دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دەنگۆی رادەستكردنەوەی گولەن بە توركیا تا دێت بەهێز دەبێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەنگۆی رادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەن، سەرۆكی بزوتنەوەی خزمەت بە توركیا، لەناو میدیاكانی توركیا بەهێزە، بەڵام جارێ ئەوە روون نەبووەتەوە، حكوومەتی توركیا گولەنی دەوێتەوە یان نا؟ چوونكە باری تەندروستیی گولەن بەجۆرێك خراپە، چاوەڕێ ناكرێت رادەستكردنەوەی لەڕووی مرۆییەوە قبوڵكراو بێت، بەهۆی ئەوەی ئەستەمە بەرگەی زیندان بكرێت.

لەدوای هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمووز ٢٠١٥ لە توركیا، كە حكوومەتی رجەب تەییب ئەردۆغان، لەسەر لێواری كەوتن بوو، گولەن بەوە تۆمەتبار كرا، كە كودەتایەكەی ئەنجامداوە، بۆیە ناوی چووە ناو لیستی تیرۆر و بەهەزاران ئەندامیان دەستگیر كرا و هەزارانیشیان بەناچاری توركیایان بەجێهێشت، كە لەناویاندا كەسایەتیی زۆر گرنگی سیاسی و وەرزشی تێدابوو، نموونە هاكان شوكوور، یاریزانی تۆپی پێی توركیا و خاوەنی بەپەلەترین گۆڵ لە مێژووی جامی جیهانیدا.
دوای ئەوەی توركیا، بە حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە كۆك بوون لەسەر ئەوەی گولەن هەوڵی كودەتایەكەی داوە، بۆیە بەفەرمی داوا لە ئەمریكا كرا، كە گولەن رادەستی توركیا بكاتەوە تا دادگایی بكەن، بەڵام ئەمریكا ئەو داوایەی توركیای رەتكردەوە.
ماوەی هەفتەیەكە، دەنگۆی رادەستكردنەوەی گولەن بە توركیا بەهێزە لەناو میدیاكانی توركیا و سیاسییەكانیش قسەی لەبارەوە دەكەن.
ئەحمەد شیك، پەرلەمانتاری پێشووی توركیا، هەروەها نووسەری كتێبێكی تایبەت لەسەر گولەن و چەندین لێكۆڵینەوەی تریشی لەسەر بزوتنەوەی خزمەت هەیە، كە لەسەر ئەو كتێب و لێكۆڵینەوانە پێشتر دەستگیر كرابوو، پێیوایە ئاكەپە، پێویستی بە چیرۆكێكە تا لەورێگەیەوە بتوانێت شكستی هەڵبژاردنی ٣١ی٣ی٢٠٢٤ لەبیر خەڵك بباتەوە.
شیك، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”دەسەڵاتی ئێستای توركیا، گولەنی دەوێت و لە هەمان كاتدا ناشیەوێت. دەیەوێت چونكە مانگی تەمووز نزیك بووەتەوە و ساڵیادی هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمووزە، تا لەوڕێگەیەوە شكستی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بپۆشێت و لەبیر خەڵكی بباتەوە، واتە پێویستی بەو چیرۆكەیە. ناشیەوێت چوونكە، گولەنییەكان پێشتر، واتە بەر لە هەوڵی كودەتا، لە هەموو روویەكەوە لەگەڵ ئاكەپە بوونە و تەنانەت هەموو فێڵ و ئەو ساختەكارییانەی كراوە بەهاوكاری گولەنییەكان كراوە، بۆیە رەنگە ئەمە باش نەبێت بۆ ئاكەپە و دەرخستنی ئەو راستییانە.“
بەڵام بەبۆچوونی چەند شڕۆڤەكارێكی تر، گولەن باری تەندروستیی زۆر خراپە، تەنانەت ناتوانێت وەكوو پێویستیش قسە بكات و رادەستكردنەوەی هیچ سوودێكی بۆ توركیا نابێت، رەنگە زیانی زیاتر بێت، چوونكە دەبێت بخرێتە زیندانەوە و بە تیرۆریست ناسێنراوە، ئەمەش لەڕووی مافی مرۆڤەوە قبوڵكراو نابێت.
شیك، پێیوایە دەبێت زۆر لە نزیكەوە چاودێری ئەو پرسە بكەن، بزانن ئامانج لەوە چییە كە دەنگۆی رادەستكردنەوەی گولەن بڵاوبووەتەوە، ئایە هیچ رێككەوتنی ژێربەژێری ئەمریكا و توركیا لەوڕووەوە هەیە و ئەگەر هەیە ئامانجیان چییە؟
ئاكەپە، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، شكستی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان قەرەبوو بكاتەوە و ئاستی جەماوەرییان بەرز بكەنەوە، بۆیە بەڕادەستكردنەوەی گولەن، تا ئاستێك سەركەوتنی ئەردۆغان و پارتەكەی دەبێت لەڕووی سیاسەتی دەرەوەدا، هەروەها ئەوانەی گولەنیان پێ تیرۆریستە و پێیانوایە دەستی هەبووە لە كووشتنی دەیان هاووڵاتی توركیا، روو لە ئاكەپە دەكەن و پشتگیری ئەو هەنگاوەیان لێ دەكەن، ئەمەش كاریگەریی لەسەر سندووقی دەنگدان دەبێت.
فەتحوڵا گولەن، تەنیا پیاوێكی ئایینی نییە لە توركیا، ئەو دەستی هەبووە لە دانانی چەندین سەرۆك وەزیرانی توركیا.
سەرۆك وەزیرەكانی پێشووتری توركیا، بەئاشكرا گوتویانە، لە دوای ١٩٩٠ەوە هیچ هەنگاوێكی ستراتیژی ناهاوێن بەبێ گولەنییەكان.
بزوتنەوەی خزمەت، كە گولەن سەرۆكی ئەو بزوتنەوەیەیە، دەستیان لەناو هەموو دام و دەزگایەكی توركیادا هەبووە، لە كەرتی سەربازی و پەروەردە و وەزارەتی دەرەوە و دادوەریدا، بۆیە حكوومەتێكی سێبەر بوو لەناو حكوومەتی شەرعی توركیادا.
ئەردۆغان، چەندین جار دانی بەوەدا ناوە، كە گولەنییەكان لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٢دا پشتگیرییان لە ئاكەپە كردووە، واتە دەستێكی باڵایان هەبووە، لە هێنانە سەر دەسەڵاتی ئاكەپە و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان.
بەڵام دوای ئەوەی لە ٢٠١١، ناكۆكی نێوان گولەنییەكان و ئەردۆغان گەیشتە لووتكە، ئیدی هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمووزی لێكەوتەوە، كە حكوومەتی توركیا و ئۆپۆزسیۆن، گولەنیان بە هەوڵی ئەو كودەتایە تۆمەتبار كرد و وەكوو تیرۆریست ناوی چووە ناو لیستی تیرۆر لە پەرلەمانی توركیا.