پێشکەشکارێک بەهۆی گاڵتەکردن بە بارمتەیەکی ئازادکراوی ئیسرائیلی، لە کارەکەی دوور خرایەوە

پێشکەشکارێکی یەکێک لە کەناڵە ئیسرائیلییەکان، بەهۆی گاڵتەکردن بە یەکێک لە چوار بارمتە ئازادکراوەکانی دەستی حەماس، لە کارەکەی دوور خرایەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، لاما تاتوور، ئەکتەر و پێشکەشکاری عەرەبی بەشی عەرەبیی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، بەهۆی گاڵتەکردن و بڵاوکردنەوەی چەند قسەیەکی “نەشیاو” لەبارەی نوعا ئەرغەمانی، یەکێک لە چوار بارمتە ئازادکراوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی دەستی حەماس؛ لە کارەکەی دوور خرایەوە.

ئەو پێشکەشکارە لە ستۆری هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەی بارمتە ئازادکراوەکەی بڵاو کردبووەوە و لەسەری نووسیبووی: “ژنێکی ڕفێنراو بۆ ماوەی نۆ مانگ بەم شێوەیە دەردەکەوێت؟ برۆکانی لە برۆکانم ڕێکوپێکترن؟ قژی، ڕووخسارەکەی، نینۆکەکانی؟؟؟؟ هەموو شتەکانی دیکەی؟؟”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، “بە هۆی ئەمەوە دەبێ منداڵ، ژن و خەڵکی بێتاوان بمرن و پارچە پارچە بکرێن” وەک ئاماژەیەک بۆ بۆردوومانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی نووسێرات کە بەهۆیەوە زیاتر لە 200 هاووڵاتیی سڤیل کوژران و زیاتر لە 400 دیکە بریندار بوون.

لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو پێشکەشکارە عەرەبە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی توندی هاووڵاتییانی ئیسرائیل بووەوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی کەناڵ 12 پێشکەشکارەکەی دوورخستەوە و ڕایگەیاند، “ئێمە بە توندی قسەکانی لاما تاتوور لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرکۆنە دەکەین.”

لاما تاتوور، پێشکەشاری بەرنامەی “تێڕوانین”ـی بەشی عەرەبی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بوو کە هەموو ڕۆژانی شەممە لەگەڵ پێشکەشکار ئیلیاس عەبوود پێشکەشی دەکرد.

ڕۆژی شەممە، 08-06-2024، سوپای ئیسرائیل ڕزگارکردنی چوار بارمتەی بە زیندوویی لە کەمپی ئاوارەکانی نووسێرات، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا، لە ناوەندی کەرتی غەززە ڕاگەیاند. بارمتە ڕزگارکراوەکان لە (نوعا ئەرغامانن 25 ساڵ، ئەلمۆگ میر جانی 21 ساڵ، ئەندرییە کۆزلۆڤ 27 ساڵ و شلۆمی زیڤ تەمەن 40 ساڵ) پێک هاتبوون. 

وەک سوپای ئیسرائیل ئاماژەی پێ داوە، ئەو چوار ڕفێندراوانە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، لەلایەن حەماسەوە لەمیانەی فێستیڤاڵی میوزیک نۆڤا ڕفێندرابوون.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

ھەواڵی زیاتر