروەها کۆمەڵێ چیرۆکی تايبەت بۆ منداڵان وەک (بۆرە و گورگ و بزن، تۆبەی گورگ مەرگە، گورز گورزانێ) نووسیوە، لەژیانی خۆیدا خاوەن 26 کتێبی چاپکراوە و له نووسينی ڕۆمانەکانیدا زیاتر وشەى کۆن و فۆلکلۆرییەکانی ناوچەی دەشتی هەولێر بە کاردەهێنێ و لەنووسیندا ستایلێکی تایبەت بەخۆی هەیە و چێژێکی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێت.

ھەواڵی زیاتر